داهاتی باج لە ساڵی ٢٠٢١ بەرزترین ئاستی تۆمارکردووە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەهۆی رێکخستنەوەی باج، داهاتی باج لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست، بەراورد بە سەرجەم کابینەکانی پێشوو. هەروەها لە کابینەی نۆیەم دەیان شوێنی وەک یانەی شەوانە، بەنزینخانە، کۆمپانیا و نەخۆشخانەی تایبەت، بەهۆی نەدانی باجەوە داخراون.
هاوڕێ بەختیار، بەڕێوەبەری پشکنینی باج تایبەت بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند هەنگاوەکان بۆ رێکخستنەوەی باج بەردەوامن و لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش داهاتی باج گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.
روونیشیکردەوە لە ساڵی 2021 داهاتی باج 796 ملیار دینار بووە، لە ساڵی 2020 داهاتی باج 578 ملیار دینار بووە و هەرەوەها لە ساڵی 2019 داهاتی باج 627 ملیار دینار بووە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٢ تا ساڵی ٢٠١٨، داهاتی باج ٣٠٨ ملیار دیناری تێنەپەڕاندووە.
رێکخستنەوەی باج و سزادانی ئەو باجدەرانەی کە خۆیان دزیوەتەوە لە دانی باج، بەشێک لە هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم بووە، لەوبارەیەوە هاوڕێ بەختیار، بەڕێوەبەری پشکنینی باج ئاشکراشی کرد کە تاوەکو ئێستا بەهۆی نەدانی باج 1794 کۆمپانیا بەبڕیاری دادگا سزای دارایی دراون، هەروەها 2498 کۆمپانیا و شوێنیش ئاگادارکردنەوەیان ئاڕاستەکراوە و 37 شوێنیش بەهۆی خۆدزینەوە لە باجدان داخراون، وەکو ( یانەی شەوانە، نەخۆشخانە، ئارایشتگە، بەنزینخانە، کۆمپانیا، کارگە).
بەڕێوەبەری پشکنینی باج هەروەها ئاشکرای کرد لە هەرێمی کوردستان 694 گەورە باجدەر هەن و 23%ـی داهاتی گشتیی باج ئەوان دەیدەن، گوتیشی لە ساڵی 2021 داهاتی گشتیی باج 796 ملیار دینار بووە و لەو ژمارەیەش زیاتر لە 182 ملیار دیناری باجی گەورە باجدەران بووە.
سەبارەت بە خەرجکردنی داهاتی باج، هاوڕێ بەختیار، بەڕێوەبەری پشکنینی باج رایگەیاند داهاتی باج جگە لە دابینکردنی مووچە بۆ مووچەخۆران لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە پارێزگاکان خەرج دەکرێتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە بارگرانی لەسەر پیشەوەران بەهۆی وەرگرتنی باجەوە کەمبکرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش رۆژی ٢١/٢/٢٠٢٢ نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند سەرۆکی حکومەت دوای چەند کۆبوونەوەیەک فەرمانی بە لایەنە پەیوەندارەکان کردووە کە دیارکردنی رێژەی باج بۆ پیشەوران بە رێگەی مەزندە رابگیرێت و وێرای بەردەوامی لە کۆکردنەوەی باج، رەچاوی دۆخی ئابووری و ژیانی پیشەوەران بکرێت و نابێت باج ببێتە هۆی لاوازکردنی جوڵەی ناو بازاڕ.
فەرمانگەى میدیاو زانیارى