به‌شی دووه‌می قۆناغی یه‌كه‌می شه‌قامی ١٥٠ مەترى هەولێر بەم زووانە دەکەوێتە خزمەت هاووڵاتیان
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕێگەی خێرای بازنه‌یی ١٥٠ مه‌تری له شاری هه‌ولێر، یه‌كێكه له پڕۆژه گرنگ و ستراتیژییەکان كه حکومەتى هەرێم لە ڕێگەى کەرتى تایبەتەوە لە پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامى دەدات.
ئەم ڕێگەیە له پێنج قۆناغ پێك دێت و ده‌روازه سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك به یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێتەوە و ئه‌وه‌ش ئاسانكارییه‌كی ته‌واو بۆ هاووڵاتیان ده‌كات و ئه‌و قه‌ره‌باڵغییه زۆره‌ی كه له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی تری هه‌ولێر هه‌یه به تایبه‌تی له ده‌روازه‌كانی شار كه‌م ده‌كاته‌وه.
ئه‌ندازیار ئه‌میر عه‌بدولخالق به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌ی ١٥٠ مه‌تری، سه‌باره‌ت به كاره‌كانى پڕۆژەکە له‌م شه‌قامه، بۆ فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری گوتی: ئه‌و به‌شه‌ی شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری كه دروست ده‌كرێت له ڕێگه‌ی هه‌ولێر - كۆیه تا هه‌ولێر - شه‌قڵاوه درێژ دەبێتەوە و بە به‌شی دووه‌می قۆناغی یه‌كه‌م هەژمار دەکرێت. به‌شی یه‌كه‌مى ئەم قۆناغە کە ڕێگەى نێوان هه‌ولێر - شه‌قڵاوه تا ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ولێر - به‌حركه درێژ دەبێتەوە ساڵى پار تەواو کراوە. ئه‌و به‌شه‌ی ئێستا له مانگی ٩ی ساڵی ٢٠٢١ى زایینى ده‌ستمان به كاركردن كرد و ئێستا له كۆتا قۆناغه‌كانی كاركردنین.
درێژی ئه‌و به‌شه جادەى ١٥٠ مەترى، ٧.٦ كیلۆمه‌تره و ٦٠%ی كاره‌كانی ته‌واو بووه و ئه‌وه‌ی كه ماوه‌ته‌وه له نزیكترین كاتدا ته‌واو دەبێت، چونكه بڕگه سه‌ره‌كییه‌كانی ته‌واو بووه.
ده‌رباره‌ی پێكهاته‌ی ئه‌م به‌شه‌یان به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه ڕایگه‌یاند كه "ئه‌م به‌شه‌ی شه‌قامه‌کە دوو پردی سووڕانه‌وه‌ی تێدایه كه به گشت بڕگه‌كانییه‌وه ته‌واو كراون، پردی سه‌ره‌كی هه‌ولێر كۆیه له قۆناغی كۆتایی كاركردنین تیایدا ، بڕگه‌كانی دیواری پاڵپشت و خۆڵكارییەکەى ته‌واو كراوه و نزیكه‌ی ٥ كیلۆمه‌تر له ته‌واوی درێژی ڕێگاكه به هه‌ردوو چین قیر كراوه و ته‌نها ٢.٦ كیلۆمه‌تری ماوه و به گوێره‌ی ئه‌و پلانه‌ی كه بۆمان داناوه بەم نزیکانە ئه‌م به‌شه‌شی ته‌واو ده‌كرێت"، هه‌روه‌ها باسى لەوەش کرد کە گوژمه‌ی خه‌مڵێنراو بۆ ئه‌و به‌شه‌یان ٨٧ ملیۆن دۆلاره.
ڕێگەی ١٥٠ مه‌تری هەولێرى پایتەخت، لە سەرجەم ڕێگاكانی دیکەى شارەکە و هەرێمى کوردستان جیاوازە، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پانییه‌كی یه‌كجار زۆری هه‌یه چونكه ئه‌و شه‌قامه دوو ڕێگه‌ی خزمه‌تگوزاری و ڕێگای سه‌ره‌كی له‌خۆ ده‌گرێت .
ئه‌ندازیار ئه‌میر عه‌بدولخالق ده‌رباره‌ی ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كار له‌م پڕۆژه‌یه‌دا ده‌كه‌ن، گوتی: زۆربه‌ی كاته‌كان نزیكه‌ی ١٠٠٠ هه‌زار كه‌س بە ٤٠٠ ئامێرەوە به‌رده‌وام كار له‌م شه‌قامه ده‌كه‌ن". شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری دوا بازنه‌ی ڕێگای خێرایه له شاری هه‌ولێر و گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه به تایبه‌تی ئه‌و به‌شانه‌ی كه ئێستا كاری تێدا ده‌كرێت، بۆ نموونه ئه‌و به‌شه‌ی ڕێگەی هه‌ولێر ـ دهۆك بۆ هه‌ولێر ـ كۆیه، بە به‌ستانه‌وه‌ی ڕێگەی سه‌ره‌كی ده‌روازه‌ی هه‌ولێر ـ دهۆك به ده‌روازه‌ی هه‌ولێر ـ چۆمان ـ حاجی ئۆمه‌ران به ده‌روازه‌ی هه‌ولێر ـ سلێمانی، ئاسانكارییەکی زۆر بۆ هاووڵاتیان ده‌كات و وا ده‌كات ئۆتۆمبێله بارهه‌ڵگره‌كان كه له‌و ڕێگەیانه هاتوچۆ ده‌كه‌ن نه‌یێنه نێو شه‌قامه‌كانی ١٢٠ مه‌تری و ١٠٠ مه‌تری و له لایه‌كی تریشه‌وه بە چوونى خزمه‌تگوزاری بۆ ئه‌و ڕێگەیانه، ناوچەکانى سەریان دەبووژێنەوە و بەمەش شوێنی نیشته‌جێبوونی تێدا زیاتر پەرە دەسێنێت و پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنانیی لێ ئه‌نجام دەدرێت کە ئەمەش هەم ڕێوشوێنەکانى ژیان ئاسان دەکات و هەمیش بوارى هەلى کار بۆ هاووڵاتیانى ناوچەکە فەراهەم دەکات.
فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری
30 ئازاری 2022