سەفین دزەیی: ڕاسته هەرێمى کوردستان به‌شێكه له عێراقی فیدڕاڵ، به‌ڵام گه‌مه‌كه‌رێكی سه‌ره‌كییه
ـ پەیام و ئامانجەکانى سەردانى وەزیرى دەرەوەى لوكسەمبۆرگ چ بوو بۆ هەرێمى کوردستان؟
سەفین دزەیی: ئەمە سەردانى سێیەمى وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی لوكسەمبۆرگە بۆ هه‌رێمی كوردستان و سه‌ردانی چواره‌میه‌تی بۆ عێراق له ساڵی ٢٠٠٥ـەوە و ئەم سەردانانەشى له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی پێشتر و وەک خۆی ئاماژه‌ی پێ دا بۆ گرنگیدان بە پرسى لێقه‌وماوان و ئاوارهكانە كه له كوردستان نیشتەجێن به‌تایبه‌تی خوشك و برا ئێزیدییه‌كان كه له ماوه‌كانی ڕابردوو بایه‌خێكی زۆریان پێ داون. له به‌رنامه‌ی سهردانهكهشیدایه كه سه‌ردانی شاری دهۆك بكات و له نزیكه‌وه چاوی به ئاواره و ئێزیدییه‌كان بكه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی له ڕووی مه‌عنه‌وی و هاوكاریی مرۆییه‌وه، هاوكارییه‌كانی خۆیان پێشكه‌ش بكه‌ن.
له دیداری له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تاوتوێی پڕۆسه‌ی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه و بارودۆخی ناوچه‌كه به گشتی كرا، هه‌روه‌ها باس له په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی لوكسەمبۆرگ به‌تایبه‌تی و یه‌كێتی ئه‌ورووپا به گشتی كرا، بۆیه سه‌ردانه‌كه‌ی به دیدی ئێمه گرنگه و وه‌ك ئاماژەمان بۆ كرد پێشتریش سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان و عێراقی كردووه، ته‌نانه‌ت سه‌ردانی به‌ره‌كانی جه‌نگی دژ به داعشیشی كردبوو، بۆیه ده‌توانین بڵێین تێگه‌یشتنێكی باشی بۆ هه‌رێمی كوردستان و دۆزی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌یه، ئێمه‌ش له هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام خواستمان بووه په‌ره به لایه‌نه دیپلۆماسییه‌كان بده‌ین، بۆیه هاتنی ئه‌م جۆره شاندانه و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر وڵاتێك بۆ ئێمه جێی بایه‌خه و پێشوازییه‌كی گه‌رمی لێ ده‌كه‌ین، نه‌ك هه‌ر ته‌نها شاند ڕوو له هه‌رێم بكه‌ن، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ین شاندی هه‌رێمی كوردستانیش سه‌ردانی ده‌ره‌وه بكه‌ن، بۆ نموونه ئێستا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و چه‌ند وه‌زیرێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ئیماراتن بۆ به‌شداریكردن له چه‌ند كۆنفڕانسێكی نێوده‌وڵه‌تی، هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی چه‌ندین دیدار له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاتانه له ناوچه‌كه، كه ئێمه ده‌توانین له نزیكه‌وه دید و بۆچوونی هه‌رێمی كوردستانیان پێ بگەیێنین و هه‌ر گفتوگۆیەکیش كه دروست ده‌بێت له‌سه‌ر بارودۆخه‌كان و ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری ده‌بێت به‌سه‌ر ناوچه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، به تایبه‌تیتریش له‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆیه ئه‌م جۆره گردبوونه‌وه و كۆنفڕانس و دیدارانه به پێویست ده‌بینرێت.
ـ ئێستا پرسى ئاوارە و پەنابەرەکانى نێو هەرێمى کوردستان لە چ ئاستێکدایە، هەندێک دەنگۆ هەن لەسەر داخستنى کەمپەکان، هەرچەندە حکومەتى هەرێم بەردەوام پێداگرى لەوە کردووەتەوە کە هەرگیز لەگەڵ داخستنى کەمپەکاندا نییە؟
سەفین دزەیی: هه‌رێمی كوردستان له ده‌ستپێكی هێرشی زاڵمانه‌ی داعشدا زیاتر له ملیۆنێك حه‌وت سه‌د هه‌زار ئاواره‌ی ناوچه جیاجیاكانی عێراقی له خۆ گرت، هه‌روه‌ها له ساڵى ٢٠١٢ به هه‌مان شێوه زیاتر له ٢٥٠ هه‌زار ئاواره‌ی تری خه‌ڵكی ڕۆژئاوای كوردستان و سوریاى له خۆ گرتبوو، به‌م شیوه‌یه له ماوه‌ی شه‌ش مانگى ٢٠١٤ ڕێژه‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان ٣٠% زیادی كرد، ئه‌مه‌ش باری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی زۆر قورس كرد، به شێوه‌یه‌ك ساڵانه ملیارێك و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وت، خۆشبه‌ختانه له ئێستادا به‌شێك له‌و ئاوارانه گه‌ڕاونه‌ته‌وه شوینه‌كانی خۆیان، به‌ڵام تا ئێستا ٧٠٠ هه‌زار كه‌س له هه‌ریمی كوردستان ماونه‌ته‌وه، یانیش ده‌توانین بڵێین كه نزیكه‌ی ملیۆنێک ئاواره و په‌ناهه‌نده له هه‌ریمی كوردستان هه‌یه. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیچ كات له‌گه‌ڵ داخستنی به‌زۆره‌ملێی كەمپی ئاواره‌كان نه‌بووه، چونكه ئه‌م خه‌ڵكه ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه شوێن و جێی خۆی و ژیانێكی پڕ له ئه‌من و ئاسایش و سه‌روه‌ری بۆ دابین بكرێت، به داخه‌وه ده‌بیستین خه‌ڵكانێك كه گه‌ڕاونه‌ته‌وه شوێنه‌كانی خۆیان ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك نه‌هامه‌تی و كێشه بوونه‌تەوە، به‌تایبه‌ت كه له هه‌ندێك شوێندا هێزی میلیشیا هه‌یه و فشاری زۆریان لێ ده‌كه‌ن له هاوئایینهكانیان یان له برا مه‌سیحی و ئه‌وانی تر، بۆیه ئێمه فشار ناكه‌ین تا به خواستی خۆیان لێره بمێننه‌وه وه‌ك هاووڵاتی نه‌ك وه‌ك میوان و ئه‌وه‌ی له توانای حكومه‌تی هه‌رێمدا بێت بۆیان جێبه‌جێی و دابین ده‌كرێت، هه‌رچه‌نده بارێكی قورسه، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌مانه هه‌ست به غه‌ریبی نه‌كه‌ن. بۆ هه‌رێمی كوردستان بوونی ئه‌و هه‌موو ئاواره و په‌ناهه‌نده‌یه نه‌بووه‌ته مایه‌ی گرژی و ئاڵۆزی و پێكدادانی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه ئه‌مه‌ش وا ده‌كات له داهاتوودا په‌یوه‌ندییه‌كی ساده و ساكار له نێوان خه‌ڵكدا دروست ببێت. ئێمه وه‌ك خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان پێشتر خۆمان ئاواره‌یی و پهناههندییمان بینیوه، بۆیه له كێشه و نه‌هامه‌تییه‌كانی ئه‌وان تێده‌گه‌ین و ئه‌ركی مرۆییمانه كه ئه‌و خه‌ڵكه‌ی تا ئه‌و كاته‌ی لێره ده‌مێنێته‌وه ڕێزلێگیراو بن.
ـ بە پێى بەدواداچوون و توێژینەوەیەک، دەگوترێت تا چەندین ساڵى دیکە عێراق هاووڵاتى کریستیانى تێدا نامێنێت، هەرچەندە هەرێمى کوردستان ناوچەیەکى لەبار و ئارامبووە بۆ نیشتەجێبوونى کەمە نەتەوە و ئایین و ئایینزاکان؟
سەفین دزەیی: به داخه‌وه كه ته‌ماشا ده‌كه‌ین ئه‌و پێكهاتانه‌ی كه پێكهاته‌ی ڕەسهنی ئه‌م خاك و وڵاته‌ن، له كۆنه‌وه شانبه‌شانی پێكهاته‌كانی تر ژیاون، بۆیه هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركردایه‌تی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام شانازی به‌وه‌وه ده‌كه‌ین كه له دێرزه‌مانه‌وه خاوه‌نی كلتوورێكی لێبوورده‌یی و به‌یه‌كه‌وه‌ژیان بووینه، ئێستا جێی داخه بارودۆخێكی ناهه‌موار له عێراق هاتووته ئارا كه خه‌ڵكانیك مه‌ترسی له‌سه‌ر خۆیان ده‌بینن، به شێوه‌یه‌ك مانه‌وه و ئایینده‌یان نادیاره. به‌پێی هه‌ندیك ئامار كه نازانرێت چه‌نده وردن، به‌ڵام له ٢٠٠٣ ڕێژەی ملیۆنێك و پێنج سه‌د هه‌زار هاووڵاتی كریستیان له عێراق هه‌بووه، به‌ڵام ئێستا باس له‌وه ده‌كرێت كه كه‌متر له ٤٠٠ هه‌زاریان له عێراق ماون و زۆربه‌یان له دوای ساڵانی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦ـەوە له هه‌رێمی كوردستان ده‌ژین، خۆشبه‌ختانه له هه‌رێمی كوردستان حه‌وانه‌وه‌یه‌كی باشیان هه‌یه، به‌ڵام به داخه‌وه هه‌وڵێک بۆ كۆچکردنیان هەیە کە به بۆچوونی ئێمه كۆچكردن چاره‌سه‌ر نییه، به‌ڵكو ئه‌م خه‌ڵكانه خه‌ڵكی ڕەسهنی ئه‌م وڵاته‌ن و به‌یه‌كه‌وه‌ژیان یه‌كێكه له‌و سیفه‌ت و خاسیەتانهی کە هه‌رێمی كوردستانی پێی ده‌ناسرێته‌وه و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هێزه سیاسییه‌كان و كه‌سایه‌تییه‌كان و پیاوانی ئایینی هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ن ئه‌و به‌یه‌كه‌وه‌ژیانه به‌رده‌وامی هه‌بێت و پارێزگاری لێ ده‌كه‌ن و قه‌ناعه‌تیش به‌و خه‌ڵكه بهێنن وڵاتی خۆیان به جێ نه‌هێڵن ئه‌مه‌ش له ڕێگەی پیاوانی ئایینی و كلێسا و وڵاتانەوە دەبێت كه هانیان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م خه‌ڵكه بمێننه‌وه و ئه‌گه‌ر بڕیاره وڵاتان له ده‌ره‌وه هاوكاری ئه‌م خه‌ڵكه بكه‌ن، با بێن له‌سه‌ر خاكی خۆیان ئه‌م هاوكارییه‌یان پێشكه‌ش بكه‌ن، چونكه كۆچكردنیان ته‌سلیمبوونه به ئیراده‌ی ناحه‌زان و دوژمنان، كه ئامانجیانه دیمۆگرافیا بشێوێنن و ئه‌و پێكهاتانه بسڕنه‌وه.
ـ لە دواى ئەو ڕێککەوتنە بازرگانییانەى کە حکومەتى هەرێمى کوردستان لەم ماوەیە لەگەڵ وڵاتانى عەرەبی و بیانى بەستوویەتن ئەگەرى ترافیکی دیپلۆماسى زۆرە، فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت خۆى بۆ ئەم پەیوەندی و هاتوچۆیانە ئامادە کردووە؟
سەفین دزەیی: بارودۆخی ناوچه‌كه له گۆڕاندایه و ده‌بێت ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كان بڕۆین، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كانیش نه‌ڕۆین نابێت به پاش بكه‌وین. هه‌رێمی كوردستان پێگه‌یه‌كی به‌هێزی هه‌یه، ڕاسته خاوه‌ن قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ نییه و به‌شێكه له عێراقی فیدڕاڵ، به‌ڵام گه‌مه‌كه‌رێكی سه‌ره‌كییه له كۆی گه‌مه سیاسییه‌كه. وه‌ك ده‌بینین له ناو سیاسه‌تی ناوخۆی عێراق كه به‌شی هه‌ره زۆری سه‌ركرده سیاسییه‌كانی عێراق ڕوو له هه‌ولێر ده‌كه‌ن، بینیشمان پێشوازییه‌كی جۆری له سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كرا له‌و كۆڕبه‌نده‌ی له ئیمارات هه‌بوو، هه‌روه‌ها چه‌ند به‌رنامه‌یه‌كی تر هه‌یه كه له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا سه‌ردانی ده‌ره‌وه ده‌كات، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی ئه‌نتاڵیاش هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا بوو، ئه‌مه وا ده‌كات هه‌رێمی كوردستان بتوانێت پێگه‌ی خۆی بكاته‌وه و دید و بۆچوونی خۆشی بگه‌یێنێت. ئه‌وه‌ی میوشن زۆر گرنگ بوو كه ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ئه‌نجام درا، هه‌وڵه‌كانیشمان له‌م پێناوه به‌رده‌وام ده‌بێت، كه هیوادارین وه‌ك فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه ئه‌م ڕۆڵه بگێڕین بۆ باشتركردن و به‌هێزتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمان و دروستكردنی پرد له نێوان كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌رێمی كوردستان به هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی.