Skip to the content

ڕێگەیەکی ستراتیژی لە گەرمیان هەرێم بە شارەکانی تری عێراق و ئێران دەبەستێتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕێگەی دووسایدیی کەلار ـ دەربەندیخان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان بە هۆی هاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاری لەو ناوچەیە، هەرێمی کوردستان بە شارەکانی دیکەی عێراق و ئێران دەبەستێتەوە و بە تەواوبوونیشی، جووڵەی بازرگانی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و هەرێمی کوردستان خێراتر دەبێت.
 
رێگەی دووسایدی کەلار ـ دەربەندیخان، ٤١ کیلۆمەتر درێژە و گوژمەکەی ١٣٧.٧ ملیار دینارە، ٥٥٪ی پڕۆژەکە تەواو بووە.لە ماوەی کارکردن تیایدا ٢٠٠ هەلی کاری ڕەخساندووە و ڕۆژانە ١٣٠ ئامێر بەدرێژایی ١٢ کاتژمێر کاری تێدا دەکەن.
 
پرۆژەکە ١٨ پردی دووساید لەخۆ دەگرێت کە درێژیی سەرجەمیان ٣ کیلۆمەتر و ٦٠٠ مەترە. رێگەکە بە سێ چین قیر داپۆشراوە و زیاتر لە دوو ملیۆن مەتر دووجا قیریشی تێدا بە کار هێنراوە.
 
دوای وەستانی پڕۆژەکە بەهۆی قەیرانی دارایی، لە سەرەتای مانگی حوزەیران و بە ڕەزامەندی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ٦٠ ملیار دینار لە چوارچێوەی گوژمەی پڕۆژەکە بۆ تەواوکردنی ڕێگەکە تەرخان کرا، ئەوەش لەپێناو ئەوەی بەخێرایی پرۆژەکە تەواو بێت و بکەوێتە خزمەت هاووڵاتییان.
 
حکومەتی هەرێـی کوردستان، بە دروستکردنی ڕێگەوبان دەیهەوێت ژێرخانێکی بەهێزی ئابووریی بنیاد بنێت و بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاوی گرنگ و ستراتیژیی هەڵیناوە.

 

بۆ بینیننى ڕاپۆرتى ڤیدیۆیی کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:
ڕێگایەکی ستراتیژیی حکومەت لە گەرمیان، هەرێمی کوردستان بە شارەکانی دیکەی عێراق و ئێران دەبەستێتەوە. - YouTube