سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەگەڵ وتەبێژ و بەڕێوەبەری راگەیاندنی دامودەزگاکانی حکومەت کۆبووەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ٣١ى ئاداری ٢٠٢٢، د. جوتیار عادل سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێوەبەری راگەیاندن و وتەبێژی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری باسی لە گرنگی میدیای حکومی و بەهێزکردنی پۆرتاڵی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد ئاماژەشی بەوەدا کە پێویستە سەرجەم راگەیاندنی دامودەزگاکانی حکومەت بە بەردەوامی و وەکو یەک تیم کار بکەن بۆ گەیاندنی پەیامی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پیشاندانی ئەو پرۆژە وخزمەتگوزارییانەی کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای قەیرانی دارایی و ئەو هەموو گوشارە سیاسیەی کە لەسەریەتی ئەنجامی داون.
د.جوتیار عادل جەختیشی کردەوە لەسەر گرنگی کارکردنی پێکەوەیی لە نێوان راگەیاندنی تەواوی دامودەزگاکانی حکومەت و هەبوونی پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان راگەیاندنی وەزارەتەکان و فەرمانگەی میدیا و زانیاری بۆ نەهێشتنی ئەو کەموکوڕییانەی کە لە بواری میدیای حکومی دا هەن.
سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەشی بەوەدا کە بۆ یەک ئامانج کاردەین کە ئەویش خزمەتکردنە بە هاونیشتمانیان و پیشاندانی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشیان دەکات.
د.جوتیار عادل روونیشی کردەوە کە فەرمانگەی میدیا و زانیاری بە هەموو شێوەیەک پشتگری و پشتیوانی راگەیاندنی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و لە هەر بوارێکیشدا پێویستیان بە هاوکاری بێت فەرمانگەی میدیا و زانیار هاوکار و پشتیوانیان دەبن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٣١ى ئاداری ٢٠٢٢