لە پارێزگای هەولێر 138 بیری نوێی ئاو لێدەدەرێن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- کەمیی رێژەی بارانبارین کاریگەری نەرێنی زۆری لەسەر ژینگە و هاووڵاتییان دروست کردووە، کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی یەکێکە لە مەترسییەکان، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان هۆکارەکانی کەم ئاوی دەخاتەڕوو.
لەو بارەیەوە ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاند،" کێشەی کەمئاوی بەتایبەت لە وەرزی هاویندا ڕوودەدات. لەو وەرزە چەند هۆکارێک هەن، یەکێک لەوانە زیادبوونی خواستە لەسەر ئاو، بابەتێکی دیکەش خواست لەسەر کارەبا زیاد دەبێت و ڕێژەی پێدانی کارەبا کەمدەبێتەوە لە شارەکان ئەوەش، وا دەکات بەرھەمی ئاومان کەم ببێتەوە لە هاویندا."
لە پارێزگای هەولێر کەمئاوی زیاتر لە هەر ناوچەیەکی دیکە هەستی پێ دەکرێت و تەنیا لە ماوەی ئەمساڵیشدا لە تەواوی پارێزگاکە نزیکەی ٣٠٠ بیری ئاو وشکیان کردووە، بۆ ئەو مەبەستەش پارێزگای هەولێر پلانی تایبەتی داناوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی کەمئاوی.
هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر رایگەیاند:"ئێمە دوو پلانمان هەیە: پلانی هەنووکەیی، ئەوەیە کە دەستبەجێ پێویستە، پلانێکی درێژخایەنیشمان هەیە. پلانە هەنووکەییەکە ئەوەیە کە بەراستی بە لێدانی بیری زیاترە، بابەتی درێژخایەنیش بۆ چارەسەرکردنی کەمئاوی لە شاری هەولێر، ئەوە پرۆژەیەکی ستراتیژییە کە بەراستی پارەیەکی ستراتیژیشی دەوێ، کە کێشەیەکی ستراتیژییش چارەسەر دەکات. چارەسەر بۆ ئەوەی بەراستی لە ساڵانی داهاتووش تووشی کەمئاوی و قەیرانی ئاو نەبین"
بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی وشکەساڵی و کەمئاوی لە هەولێر، کابینەی نۆیەم زیاتر لە ٧ ملیار دیناری بۆ لێدانی 138 بیری ئاو تەرخانکردبوو، تاوەکو ئێستاش ٤٠ بیر لێدراون.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٢