Skip to the content

لە پایتەختى هەرێم دوو سه‌نته‌ر تایبه‌ت دەکرێت بە تووشبووانی كۆلێرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- سه‌باره‌ت به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی كۆلێرا له‌ پارێزگای هه‌ولێر و ئه‌و ڕێكار و  ئاماده‌كارییانه‌ی له‌م ڕووه‌وه‌ گیراونەتە بەر،‌ فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری گفتوگۆیه‌كی له‌گه‌ڵ "هێمن قادر" جێگرى پارێزگاى هەولێر ئه‌نجام كه‌ تیایدا باس له‌ چه‌ند بابه‌تێكی تایبه‌ت به‌ نه‌خۆشی كۆلێرا و دابینكردنی پێداویستییه‌ ته‌ندروستییه‌كان دەکات:

ـ هاووڵاتیانى پایتەخت دڵنیا دەکەنەوە لە پاکى ئاوى خواردنەوە؟

هێمن قادر: دوو سەرچاوەی پڕۆژەی  ئاومان هەیە لە پارێزگای هەولێر، سەرچاوەی یەکەم پڕۆژەی ئاوی ئیفراز (١-٢-٣)ـیه‌ لەسەر زێی گەورە کە‌ بۆ ناو شاری هەولێر دێت، ئەم پڕۆژەیەش لەڕێی ئەو فلتەر و ترومپایەى کە هەیەتى‌ چارەسەری بۆ کراوە، لەهەمان کاتیشدا لە ڕووی تەندروستییەوە کلۆر یان شەبی بۆ بە کار دێت بۆ پاککردنەوە و جیاکردنەوەی ئەو ئاوە و لەڕێی لیژنەی تایبەتیەوە و بە چەند جۆرێکیش بەردەوام بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر پشکنین بۆ ئاوەکە دەکات. سەرچاوەی دووەمی ئاوی هەولێر بیری قووڵە واتا (بیری ئیرتیوازی)، ئەم بیرەش دوو جۆری هەیە، جۆرێکیان دەچێتە ژێر زەوی لە حەوزی ئاوی ژێر زەوییەوە ئاو دەردەهێنێت و جارێکی تر دەگەڕێنرێتەوە بۆ نێو تۆڕەکانی ئاو و دابەش دەکرێت بەسەر هاووڵاتیان، جۆرى دووەمیش بیری ڕووکەشی پێ دەڵێن کە قەدەغە کراوە تەنیا لە دەوروبەرى شار نەبێت بۆ پرسى کشتوکاڵ بەکار دێت. ئاوی جۆرى دووەم بە هیچ شێوه‌یه‌ک ناشێت بۆ خواردنەوە و ئێمەش وەک حکومەت هیچ بیرێکمان لەم جۆرە نییە، بەڵام لە جۆرى یەکەم کلۆری تێدەکرێت و بەردەوام لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشییە گوازراوەکان و خۆپارێزی، پشکنینی بۆ دەکرێت و هەر دوو مانگ جارێک ڕاپۆرتمان لەو بارەوە بە دەست دەگات کە لە سێ پشکنین پێک دێت: یەکەمیان لە سەرچاوەی ئاوەکەوەیە واتە لە بیرەکەوەیە، دووەمیان لە ناوەڕاستی پڕۆژەکەوەیە و سێیەمیشیان لە دوورترین ماڵ دەکرێت تا بزانرێت ڕێژەی پاکوخاوێنی ئاوەکە بە هەمان شێوەی سەرەتای سەرچاوەی ئاوەکەیە یان نا، بۆ ئەوەى لە کوالێتی و تەندروستییەکەى دڵنیا بینەوە و ئەم پشکنینانە بەردەوام دەکرێن. بۆیە دەتوانم بڵێم ئاوی هەولێر تا ڕاددەیەکی زۆرباش پاکە و بۆ خواردنەوە دەشێت.

ـ وه‌كو پارێزگای هه‌ولێر چ ڕێكارێكتان گرتۆته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی نه‌خۆشی کۆلێرا‌ بڵاو نه‌بێته‌وه‌؟

هێمن قادر: لەکۆبوونەوەی چەند ڕۆژی ڕابردووی ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هەولێر لەسەر بابەتی پەتای کۆلێرا، چەند بڕیارێک دەرچوون، کە یەکێک لە بڕیارەکان ئەوەیە سەوزە لە شوێنە گشتییەکان قەدەغە بکرێت و نابێت لە چێشتخانەکان و شوێنە گشتییەکان پێشکەش هاووڵاتیان بکرێت، لە هەمان کاتیشدا لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆپارێزی و نەخۆشییە گوازراوەکان وەک پێویست ڕێنمایی بۆ هاووڵاتیان بڵاو دەکرێتەوە، بۆیە پێویستە هاووڵاتی لەوە ئاگادار بکرێتەوە کە خۆی بەدوور بگرێت لە خواردنی سەوزە چونکە ئەو سەوزەیە بە ئاو دەشورێتەوە و ئەگەر ئاوەکە هەڵگری ئەو ڤایرۆسە بێت ئەوا سەوزەکەش ئەو ڤایرۆسە هەڵدەگرێت، زانیارییەکی تریش هەیە بە پێی ئاماژەی پزیشکەکان شووشتنەوەی سەوزە بە خوێ هیچ ئەنجامی نییە و کاریگەریی لەسەر لابردن و کوشتنى بەکتریاکە نابێ، بۆیە ئێمە ئامۆژگاری هاووڵاتیان دەکەین لە ئێستادا سەوزە نەخۆن.

ـ ئایا چاودێریی ئه‌و شوێنانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سه‌وزه‌ی لێ ده‌چێنرێت؟

هێمن قادر : سەبارەت بەو شوێنانەی سەوزەی لێ دەچێندرێت و بۆ ناو شاری هەولێر دێت، بەشێکیان لەسەر ئاوەڕۆکان ئاوى سەوزەکانیان دەدەن، لە هەمان کاتدا بیری تایبەتیشیان هەیە، بەڵام سەرپێچی دەکەن، لە ئاوەڕۆکان بە ئامێرێک ئاو بەرەو کێڵگەکان دەبەن، بۆیە لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر لەگەڵ قایمقامیەتی ناوەند و پۆلیسی شارەوانی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەی هەولێر، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیردرێتە بەر کە لە ئاوەڕ و کەندەکانەوە ئاو بۆ کێڵگەکانیان دەبەن و لە هەمان کاتدا ئێمە وەک پارێزگای هەولێر ڕێنماییەکانمان بۆ هەموو قەزاو ناحیەکانی سنووری پارێزگای هەولێر ناردووە و داواشمان کردووە ژووری ئۆپه‌راسیۆن لەسەر ئاستی هەموو قەزاو ناحیەکان دروست بکرێ و هەموو فەرمانگەکانی تایبەتمەند بەشدار بن و کۆبوونەوە بکرێ بۆ ئەوەی ڕێگری لەو پەتایە بكرێت و تەشەنە نەکات.

ـ چ ئاماده‌كاریتان كردووه‌ له‌ ڕووى پزیشكییەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى پەتاى کۆلێرا؟

هێمن قادر: له‌ شاری هه‌ولێر دوو سەنتەری گەورە دەکرێنەوە کە یەکێکیان نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژهەڵاتە و ئەوەی تریش لە ڕۆژئاوای هەولێرە، ئەگەر هاتوو حاڵەتی نەخۆشییەکە زۆر بوو لەوێ پێشوازیان لێدەکرێت، هەروەها ئەو کەسانەی هەڵگری نیشانەکانی پەتای کۆلێران، لە هەمان کاتدا بۆ دەوروبەری هەولێریش لە بنکەکانی تەندروستی داوا کراوە بە پێی پێویست یارمەتیان دەدەین لە دابینکردنی پێداویستییەکان، بۆ نموونە (موغەزی)، چونکە نەخۆش لەو کاتەدا تووشی وشکی دەبێت بەهۆی (سکچوون و ڕشانەوە)، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر ڕاسپێردراوە ئەو پێداویستییانە ئامادە بکات و ئەگەر هەر کەموکوڕییەکی هەبێ داوا لە پارێزگا بکا بۆ ئەوەی بودجەیەکی تایبەتی بۆ دابین بکرێت لە هەموو بوارەکان وەک پێداویستی پزیشکی، بۆیە پێمان باشە لە هەموو قەزاو ناحیەکان و لە کۆمەڵگه‌کان نەخۆش لە شوێنی خۆی چارەسەر بکرێت و ئەوەی پێویستە لە ئاو و داودەرمانی تەواوی پێ بدرێت.

ـ ئاماری پشكنین و تووشبووانی كۆلێرا له‌ پارێزگای هه‌ولێر به‌ چ شێوه‌یه‌كه‌؟

هێمن قادر: نزیکەی ٥٠ حاڵەتی پشکنین تا ئێستا هەبووە، بەڵام ئەوانەی پشتڕاست کراونه‌تەوە کە تووشی کۆلێرا بوون تەنیا ٤ کەسن کە هەردوو نیشانەی سکچوون و ڕشانەوەیان بە یەکەوە هەبووە، ئێستا پشکنینەکان بەردەوامن لەوانەیە ئەو ڕێژەیە بەرز ببێتەوە یان هەروەک خۆی بمێنێتەوە، تا لە تاقیگە پشتڕاست نەکرێتەوە ناتوانین بڵێین ئەوە نه‌خۆشی کۆلێرایە، چونکە تێکەڵاوییەک هەیە لەنێو حاڵەتەکاندا هەندێک کات بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا یان تێکەڵاوی لەگەڵ کەسانی تر تووشی سکچوون یان ڕشانەوە دەبن مەرج نییە ئەوانە تووشبووی کۆلێرا بن.

 

 

 

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری

٢٢ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٢