پێشانگای کشتوکاڵ و ژینگە لە قەتەر کرایەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە بەشداری زیاتر لە ٦٥٠ کۆمپانیای نێودەوڵەتی و هەرێمی، پێشانگای کشتوکاڵ و ژینگەی قەتەر کرایەوە. بۆ یەکەمجارە لە پێشانگای قەتەر نوێنەری دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە ئاڵای کوردستانەوە شوێنی تایبەتیان بۆ دانراوە، لەهەمانکاتدا ٨ کۆمپانیای گەورەی کشتوکاڵی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان بەشدریان تێدا کردووە.
ئامانجی پێشانگاکە نمایشکردنی کەلوپەله کشتوکاڵی و ژینگە دۆستییەکانی کۆمپانیا گەورەکانی جیهان و ئاڵوگۆڕی بیروڕاو پتەوکردنی هەماهەنگی نێوان کۆمپانیا و نوێنەری وڵاتانە.
لە پێشانگاکەی ئەمجارەی قەتەر ، نوێنەرانی دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی کشتوکاڵ و عەلوەی هاوچەرخی هەولێر بە فراوانی بەشداریان کردووە و بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانیش چەندین دیدارو کۆبوونەوەیان لەگەڵ گەورە کۆمپانیاکانی بواری کشتوکاڵی جیهانیدا کردووە.
پێشانگای کشتوکاڵ و ژینگەی قەتەر لە ١٠ی ئادار تاوەکو ١٥ ئادار بەردەوام دەبێت و سەرجەم کۆمپانیا بەشداربووەکانیش بە بەرهەمەکانی کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵی و ژینگە بەشدارن.