Skip to the content

لە هەولێر ١٣٨ بیری نوێ کە ٧٠٪ـیان بیری جێگرەوەن، لێدەدرێن

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە کۆتاییەکانی مانگی نیسانی ئەمساڵ و بۆ پێشگرتن لە دروستبوونی قەیرانی کەمئاوی، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لێدانی ١٣٨ بیری نوێی دا و گوژمەیەکی سەروو ٧ ملیار دیناریشی بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکرد و ئێستاش دەست بە لێدانی بیرە نوێییەکان کراوە.

رێزان سەعدی، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی دەورووبەری هەولێر بە فەرمانگەی میدیاو زانیاری راگەیاند، نزیکەی ١٧ بیرمان لێداوە، ١٧ بیرەکە کە تەواو دەبن بە تۆڕی ناو گوندەکانیان دەبەستینەوە، ئەو گوندانەی بیرەکانیشمان بۆ لێداون، بەڕاستی کێشەیان هەبووە، بیریان هەبووە و وشک بووە و هەستاین بیری جێگرەوەمان بۆیان لێداوە، ئێستا لەو ١٧ بیرەی کە لێمانداون، تا رادەکی زۆر توانیومانە کێشەکان کۆنتڕۆڵ بکەین و پێویستیان بە تانکەر نییە.

پرۆسەی لێدانی بیرە نوێییەکان لە پارێزگای هەولێر بەردەوامە، تاوەکو ئێستاش نزیکەی ٤٠ بیری نوێ لێدراون. ٧٠٪‏ـی ئەو بیرە نوێیانەش بیری جێگرەوەن و لە تەنیشت ئەو بیرانە لێدەدرێن کە وشک بوون.

زەردەشت سەرسام، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر رایگەیاند،“ئەو رەزامەندییەی جەنابی سەرۆکی حکومەت کە داویەتی، بە سوپاسەوە ئەو ١٠٤ بیرە (لە سەنتەری هەولێر دەبن) ئێستا وا دەستکراوە و بیرەکان لێدەدرێن ئێمە رۆژانە جێگرەوەمان دابینکردووە و جێگرەوە هەیە، ئەو بیرانەی کە وشکیان کردووە لەو شوێنانە رەبتی بیرەکانی دیکەمان کردووە وەکو چارەسەر، گەڕەکەکانمان تێکەڵی یەکتر کردووە، پێش ئەو ماوەیە ٣٥٠ مەترمان لێدەدا بەڵام ئەو بیرە ئێستا ٤٥٠ مەتر لێدەدەین لەبەر ئەوەی ئاو لە دابەزیندایە”
زەردەشت سەرسام راشیگەیاند,کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بەرەنگاربوونەوەی کەمیی ئاو و پاراستنی ئاوی ژێرزەوی بە تایبەتی لەو ناوچانەی مەترسییان لەسەرە، بە دروستکردنی پۆند و بەنداو هەوڵ دەدات ئاوی ژێر زەوی بپارێزێت و لێدانی بیرە نوێییەکانیش پلانێکی دیکەیە بۆ ئەوەی ئاوی پێویست بە هاووڵاتییان بگات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٢