Skip to the content

وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو: سێ جۆر گەنمى نوێ دابینکراوه‌، کە بەرگەى وشەکەساڵى و گەرما دەگرن

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێر، ساڵانە چەندین توێژینەوە ئەنجام دەدات لەسەر هەموو بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وەکو بەروبوومی ڕووەکی و سامانی ئاژەڵی و دارستان و پاوان، لەگەڵ پاراستنی ڕووەکی.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ عه‌بدولسه‌مه‌د محەمەد ساڵح، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەی کشتوکاڵی لە هەولێر ئەنجامداوە لەبارەی ئەو پڕۆژانەی ئەوان لەو بوارەدا کاری لەسەر دەکەن.

پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا بۆ زیادکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی چیە؟

- عه‌بدولسه‌مه‌د محەمەد ساڵح: هەر لەسەرەتای کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی جیاوازمان هەبووە لە چوارچێوەی دابینکردنی بەرهەمی ناوخۆ. لە بەشی بەروبوومی ڕووەکی چەند ساڵێکە خەریکی دروستکردنی تەرزی نوێین بە شێوەیەک بگونجێت لەگەڵ کەشوهەوای ناوچەکە و ئەو ئافاتە کشتوکاڵییەی ڕووبەڕووی بەروبوومی دانەوێڵە دەبێتەوە بەتایبەتی لەم دوو ساڵەی دواییدا کە تووشی وشکە ساڵی بووین. خۆشبەختانە سەرکەوتنی باشمان بەدەست هێناوە و لەکاتی وشکە ساڵیدا توانیمان ٣ جۆر گەنمی نوێ دابین بکەین. ئێستا لە قۆناغی زیاد کردنین و بۆ ساڵی داهاتووش دەکەوێتە دەستی جووتیارەکان و دەتوانن سوودی لێ وەربگرن، بەجۆرێک توانایەکی زۆر باشی هەیە و بەرگری زۆر باشی هەیە بۆ وشکە ساڵی و ئافاتە کشتوکاڵیەکان کە روبەڕووی بەروبوومی دانەویڵە دەبێتەوە، جگە لەوەش بەیارمەتی هەردوو ڕێکخراوی نێودەوڵەتی (سمید - ئیکاردا) ساڵانە داوای سێتاتی بەروبوومی دانەوێڵە دەکەین، خۆشبەختانە وەکو سەنتەرێکی باوەڕ پێکراو لە هەرێمی کوردستان، هەندێک جار لێرەوە دابەشی سەر پارێزگاکانی تری دەکەین بۆ ئەوەی دیسانەوە توێژینەوەی لەسەر بکەن.   ٢٠٠ جۆر گەنم یان زیاتر وەکو سەرەتا داوا دەکەین دوای ئەوە کاریان لەسەر دەکەین و هەڵبژاردنیان بۆ دەکەین لە تەرزەکان و کەمکردنەوەیان لەسەر ئاستی بڕی بەرهەم و توانای خۆ گونجاندنیان لەگەڵ وشکە ساڵی و کەم بارانی و ئافاتە کشتوکاڵیەکان و نەخۆشی وەک (ژەنگ - تووشبوون بە مێرووی زیانبەخش)، دوای ئەوە ئامادەی دەکەین بۆ تۆمارکردن و لەپاشان قۆناغی زیادکردن دەکەوێتە دەستی برا جووتیارەکان.

گۆڕانکاریەکانی سیستەمی نوێ بە بەراورد بە سیستەمی کۆن چین؟

- عه‌بدولسه‌مه‌د محەمەد ساڵح: دیارە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ بۆ زیادکردنی بڕی بەرهەم کارێکی زۆری دەوێت. ئێمە توانیومانە لە چەند بوارێکی دیکە ئەو دەرفەتە بقۆزینەوە و کاری تێدا بکەین، لەوانە پڕۆژەیەکی بچووکی چاندنی بێ خاکمان هەیە پێی دەگوترێت (هایدرۆپۆنیک)، پڕۆژەیەکی نموونەییە بۆ برا جووتیارەکان بۆ هاندانیان، تاوەکو بتوانن بێ بوونی خاکیش بەروبومەکانیان بچێنن و سوودی لێ وەربگرن. لایەنێکی دیکە باشی ئەوەیە چوار وەرزەی ساڵ دەتوانی کاری تێدابکەیت و بەشێوەیەکی داخراو و سیستەماتیک کارەکانیان ئەنجام بدەن، لەبارەی سامانی ئاژەڵیش پڕۆژەیەکی داخراوی ماسیمان هەیە بۆ مەبەستی توێژینەوە ئەنجام دەدرێت، تاکە پڕۆژەیە لە عێراق توێژینەوە لەسەر ئەو جۆرە ماسیانە دەکەین، کە توانای خۆژیانیان هەیە لە هەرێمی کوردستان، بۆئەوەی توێژینەوە لەسەر هەموو ئەو کێشانە بکەین کە ڕووبەڕووی سامانی ماسی دەبێتەوە و بیانخەینە بەردەستی برا جووتیارەکان. جگە لەوەش پڕۆژەی بەخێوکردنی پەلەوەرمان هەیە بەشێوەیەکی کۆنتڕۆڵ، ساڵانە توێژینەوەی جۆراو جۆر ئەنجام دەدەین بۆ ئەوەی کێشەکان دەست نیشان بکەین و نوێترین ئەپدەیت لە ڕووی پێشکەوتنی ئەو بوارە بدەین  بە جووتیارەکان یان خاوەن پڕۆژە پەلەوەریەکان، بۆ ئەوەی ئەو شێوازە تەکنیکییە بەکاربێنن بۆ ئەوەی بەرهەمێکی ساغ و تەندروست بکەوێتە دەستی بەکاربەر.

بەهۆی زیادبوونی دانیشتووان خواست لەسەر بەروبووم زیادبووە، وەکو حکومەت چیتان کردووە بۆ پاراستن لەهەر چوار وەرزەکە بۆ ئەوەی پێویستمان بە هاوردەکردن نەبێ؟

- عه‌بدولسه‌مه‌د محەمەد ساڵح: هەر لەسەرەتای کابینەی نۆیەمەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیەکی تەواوی بە سێکتەری کشتوکاڵ داوە بەهەموو بوارەکانییەوە بەپێی بنەمای دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ، دیارە ئێمە زۆر کارمان لەم بوارەدا کردووە، بۆئەوەی لە ڕێگه‌ی توێژینەوەکانەوە ئاگاداری جووتیارەکان بکەینەوە بە شێوەیەکی دروست بەرهەمەکانیان بەرهەم بهێنن و دواجاریش بەکاربەر سوودمەند دەبێت و بەرهەمێکی باش و دروستی دەکەوێتە بەردەست، بەڵام هەندێک پڕۆژە هەن بەیارمەتی کەرتی تایبەت ئەنجام دەدرێن، بۆ نموونە چەندین کۆگای ساردکەرەوە هەیە بۆ پاراستنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان بۆئەوەی بە کۆگاکردنی بۆ بکرێت و هەڵبگیرێت، وەک هەموومان دەزانین وەرزی پێگەیشتنی بەروبوومەکان نرخیان دادەبەزێت بەم پێیەی زۆردەبن لە بازاڕەکان، بۆیە جووتیارەکان دەتوانن ئەو بەروبوومانە هەڵبگرن و هەڵیان بگرین تا گەیشتنی نرخێکی گونجاو دەتوانن بەروبوومەکانیان بخەنە بازاڕەوە.

بەرنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان چییە بۆ هەڵگرتنی بەروبوومی خۆماڵی؟

- عه‌بدولسه‌مه‌د محەمەد ساڵح: حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی لە توانای دابێت بە ناراستەوخۆ پاڵپشتی کەرتی تایبەتی کردووە، بۆ دروستکردنی ئەو پڕۆژانە بۆ دروستکردنی کۆگای ساردکەرەوە بە مەبەستی هەڵگرتنی بەروبوومە کشتوکاڵیەکان، بەم شێوەیە پاڵپشتی هەڵگرتنی بەروبوومە کشتوکاڵیەکان و کەرتی تایبەت دەکات.

 ئایا هاوردەکردن تاچەند بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەکان دەبێت؟

- عه‌بدولسه‌مه‌د محەمەد ساڵح: دیارە هاوردەکردنی هەر بەروبوومێکی کشتوکاڵی لە ژێر چاودێری و ڕێنمایی وەزارەتی کشتوکاڵ دەبێت، لەچوار چێوەی ڕێنمایی و یاساکان، بۆیە پێویستی هەر بەرهەمێک لە بەرهەمێکی تر جیاوازە، بۆ نموونە لە بەرهەمی گەنم لە گەڵ بەرهەمی سەوزەوات و میوەجات جیاوازە.

ساڵانە چەند توێژینەوە ئەنجام دەدرێت؟ وەکو وەزارەت تاچەند پشت بەو توێژینانەوە دەبەستن؟

- عه‌بدولسه‌مه‌د محەمەد ساڵح: ساڵانە بەپێی کاروپلانی وەزارەتی کشتوکاڵ نزیکەی ٤٠ بۆ ٥٠ توێژینەوە ئەنجام دەدەین، بێگومان ئەوەش بەپێی ساڵ دەگۆڕێت، کاتێک توێژینەوەکان ئەنجام دەدرێن ئەنجامی تویژینەوەکان بەپێی راپۆرتێک بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ دەخرێتەڕوو، ئەوەشی تایبەت بێت بە جووتیارەکان راستەوخۆ پێیان دەگەیەنین. ئێمە ساڵانە رۆژێکمان هەیە بەناوی رۆژی کێڵگەیی، بۆ ئەوەی جووتیار لە نزیکەوە کارو چالاکیەکانمان ببینێت، هەڵبەتە ئەو رۆژە بۆهەموو جووتیارەکانە، لەگەڵ ئەوەشدا هەفتانە جووتیارەکان سەردانمان دەکەن بۆ هەموو کێشە و گرفتەکانیان و تیمێکی تایبەتمان هەیە لە هەموو بەشەکان سەردانی کێڵگەی جووتیارەکان دەکەین و لە نزیکەوە و رێنمایی تایبەتیان پێ دەدەین بۆئەوەی بەرهەمێکی تەندروست بەرهەم بهێنن.

تاچەند ئەو توێژینانەی ئەنجام دەدرێن ستانداردن؟ تاچەند پاڵپشتی کەسە ئەکادیمییەکان دەکرێت لەو بوارە؟

- عه‌بدولسه‌مه‌د محەمەد ساڵح: ئەو توێژینەوانەی ئەنجامی دەدەین تەواو زانستین، چونکە بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەی کشتوکاڵی تەواو باوەڕ پێکراوە، تەنیا لە ناوخۆ نا، بەڵکو لە دەرەوەش، جگە لە کارەکانی خۆمان پاڵپشتییەکی زۆری پەیمانگه‌ و زانکۆ کشتوکاڵییەکان و ئامادەییە کشتوکاڵییەکان و قوتابیانی ماستەر و دکتۆرا و ئەوانەی دەیانەوێت پلەی زانستی بەرزتر وەربگرن دەکەین، بۆ ئەوەی توێژینەوەی خۆیان لێرەدا ئەنجام بدەن بە هەبوونی تاقیگە و بەدابینکردنی زەوی و ئاو بۆیان.

 

تاچەند پاڵپشتی جووتیاران دەکەن وەکو وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی؟

- عه‌بدولسه‌مه‌د محەمەد ساڵح: وەکو بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوە هەفتانە جوتیارەکان سەردانمان دەکەن و تیمی تایبەتمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشە و گرفتێک کە ڕووبەڕووی دەبنەوە لەو بەروبوومەی چاندوویەتی لەنزیکەوە سەردانی کێڵگەکانیان دەکرێت، تەواو هاوکاریان دەبین و ڕێنماییان پێدەدەین، بەپێی خواستی جوتیار پشکنینی تاقیگەیی بۆ کێڵگە یان بۆ زەوی ئەنجام دەدەین و دەستنیشانی توخمە سەرەکیەکانییان بۆ دەکەین بۆ ئەوەی کەمترین تێچوو بکات لە زەوییە کشتوکاڵییەکە و باشترین بەرهەم بەدەست بێنێت.

ئەو بەروبوومانەی ساڵانە لەبازاڕەکان زیاد دەبێ تاچەند ساغ دەکرێنەوە؟

- عه‌بدولسه‌مه‌د محەمەد ساڵح: بەشێوەیەکی سروشتی لەکاتی پێگەیشتنی هەر بەروبوومێکی کشتوکاڵی دیارە نرخ لەبازاڕەکان دادەبەزێت، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پاڵپشتی کەرتی تایبەت بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدات ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە و لەداهاتووشدا پلانی حکومەت ئەوە دەبێت کۆگای ساردکەرەوە زیاتر بکات بۆ هەڵگرتنی بەروبوومە کشتوکاڵیەکان.

وەکو بەرێوەبەرایەتی توێژینەوەی کشتوکاڵی، تاچەند هەوڵتان داوە لە رێگەی کۆڕ و سیمینار لە رووی زاستییەوە یارمەتی جوتیارەکان بدەن؟

- عه‌بدولسه‌مه‌د محەمەد ساڵح: ئێمە بەپێی توانا سیمیناری تایبەت - کۆڕی تایبەت - خوولی تایبەت بۆ جوتیارەکان دەکەینەوە بۆ پێدانی رێنمایی تایبەت لە شێوازی چاندنی گەنم یان بەروبوومی دانەوێڵە یان شێوازی کێڵان یان شێوازی پێدانی پەینەکە، هەروەها بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان کە حاڵەتێکی زۆر گرنگە تاوەکو ئەو گرفتانە دەستنیشان بکەین ڕووبەڕوویان دەبێتەوە بۆ پێدانی ڕێنمایی تایبەت، جگە لەوەش بەشێکمان هەیە بە ناوی بەشی (ڕەزگەری) کە ڕووەکی نوێ و تایبەت تاقی دەکەینەوە و توێژینەوەی لەسەر دەکرێت بۆ ئەوەی بزانین لە گەڵ ژینگەی کوردستان دەگونجێت یان نا، تاوەکو بیخەینە بەردەستی جوتیارەکان بۆ نموونە پڕۆژەیەکی گەورەی ترێمان هەیە ساڵانە زیاتر لە سەد جۆری ترێمان هەیە، قەڵەمی تایبەت دەکەین بە جوتیارەکان و بەنرخێکی زۆر کەم بەشێوەی پاڵپشتی پێیان دەدەین.

ئەو ستانداردانەی بەکاری دێنن بۆ توێژینەوەی کشتوکاڵی تا چەند زانستین؟

- عه‌بدولسه‌مه‌د محەمەد ساڵح: ئەو توێژینەوانەی ئەنجام دەدرێن بەشێوەیەکی ستانداردی جیهانین تەواو زانستین و هەربۆیەش باوەڕپێکراوە و بەشێوەیەکی تەواو سەد لە سەد بەڕێوە دەچێت.

پڕۆژە کشتوکاڵییەکانی کە ئەنجامی دەدەن چین؟

- عه‌بدولسه‌مه‌د محەمەد ساڵح: ئێمە توێژینەوە دەکەین لەسەر هەموو جۆرەکانی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان کە تایبەتن بە کەرتی کشتوکاڵی، بۆ نموونە پڕۆژەی فراوانی دیکەمان زۆرە وەک (گەنمەشامی و برنج و هەرزن و وێنجەو لۆکە) و کۆمەڵێک بابەتی دیکە، جگە لەوەش کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکەمان هەیە کاری لەسەر دەکەین بۆ نموونە پڕۆژەی (خانووی پلاستیکی) لەوێوە و هەموو بەروبوومە سەوزە و میوەکان تاقی دەکرێنەوە، هەروەها لەباری سامانی ئاژەڵی پڕۆژەیەکی تایبەتمان هەیە، ئەویش لێکدانی مەڕی ئوسترالی و مەڕی کوردی کە تاکە پڕۆژەیە لە هەموو عێراق کاری لەسەر کراوە و بەردەوام دەبین لەسەر ئەو بابەتە لە کاتی گەیشتن بە ئەنجامی دروست دابەشی دەکەین بەسەر چەند جوتیارێکی نموونەیی، بۆ ئەوەی بەکاری بێنن و ئەو جۆرە مەڕە تایبەتە بڵاو ببێتەوە، هەروەها کار لەسەر ڕووەکی ئیستوائی دەکەین و توێژینەوەیان لەسەر دەکەین بۆ ئەوەی بزانین تاچەند دەگونجێن لەگەڵ کەش و هەوای ژینگەکەمان، هەروەها بۆیەکەم جار کاردەکەین لەسەر ڕووەکی (ستیڤیا) بۆ لایەنی پزیشکی بەکاری دێنن تایبەت بابەتی کیتۆ، چونکە ئەو جۆرە شەکرە ڕووەکیە تایبەتە و هیچ جۆرە زیانێکی تەندروستی نیە و ٢٠٠ ئەوەندەی شەکری دروستکراو شیرینترە و سوودێکی زۆری هەیە. جگە لەوەش پڕۆژەی داری زەیتوون تایبەتە بە زەیت ڕێژەی زەیتەکەی ٢٢%، ئەم دارە ڕێکخراوی (جایکا) وەکو پاڵپشتی بۆ ئێمەی هێنا، چەند ساڵە لێرە پەروەردە کراوە و ئێستا وەکو دارێکی دایکی لێهاتووە و جووتیارەکان قەڵەمی لێ وەردەگرن، هەروەها  گەنمی ساوەر پێشووتر سایلۆکان وەریان نەگرتووە، بەڵام ئێستا سایلۆ هەیە بۆ وەرگرتنی ئەم گەنمە، ئێمە تاکە بەڕێوەبەرایەتین خاوەنی (٨) ئەرزه‌ی گەنم و جۆیین.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

9ی حوزەیرانی ٢٠٢٢