Skip to the content

جێگری پارێزگاری هەولێر: بۆقه‌ره‌بوو کردنەوەی لافاوەکەی هەولێر 7 ملیار دینارمان لە بەردەستە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، له‌ ساڵی ڕابردوو سێ جار له‌ گه‌ڕه‌كه‌كان و ده‌وروبه‌ری شاری هه‌ولێر و قه‌زاو ناحیه‌كان لافاو دروست بوو، کە یه‌كه‌میان له‌ 30/10/2021 كه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی زیلان و شاری كۆری و گوندی گردجوتیار له‌ سنووری ناحیه‌ی به‌حركه‌ دروستبوو كه‌ توانیمان قەرەبووی ئەو هاووڵاتیانە بکەینەوە و ئه‌وكات بەڕێز مەسرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی شوێنی لافاوه‌كه‌ كرد و خانه‌واده‌ و خه‌ڵكه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كانی به‌سه‌ر كرده‌وه‌. ئێمەش‌ وه‌كو پارێزگای هه‌ولێر له‌ ڕێگه‌ی چه‌ند تیمێكی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان (شاره‌وانی و تیمه‌كانی ته‌ندروستی و تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی و چه‌ند ده‌زگایه‌كی خێرخوازی)، توانرا پێداویستیی سه‌ره‌تایی بۆ زیانلێكه‌وتووان دابین بكرێت‌.

هێمن قادر راشیگەیاند کە له رۆژی‌ 17/12/2021 جارێكی دیكه‌ لافاوێكی فراوانتر و قورستر له‌ جاری یه‌كه‌م هه‌ردوو ناحیه‌ی داره‌توو و قوشته‌په‌ی گرته‌وه‌ كه‌ به‌ داخه‌وه‌  زیانی گیانی لێكه‌وته‌وه‌ و چه‌ند كه‌سێك بوونه‌ قوربانی، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی زۆری ئۆتۆمبێل و خانووی هاووڵاتیان و چه‌ند فه‌رمانگه‌یه‌كی حكومه‌ت و دوو وێستگه‌ی كاره‌با تووشی زه‌ره‌ر و زیان بوون. ئەوکات سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ دیوانی پارێزگای هه‌ولێر سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی كرد له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ ئه‌وه‌ی به‌ زووترین كات زه‌ره‌ر و زیانه‌كان دیاریی بكرێت و شوێنه‌كانیان پاك بكرێته‌وه‌ و قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌ و هۆكاره‌كانی لافاوەکەش ده‌ستنیشان بكرێن، له‌ هه‌مان ڕۆژدا سه‌رۆكی حكومه‌ت سه‌ردانێكی مه‌یدانی بۆ قوشته‌په‌ و ناحیه‌ی داره‌توو ئه‌نجامدا و لیژنه‌یه‌كیش پێكهات له‌سه‌ر ئاستی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م كاره‌كانی خۆیان ئه‌نجامداو چه‌ند لیژنه‌یه‌كی دیكه‌ پێكهێنرا و بۆ ئه‌وه‌ی به‌ وردتر بابه‌ته‌كان ڕوونبكه‌نه‌وه‌ كه‌مته‌رخه‌مییه‌کان دیاری بکرێن، دواتر لیژنه‌كانمان دووباره‌ ده‌ستبه‌كاربوونه‌وه‌ و زه‌ره‌رو زیانه‌كانیان خەمڵاندەوە، ئه‌وكات پێداویستیی خێرایان وه‌كو خۆراك و شوێنی حه‌وانه‌وه‌ بۆ چه‌ند هاووڵاتییه‌كی ناحیه‌ی داره‌توو دابینكرد و دواتر ئاسه‌واری ئه‌و لافاوه‌ پاككرایه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ لیژنه‌یه‌ك بۆ خه‌مڵاندنی زیانه‌كان پێكهێنرا و ئه‌نجامه‌كه‌ی درایه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئه‌وه‌بوو ئێمه‌ داوای هاوكاریمان له‌ هه‌موو هاووڵاتیان كرد له‌ شاره‌كانی دیکە هه‌رێمی كوردستان و به‌ سوپاسه‌وه‌  ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هاته‌ سه‌رخه‌ت و حكومه‌تی فیدراڵی عێراقیش بڕێک پاره‌ی دیاری كرد كه‌ زۆر كه‌م بوو.

جێگری پارێزگاری هەولێر روونیشیکردەوە کە ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رده‌سته‌ تا ئێستا 1189 ئۆتۆمبێل كه‌وتووه‌ته‌ ژێر ئاو و زیانیان پێ گه‌یشتووه‌، 3183 خانووش به‌ هه‌مان شێوه‌ ئاویان چووه‌ته‌ ناو و زیانیان پێ گه‌یشتووه‌، كه‌ له‌ ناو ئه‌و ژماره‌یه‌دا 408 خانوویان زیانی بینایان به‌ركه‌وتووه‌، واته‌ دیواری به‌شێك له‌و خانووانه‌ به‌هۆی به‌هێزی لافاوه‌كه‌وه‌ ڕماوه‌، هاوكات 350 دوكان و ماركێت و مینی ماركێت و كۆگا دووچاری زه‌ره‌ر و زیان بوون‌، هه‌ندێك حاڵه‌تی تریش هه‌یه‌ له‌وانه‌  مۆلیده‌ی گه‌ڕه‌كه‌كانیش تووشی زه‌ره‌ر بوون‌، هه‌روه‌ها نزیكه‌ی 60 كێڵگه‌ی كشتوكاڵی به‌تایبه‌ت له‌ سنووری شارۆچكه‌ی كۆیه‌ و شاره‌دێی شه‌مامك زیانیان به‌ركه‌وتووه‌.

بە گوتەی هێمن قادر له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی لافاوه‌كه‌ له‌ ڕێگه‌ی تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان له‌ دیوانی پارێزگای هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ده‌زگا خێرخوازییه‌كان و سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر له‌سه‌ر هێڵ بوون و توانیان بەهاوکاری خه‌ڵكی خێرخواز وچەند کۆمپانیایەک هاوکاری بگەییەنە هاووڵاتیان و ئه‌و كۆمه‌كانه‌ی له‌ كه‌مپه‌ینه‌كان كۆكرابووه‌وه‌، توانرا به‌سه‌ر زیانمه‌ندیان دابه‌ش بكرێت.

هێمن قادر راشیگەیاند کە ئەوان وەک پارێزگای هه‌ولێر لە رێگەی ژماره‌یه‌كی حیسابی بانكی مناره‌ەوە له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دیکە كه‌ له‌ ڕێگای لێژنه‌وه‌ به‌ ده‌ستیان گه‌یشت، نزیكه‌ی 7 ملیار دینار بۆ لێقه‌وماوان كۆكرایه‌وه‌، هاوكات له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ به‌ سوپاسه‌وه‌ جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌ستبه‌جێ بڕیاریدا كه‌ نزیكه‌ی ملیارێک و نیو دینار به‌ پارێزگای هه‌ولێر بدرێت بۆ خاوێنكردنه‌وه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ی پاش خاوێنكردنه‌وه‌ی كۆمپانیاكان هێشتا پیسیان تێدا مابووه‌وه‌ بۆیە ئه‌وه‌ی كه‌ كۆكراوەته‌وه‌ نزیكه‌ی 7 ملیار دینار ده‌بێت به‌پێی میكانیزمێك ئه‌و بڕه‌ زه‌ره‌ره‌ی به‌ر هه‌ر هاووڵاتییه‌ک گه‌یشتووه‌ له‌ لایه‌ن لیژنه‌كانه‌وه‌ پاره‌ی پێ ده‌درێت،.

جێگری پارێزگاری هەولێر راشیگەیاند قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌كه‌ به‌پێی فۆڕمه‌كه‌ ده‌بێت، كه‌ هاووڵاتییه‌كه‌ خۆی كۆد و ژماره‌ی فۆڕمه‌كه‌ی له‌ لایه‌ و به‌پێی ئه‌و كۆد و فۆڕمه‌ قه‌ره‌بووه‌كه‌ی وه‌رده‌گرێته‌وه‌. ئێمه‌ له‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ی هاووڵاتیان به‌ شێوازێكی جیاواز له‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی پێشوو هاووڵاتی قه‌ره‌بوو ده‌كه‌ینه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ ئێمه‌ ده‌یده‌ین قه‌ره‌بوو نییه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر قه‌ره‌بوو بێت ئێمه‌ پێویستمان به‌ بڕی 22 ملیار دینار هه‌یه‌، كه‌چی ئه‌وه‌ی ئێستا به‌رده‌سته‌ نزیكه‌ی 7 ملیار دیناره‌، بۆیه‌ ئێمه‌ ناتوانین قه‌ره‌بوویان بكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵكو ته‌نیا بڕه‌ هاوكارییه‌كیان پێ ده‌ده‌ین ئێمە.

 

هێمن قادر گوتیشی، ئێمە وەکو پارێزگای هەولێر چاوەڕێی ئەوە بووین کە زۆرترین کۆمەک کۆبکەینەوەو یارمەتی ئەو خەڵکانە بدەین، لەبەر ئەوەی بەرەو مانگی ٤ دەڕۆین لە کۆبوونەوەی دیوانی پارێزگای هەولێر بڕیاردرا ئەو بڕە پارەیەی لەبەر دەستمانە هەوڵ بدرێ بەزووترین کات لەڕێگەی لێژنەکانەوە بۆ یارمەتی ئەوکەسانەی تووشی زەرەر بون.

بۆ بینینى ڤیدیۆى ڕاپۆرتەکە کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:

جێگری پارێزگاری هەولێر، لەبارەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکانی هەولێر قسە دەکات - YouTube

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

٢٩ی ئاداری ٢٠٢٢