Skip to the content

كۆگاكان خۆراكی پێویستیان تێدایه‌

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی بازرگانیی كه‌لوپه‌لی خۆراك له‌ پارێزگای هه‌ولێر، له‌ ڕێگه‌ی بریكاره‌كانه‌وه‌ به‌رده‌وام ئه‌و بابه‌ته‌ خۆراكییانه‌ی كه‌ دێته‌ كۆگاكانیان، دابه‌شی ده‌كه‌ن و لە بەدواداچوونێکى فەرمانگەى میدیا و زانیارى، دڵنیایی ده‌ده‌نه‌ هاووڵاتیان كه‌ كۆگاكان خۆراکی پێویستیان تێدایه‌ و پێویست به‌وه‌ ناكات خه‌ڵك تووشی نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێ ببن.

 

تا كۆتایی مانگی ڕە‌مه‌زان، دوو به‌شه‌ خۆراك دابەش دەکرێت

مافپه‌روه‌ر دلێر عەبدولواحد عەبدولمەجید به‌ڕێوه‌به‌ری بازرگانیی كه‌لوپه‌لی خۆراك له‌ پارێزگای هه‌ولێر ڕوونیکردەوە كه‌ "ڕاسته‌ نرخی هه‌ندێك شتومەک گران بووه،‌ به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌ كه‌ ببێته‌ هۆی دروستبوونی دڵه‌ڕاوكێ لای هاووڵاتیان'' و گوتیشی:

ـ ئێمه‌ وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی بازرگانیی كه‌لوپه‌لی خۆراكی هه‌ولێر، به‌رده‌وام كۆگاكانمان خۆراكی پێویستی بۆ دێت و ئێمه‌ش دابه‌شی ده‌كه‌ین، دڵنیایی ده‌ده‌ینه‌ هاووڵاتیان كه‌ ئێمه‌ ڕۆژانه‌ له‌گه‌ڵ بازرگانیی به‌غدا و به‌ هه‌ماهه‌نگیی وه‌زاره‌تی بازرگانیی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامین له‌سه‌ر دابه‌شكردنی خۆراك و ئێستا به‌شه‌ خۆراكێك دابه‌ش ده‌كه‌ین و بڕیاره‌ وایە تا كۆتایی مانگی ڕەمه‌زان دوو به‌شه‌ خۆراكی دیکەش دابه‌ش بكرێت. بۆیه‌ هیچ كێشه‌ و گرفتێكمان نییه‌ و به‌رده‌وام گرێبه‌ستی هاتنی خۆراكمان بۆ دێت.

به‌ڕێوه‌به‌ری بازرگانیی كه‌لوپه‌لی خۆراك له‌ پارێزگای هه‌ولێر باسى لەوەش کرد کە ملیۆنێک و نۆسه‌د و بیست هه‌زار هاووڵاتی لە سنووری پارێزگای هه‌ولێر تا ده‌گاته‌ چۆمان خۆراك وه‌رده‌گرن و بە سه‌ر ٣٠ بنكه‌دا دابەش کراون و ئه‌و خۆراكانه‌ی ده‌گەنه‌ لای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی بازرگانیی كه‌لوپه‌لی خۆراكی هه‌ولێر، دوای ئه‌وه‌ی پشكنینیان بۆ ده‌كرێت، له‌ ڕێگه‌ی بریكاره‌كانه‌وه‌ دەدرێتە هاووڵاتیان.

 

خۆراكی پێویست له‌ كۆگاكانی حكومه‌ت هه‌یه‌

سه‌باره‌ت به‌ قۆرخكاری و زیادكردنی نرخه‌كان له ‌لایه‌ن به‌شێك له‌ بازرگانان و هاووڵاتیانەوە، به‌ڕێوه‌به‌ری بازرگانیی كه‌لوپه‌لی خۆراكی هه‌ولێر ده‌ڵێت:

ـ وه‌ك حكومه‌ت هیچ كه‌موكوڕیمان نییه‌ له‌ باره‌ی دابه‌شكردنی خۆراكه‌وه‌ و‌ ئه‌وه‌ی تایبه‌ته‌ به‌ بازاڕ ڕاسته‌ هه‌ندێك كێشه‌ و گرفت له‌ چه‌ند وڵاتێك ڕووی داوه‌ و كاریگه‌ریی كردووەته‌ سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی خۆراك، به‌ڵام نه‌گه‌یشتووەته‌ حاڵه‌تێك كه‌ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌یبینین و هه‌ندێك كه‌س نرخی پێداویستییه‌كانیان گران كردووه‌، ناڵێین ئێمه‌ وه‌كو كوردستان ناكه‌وینه‌ ژێر ئه‌و كاریگه‌رییانەوە‌، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ تووشی ئه‌و جۆره‌ له‌ شڵه‌ژانی بازاڕ نه‌بووین و خۆراكی پێویست له‌ كۆگاكانی حكومه‌ت هه‌یه‌ و پێویست به‌و هەلقۆستنەوە‌ ناكات كه‌ هه‌ندێك بازرگان ده‌یكه‌ن و نرخی پێداویستییه‌كان گران ده‌كه‌ن. له‌ لایه‌كی دیكەشەوه‌ به‌شێك له‌ هاووڵاتیان هۆكارن، چونكه‌ له‌ كاتێكدا خۆراكی پێویست هه‌بێت له‌ كۆگاكان، ئیتر چ پێویست به‌وه‌ دەكات زیاد له‌و بڕە‌ بكڕن و جۆرێك له‌ دڵه‌ڕاوكێش بۆ خه‌ڵكی دیكه‌ دروست بكه‌ن.

 

ناکرێت بازرگانه‌كان نرخ بەرز بکەنەوە

سلێمان عه‌بدوڵا كه‌ هاووڵاتییه‌كی شاری هه‌ولێره‌، سه‌باره‌ت به‌ نرخی كه‌لوپه‌ل و پێداویستیی خۆراك له‌ بازاڕە‌كانی هه‌رێمی كوردستان به ‌گشتی و شاری هه‌ولێر به‌ تایبه‌تی گوتی:

ـ ئێمه‌ وه‌ك هاووڵاتی، مانگانه‌ به‌شه‌ خۆراكی خۆمان به‌ بێ كێشه‌ وه‌رده‌گرین وه‌ك ڕۆن و شه‌كر و برنج و نۆك و دۆشاوی ته‌ماته‌ و  بابه‌تی دیکەش، ئه‌وه‌ی گوێبیستی ده‌بین به‌وه‌ی كۆگانی حكومه‌ت خۆراكی پێویستی تێدایه‌ دڵخۆشمان ده‌كات و‌ نابێت خه‌ڵكیش له‌ پێداویستی خۆی زیاتر خۆراك هه‌ڵبگرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ش ته‌واو ده‌بێت ئه‌وكات چی؟ بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت سزای ئه‌و كه‌سانه‌ بدات كه‌ بازاڕ قۆرخ ده‌كه‌ن و نرخی خۆراكیش به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌وه‌ی زانیومانه‌ بۆ مانگی ڕە‌مه‌زان حكومه‌ت به‌شه‌ خۆراكی دیكه‌ دابه‌ش ده‌كات و دڵنیاین جێبه‌جێی ده‌كات، و‌ ده‌بێت بازرگانه‌كانیش هه‌ندێك میلله‌تی خۆیان خۆش بوێت، ناكرێت هه‌ر هه‌واڵێكی ناخۆش هه‌بێت ئه‌وان نرخی كه‌لوپه‌ل گران بكه‌ن، ده‌بێت حكومه‌ت چاودێریی ئه‌و كه‌سانه‌ بكات.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی بازرگانیی كه‌لوپه‌لی خۆراكی پارێزگای هه‌ولێر رایگەیاند کە، ١٦ كۆگایان هه‌یه‌ كه‌ خۆراكی تێدا هه‌ڵده‌گیرێت، به‌ڵام یه‌كێك له‌و گرفتانه‌ی هه‌یانه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كۆگایانه‌ له‌مێژە دروست كراون و پێویستییان به‌ نۆژە‌نكردنه‌وه‌ هه‌یه‌.

ژماره‌ی ئه‌و بنكانه‌ی له‌ ڕێگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی بازرگانیی كه‌لوپه‌لی خۆراكی هه‌ولێر  پێداویستییه‌كان وه‌رده‌گرن و دابه‌شی سه‌ر هاووڵاتیانی ده‌كه‌ن له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر  ٣٠ بنكه‌یه‌ کە به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ن:

ـ بنكه‌ی ٢٠١ تا ٢١١ تایبه‌ته‌ به‌ ناو شاری هه‌ولێر.

بنكه‌ی ٢١٢ تا ٢١٦ و بنكه‌ی ٢٢٠ و ٢٢١ تایبه‌ته‌ به‌ ده‌وروبه‌ری شاری هه‌ولێر.

بنكه‌ی ٢١٧ تا ٢١٩ و بنكه‌كانی ٢٢٢ تا ٢٣٠ تایبه‌تن به‌ ناوچه‌ دووره‌كان.

 

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری

٢٧ی ئاداری ٢٠٢٢