Skip to the content

سەرۆکى دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەى هەرێم: ساڵى رابردوو ٦٠٠ هەزار مەتر دووجامان بە پڕۆژەکانى کەرتى تایبەت سەوز کردووە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق، -(GOV.KRD)- عه‌بدوڕە‌حمان سدیق سەرۆکى دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان لە وەڵامى کۆمەڵێک پرسیارى فەرمانگەى میدیا و زانیارى حکومەتى هەرێمى کوردستان، چەندین زانیارى لەبارەى سەوزکردنى هەرێمى کوردستان لە لایەن کەرتى تایبەت و دامەزراندنى دەرچووانى بەشى ژینگەى زانکۆکانى هەرێمی کوردستان لەو کەرتە خستەڕوو. 

- دۆخی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان چۆنه‌ و ئامار و ژماره‌كانی سه‌وزایی چۆنه؟‌ به‌ره‌و باشتر چووه‌ یان خراپتر، كاریگه‌ریی كه‌شو هه‌وایه‌كه‌مان چۆنه‌؟

عه‌بدولڕە‌حمان سدیق: وەکو زۆربەی شاره‌زایانی ژینگه‌ پێمان ده‌ڵێن ژینگه‌ هه‌موو شتێكه‌ جگه‌ له‌ خۆت، واتا ڕووبه‌رێكی یه‌كجار فراوانه‌. ئێمە کە لە هەرێمی کوردستان دەستەی ژینگەمان هەیە، واتە ده‌سته‌ی ژینگه‌ ده‌زانێت ژینگه‌ گه‌وره‌تره‌ له‌ ده‌سته‌ی ژینگه‌. هەر لەبەر ئەوەشە حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی ژینگه‌ ئه‌نجومه‌نی ژینگه‌ی پێكهێناوه‌ كه‌ له‌ نوێنه‌رایه‌تی ١٤ وه‌زاره‌تی جێبه‌جێكار پێكدێت، له‌به‌ر گه‌وره‌یی و فراوانی كاری ژینگه. هه‌موو كه‌س ده‌زانێت ژینگه‌ له‌ سێ پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كی پێكدێت كه‌ ئاو و خاك و هه‌وایه‌. كاری ئێمه‌ له‌ ئه‌نجامی پێوانه‌سازی و پێوانه‌كاریدا هه‌رێمی كوردستان له‌ مامناوه‌ند دایه‌ به‌ پێی پێوه‌ری هه‌ردوو ڕێكخراوی (GIZ)ی ئه‌ڵمانی و (FMI) فیله‌ندی كه‌ پێكه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ له‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامیان دا. ئه‌و دووساڵه‌ بۆی ده‌رخستین كه‌ ئێمه‌ له‌ ناوه‌نداین به‌و مانایه‌ی نه‌چووینه‌ته‌ بوارێكی مه‌ترسیدار له‌ ڕووی پیسبوونی هه‌وا، به‌ڵام له‌ حاڵه‌تێكی زۆر باشیشنین، ئه‌وه‌ی كه‌ خاكی پیس كردبێت زیاتر مینه،‌ كه‌ له‌سه‌رده‌مانێكی زووه‌وه‌ و ده‌یان ساڵه‌ مین له‌ هه‌رێمی كوردستان‌ چێندراوه،‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و زه‌ویانه‌ی كه‌ له‌ كشتوكاڵدا په‌ینی كیمیایی بۆ به‌كاردێت، كه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین په‌ینی سروشتی به‌كار بێت، لەباره‌ی ئاوی سه‌رزه‌وی و ئاوی ژێرزه‌وی، بێ گومان گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا كاریگه‌ریی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی باران، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ لیژنه‌ی به‌ره‌‌نگاربوونه‌وه‌ی وشكه‌ساڵی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دروستیکراوە و له‌ ساڵی پاره‌وه‌ ژینگه‌ و  كشتوكاڵ و پارێزگا‌ و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان تیایدا ئه‌ندامن. ئێمه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی پاوان و دارستان له‌سه‌ر ئه‌وانه،‌ ئه‌و ڕووپێوییه‌ی ئه‌وان كردوویانه‌ ڕێژە‌ی سه‌وزایی له‌ هه‌رێمی كوردستان ١٢.٤% بووه،‌ كه‌واتە ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌مان ده‌وێت، نابێت ئه‌وه‌مان ‌بیربچێت كه‌ ئێمه‌ دراوسێی باشمان نییه‌، دراوسێكانمان له‌ ئه‌نجامی ئه‌و شه‌ڕانه‌ی كه‌ ده‌یكه‌ن بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و تۆپبارانكردنه‌كان، ته‌نیا له‌ ساڵی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٠، نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن دۆنم دارستانمان لێ سووتێنرا، له‌ ده‌سته‌ی ژینگه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ داین هه‌موو پڕۆژە‌یه‌ك كه‌ مۆڵه‌ت وه‌رده‌گرێت ده‌بێت له‌ ٢٥%ی سه‌وزایی بێت، ئه‌وانه‌ی پێشتریش كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بوون‌ ئێمه‌ پڕۆسه‌یه‌كمان هه‌یه‌ پێی ده‌وترێت له‌ بری سه‌وزكردن واتا جارێكی دیكه‌ پێی ده‌گه‌ینه‌وه،‌ هه‌ر له‌و پڕۆژە له‌ ساڵی ٢٠٢١ شه‌شسه‌د هه‌زار مه‌تر دووجامان به‌ كه‌رتی تایبه‌ت سه‌وز كردووه‌، له‌ بواری شاره‌وانیدا كه‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی هه‌یه‌، پارك و ئه‌ندازه‌ و باخچه‌كانی ناو شار ڕووبه‌ری سه‌وزاییان بۆ نزیكه‌ی ١٩%ڕۆیشتووه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش ڕێژە‌یه‌كی باشه‌.

- په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كان چۆنه‌، به‌ چ ئاراسته‌یه‌ك كارتان كردووه‌ بۆ زیادكردنی ڕووبه‌ری سه‌وزایی؟

عه‌بدولڕە‌حمان سدیق: ئه‌گه‌ر سه‌یری كاری ئێمه ‌و وه‌زاره‌ته‌كان بكه‌ین به‌ پێی یاسای ژمار ٨ی ساڵی ٢٠٠٨ ئه‌نجومه‌نی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌، ده‌بێت دوو مانگ جارێك به‌ پێی یاساكه‌ كۆببینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و چوارده‌ وه‌زاره‌ته‌، یان له‌گه‌ڵ هه‌ر وه‌زاره‌تێكی دیكه‌ش كه‌ پێمان باشه‌ كۆببینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیان و تیایدا باس له‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ پێویسته‌ پێشكه‌وتن له‌سه‌ر داخوازی هاووڵاتیان ئه‌نجام بدەن، به‌ڵام پێویسته‌ پێشكه‌وتنه‌كه‌ له‌سه‌ر حسابی ژینگه‌ نه‌بێت، به‌ڵكو پڕۆژە‌كانیان ژینگه‌ دۆست بن. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی كاره‌با كاتێك میوانداریمان كرد له‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ لەباره‌ی ئه‌و كارانه‌ی ده‌یكات له‌ بواری ژینگه،‌ خۆشبه‌ختانه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵی ڕابردوودا ٣ هەزار و ٥٠٠ مێگاوات كاره‌بای له‌ سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی خاوێن له‌ تیشكی خۆر ئاماده‌ كردووه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر چوارده‌ وه‌زاره‌تەکە‌ كه‌ ڕێنماییه‌كانی خۆمان به‌وان ده‌ڵێین ئه‌وانیش چاڵاكییه‌كانی خۆیان به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێنه‌وه‌.

-  پرۆژە‌یه‌ك هه‌یه‌ له‌ گه‌رمیان سوود له‌ گازه‌ ژە‌هراوییه‌كانی كێڵگه‌ی حه‌سیره‌ وه‌رده‌گیرێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با ئێوه‌ چ ڕۆڵێكتان ده‌بێت بۆ خاوێنڕاگرتنی ژینگه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م پڕۆژانه‌دا؟

عه‌بدولڕە‌حمان سدیق: له‌گه‌ڵ ده‌رهێنانی نه‌وت له‌ كێڵگه‌كاندا غازێك ده‌رده‌چێت كه‌ پێی ده‌وترێت غازی هاوه‌ڵ، چه‌ندین ساڵه‌ ئه‌م غازه‌ به‌ بێ سوود به‌فیڕۆ ده‌چێت و سوودی لێ وه‌رناگیرێت، ئه‌مه‌ یه‌كێك بوو له‌و هه‌واڵه‌ خۆشانه‌ی كه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌ ئێمه‌ی ڕاگه‌یاند كه‌ به‌ دوو جۆر سوود له‌و غازه‌ وه‌رده‌گیرێت له‌ چه‌مچه‌ماڵ و گه‌رمیان. یه‌كه‌میان بۆ وزه‌ی كاره‌با و دووه‌میان ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ دووباره‌ كۆگا ده‌كرێته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ ته‌نیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كراوه‌.

 

- چ ڕێنماییه‌كتان هه‌یه‌ بۆ ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن كۆمپانیاكانه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێن له‌ ڕووی ژینگه‌ییه‌وه‌؟

عه‌بدولڕە‌حمان سدیق: هه‌ر پڕۆژە‌یه‌ك سه‌ره‌تا له‌ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان یا له‌ پیشه‌سازی مۆڵه‌ت وه‌رده‌گرێت پاشان شاره‌وانی زه‌وی بۆ ته‌رخان ده‌كات و دواتر وه‌زاره‌تی كشتوكاڵیش لاریینه‌بوونی پێ دەدات، چونكه‌ ئه‌گه‌ر پڕۆژە‌كه‌ پیشه‌سازی بێت، نابێت له‌ سه‌ر زه‌وی كشتوكاڵی ئه‌نجام بدرێت، دواتر دێته‌ ده‌سته‌ی ژینگه‌. ده‌سته‌ی ژینگه‌ به‌پێی ڕێنمایی ١ی ساڵی ٢٠١٣ ڕە‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر ده‌دات، ڕە‌زامه‌ندییه‌كانی ده‌سته‌ی ژینگه‌ نزیكه‌ی ١٢ خاڵ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ خاوه‌نی پڕۆژە‌كه‌ جێبه‌جێی بكات و‌ ده‌سته‌ی ژینگه‌ش چاودێری ده‌كات، ئه‌گه‌ر كاره‌كه‌ی ئه‌نجام دابوو ئه‌وا ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌ و دواتر ڕە‌نگه‌ پێبژاردنیشی بۆ بكرێت یا بدرێته‌ دادگا. له‌ ساڵی ٢٠٢١ پێنج ڕێنمایی نوێمان ده‌ركرد كه‌ له‌ ژماره‌ ٢٧٥ی وه‌قایعی كوردستان بڵاو كرایه‌وه.‌ ڕێنمایی یه‌كه‌م تایبه‌ت بوو به‌ ڕاوکردن، هەروەها بۆ یه‌كه‌مینجار باخچه‌ی ئاژە‌ڵانمان خسته‌وه‌ ژێر چاودێریی ده‌سته‌ی ژینگه. ڕێنماییه‌كی دیكه‌ پێبژاردن و سزادانی سه‌رپێچیكارانه‌. یه‌كێكی دیكه‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و زیانانه‌ی كه‌ خاوه‌نی پڕۆژە به‌ ژینگه‌ی ده‌گه‌یه‌نێت. یه‌كێكی دیكه‌ له‌ ڕێنماییه‌كان، رێنمایی ژماره‌ ١ی ساڵی ٢٠٢٢ بوو كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خۆمان چاودێریی ده‌كه‌ین دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كاره‌ بۆ ده‌رچووانی ژینگه‌ هه‌روه‌ك چۆن سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ ٢ی شوباتی٢٠٢٢، ڕە‌زامه‌ندی بۆ ئێمه‌ نیشاندا كه‌ هه‌لی كار بۆ ده‌رچووانی ژینگه‌ بدۆزینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه‌ ڕە‌زامه‌ندیی ده‌سته‌ی ژینگه‌ وه‌رده‌گرن.

- ئێوه‌ هه‌لی كارتان بۆ ده‌رچووانی به‌شی ژینگه‌ی زانكۆ و په‌یمانگه‌كان ڕاگه‌یاند ئه‌مه‌ چۆنه‌ و كێ ده‌گرێته‌وه‌؟

عه‌بدولڕە‌حمان سدیق: ئێمه‌ ده‌رچوویه‌كی زۆری به‌شی ژینگه‌مان هه‌یه،‌ به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی له‌ چوار زانكۆی هه‌رێمی كوردستان به‌شی ژینگه‌ هه‌یه،‌ بیرمان له‌وه‌ كرده‌وه‌ چۆن هه‌لی كاریان بۆ بدۆزینه‌وه،‌ ئه‌وه‌بوو دوای لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی دوور و درێژ  بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌و پڕۆژانه‌ی دواجار ده‌سته‌ی ژینگه‌ ڕە‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر ده‌دات سه‌رمایه‌یه‌كی یه‌كجار گه‌وره‌یه‌، بۆ ئه‌و هیچی تێناچێت، ئه‌مه‌ سێ سوودی هه‌یه‌: یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ هه‌لی كار بۆ ده‌رچووانی به‌شی ژینگه‌ ده‌دۆزینه‌وه‌. دووه‌م سوودی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ بكات و سزا بدرێت ئه‌وه‌ چاودێره‌كه‌ یارمه‌تی ده‌دات له‌ ڕێنماییه‌كانی ئێمه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش له‌ به‌رژەوه‌ندی خاوه‌نی پڕۆژەكه‌یه‌، حاڵه‌تی سێیه‌میش ئه‌وه‌یه‌ وێڕای چاودێره‌ فه‌رمییه‌كه‌ی خۆمان، چاودێرێكی دیكه‌ش داده‌نێین كه‌ ده‌بێته‌ هاوكارێك له‌ نێوان ئێمه‌ و خاوه‌نی پڕۆژە‌كه‌. ده‌رچووی ژینگه‌ دێت له‌ فه‌رمانگه‌ی ژینگه‌ له‌ هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕاپه‌ڕین و گه‌رمیان فۆڕمه‌كه‌ی خۆی پێشكه‌ش ده‌كات و چاوه‌ڕێ ده‌كات. ئه‌و پڕۆژە‌یه‌ی كه‌ ئێمه‌ ڕە‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ده‌ده‌ین ده‌خرێته ‌به‌رده‌م ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌شدارن و له‌سه‌ر پڕۆژە‌كان داده‌مه‌زرێن. له‌ ڕێنمایی ١/٢٠٢٠ كه‌ له‌ وه‌قایعی كوردستان بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌مان باس كردووه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌موو مافێكیان هه‌یه‌ به‌ خانه‌نشینبوونیشه‌وه‌ و خاوه‌نی پڕۆژە‌كه‌ ناتوانێت ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ر بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاودێره‌كه‌ كاره‌كانی خۆی به‌باشی ئه‌نجام نه‌دا ئه‌وه‌ ئێمه‌ین دوای ئاگاداركردنه‌وه‌ ده‌توانین ئه‌و كه‌سه‌ لابده‌ین و یه‌كێكی دیكه‌ له‌ شوێنی دابمه‌زرێنین.

- پڕۆژە‌یه‌كتان هه‌یه‌ كه‌ كه‌سانی پسپۆرو شاره‌زا له‌ بواری ژینگه‌ ده‌هێنن و كۆنفرانسێكی گه‌وره‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن كه‌ سه‌رۆكی حكومه‌تیش تیایدا به‌شدار ده‌بێت زانیارییه‌كان له‌و باره‌یه‌وه‌ چین؟

عه‌بدولڕەحمان سدیق: كۆنفڕانسێمان هه‌یه‌ به‌ ناوی كۆنفڕانسی ژینگه‌یی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم پێی باش بوو له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی بێت، ته‌واوی ئه‌وانه‌ی له‌ ئاستی كونسوڵ و باڵیۆزی وڵاتان له‌ عێراق و ده‌سته‌ی ژینگه‌ و وه‌زاره‌تی ژینگه‌ی عێراق و ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی ده‌توانن پڕۆژە‌ی ژینگه‌ییان هه‌بێت. ئێمه‌ و ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ رێگه‌ی لیژنه‌یه‌كه‌وه‌ له‌ سه‌ر ئاستی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پێك هێنراوه‌ ڕێبه‌رێكمان به‌ ناوی ڕێبه‌ری سه‌وز ئاماده‌ كردووه‌، وه‌زاره‌ت به‌ وه‌زاره‌ت كه‌ ده‌توانن بڵێن ئه‌و پڕۆژانه‌مان هه‌یه‌ و ده‌توانن گازه‌ گه‌رمكه‌ره‌كان كه‌م بكه‌نه‌وه‌ و ببنه‌ هۆی پاراستنی ژینگه‌، ئه‌وه‌ به‌ سێ زمان ئاماده‌ و چاپ كراوه‌ و له‌ مانگی پێنج یا شه‌ش به‌ ئاماده‌بوونی ٥٠٠ كه‌س ئه‌نجام بدرێت و به‌ هه‌رسێ زمانی كوردی و عه‌ره‌بی و ئینگلیزی ده‌خرێته‌ به‌ر دیدی وه‌به‌رهێنه‌ران، كه‌ پێیان ده‌ڵێت ئه‌وه‌ پڕۆژە‌كانه‌ سوودی ماددی بۆ ئێوه‌ و سوودی ژینگه‌یی بۆ ئێمه‌ ده‌بێت. هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا پڕۆژە‌یه‌كی دیكه‌مان هه‌یه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی ١٥ ساڵی ڕابڕدوو و به ‌ته‌مه‌نی ده‌سته‌ی ژینگه‌ نه‌كراوه‌، هه‌ر یه‌كێك دێت كه‌ پڕۆژە‌یه‌كی هه‌بێت ده‌ڵێین ده‌بێت ڕاپۆرتێكی هه‌ڵسانگاندنی كاریگه‌ریی ژینگه‌یی ئاماده‌ بكه‌یت، پێشتر ئه‌گه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ی ژینگه‌ كرابێت و ڕاپۆرته‌كه‌ سێ ملیۆن دیناری تێچووبێت، ئه‌وا به‌ كه‌رتی تایبه‌تی داوه‌ و ئه‌وانیش هیچ باجێكیان به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌داوه‌، سه‌رۆكایه‌تی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران داوای لێكردین له‌ ڕێكه‌وتی ٢١ئایاری ٢٠٢٠ـە‌وه‌ ئه‌م كاره‌ ده‌بێت وه‌ك پسپۆرییه‌ك ده‌سته‌ی ژینگه‌ ئه‌نجامی بدات، بۆیه‌ ساڵ و نیوێكه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی دارایی گه‌شتووینه‌ته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێنماییه‌كه‌ ده‌ربچێت و بڵاویش بكرێته‌وه‌، ئێستا كه‌ ئه‌و كاره‌ بۆته‌ مایه‌ی  ئه‌وه‌ی كه‌ ساڵانه‌ به‌ خه‌مڵێنراوی بڕی ٦٠٠ هه‌زار دۆلار بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی دارایش به‌و شێوه‌یه‌ دابه‌شی كردووه‌ ٦٥%ی بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت و ٣٥%یش بۆ هاندانی فه‌رمانبه‌رانی ده‌سته‌ی ژینگه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

- ئێستا بابه‌تی كه‌مئاوی و وشكه‌ساڵی دوو كێشه‌ن كه‌ ڕە‌نگه‌ له‌ داهاتوودا ڕووبه‌ڕوویان ببینه‌وه‌ و حكومه‌تیش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌ هه‌وڵی جددی دایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌م كێشانه‌ كه‌م بكاته‌وه‌، ئێوه‌ وه‌كو ده‌سته‌ی ژینگه‌ ڕۆڵتان چی ده‌بێت له‌م ڕووه‌وه‌؟

عه‌بدولڕەحمان سدیق: كاتێك ده‌ڵێین ئاو گه‌وره‌تره‌ له‌وه‌ی وه‌زاره‌تێك یان ده‌سته‌یه‌ك جێبه‌جێی بكات،  بۆیه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان یاسایه‌ك ده‌رچووێندرا به‌ناوی یاسای پاراستنی ئاو، ڕاسته‌ سه‌رچاوه‌كانی ئاو سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵه‌ به‌ڵام ئه‌ركه‌كه‌ له‌وانیش گه‌وره‌تره‌، هه‌موو وڵاتان له‌ خه‌می پڕۆسه‌یه‌كن به‌ناوی پڕۆسه‌ی دروێنه‌كردنی ئاو، واتا به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك نابێت دڵۆپێك ئاو له‌ ده‌ست بده‌ین، ئێستا كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێت به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ئه‌و ئاوه‌ی هه‌یه‌ كۆ بكرێته‌وه‌ و دواتر چۆن ئیداره‌ی  بده‌ین و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین. سه‌ره‌نجام ئێمه‌ و وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاو له‌ په‌یوه‌ندیی به‌رده‌وامداین و هه‌ردوولاشمان ئه‌ندامین له‌ بۆردی باڵای به‌ڕە‌نگاربوونه‌وه‌ی وشكه‌ساڵی كه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ ساڵی پاره‌وه‌ دایمه‌زراندووه‌، ئێمه‌ هه‌میشه‌ وا ده‌ڕوانینه‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو كه‌ له‌ خه‌می زیادكردنی بڕی ئاون، ئێمه‌ش وه‌كو ده‌سته‌ی ژینگه‌ له‌ خه‌می باشتركردنی كوالێتی ئاوین، هه‌ردووكمان به ‌یه‌كه‌وه‌ كاره‌كه‌ ته‌واو ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئاو هه‌میشه‌ فه‌راهه‌م بێت بۆ هاووڵاتیان، به‌ڵام به‌ كوالێتییه‌كی باش. 

- له‌ بواری هۆشیاریی وه‌كو ده‌سته‌ی ژینگه‌ چیتان كردووه‌؟

عه‌بدولڕە‌حمان سدیق: له‌ بواری هۆشیاریدا ده‌سته‌ی ژینگه‌ فه‌رمانگه‌یه‌كی هه‌یه‌ به‌ ناوی هۆشیاریی ژینگه‌یی و ڕاگه‌یاندن، ئه‌و فه‌رمانگه‌یه‌ به‌ به‌رده‌وامیی په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری و ڕێنماییه‌كان له‌وان وه‌رده‌گرین و ئه‌و ڕێنماییانه‌ی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری وایكردووه‌ كه‌ بایه‌خی زیاتر بده‌ین به‌ بابه‌تی هۆشیاریی ژینگه‌یی، ئه‌مساڵ له‌ ڕووی هۆشیارییه‌وه‌ گرنگییه‌كی ته‌واومان داوه‌ به‌ قوتابخانه‌كان و ناوه‌نده‌كانی خوێندن، فه‌رمانگه‌كانی ئێمه‌ زۆربه‌ی قوتابخانه‌كانیان به‌سه‌ر كردووەته‌وه‌ له ‌سه‌رتاسه‌ری كوردستان، ئه‌مه‌ پێی ده‌ڵێن هۆشیاری په‌روه‌رده‌یی و له‌ ڕووی هۆشیاری جه‌ماوه‌ری، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ڕۆژی ٥ی حوزه‌یرانی كردووه‌ به‌ ڕۆژی جیهانیی بۆ ژینگه، خۆی داوای لێكردووین كه‌ وڵاته‌كان و هه‌رێمه‌كانیش ڕۆژیان هه‌بێت، بۆیه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانیش ڕۆژی ١٦ی نیسان ڕۆژی ژینگه‌ی كوردستانه‌، ئه‌وه‌ی دامانهێنا به‌ هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان به‌ ئاره‌زوومه‌ندانه‌ هه‌ریه‌كه‌ و ڕۆژێكی تایبه‌تی دیاریی كرد: رۆژی ٢٢/٩ ڕۆژی ژینگه‌ی گه‌رمیانه‌، ٢٣/١٠ ڕۆژی ژینگه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌، ٨/١١ ڕۆژی ژینگه‌ی پارێزگای سلێمانییه‌، ٤ی نیسان ڕۆژی ژینگه‌ی هه‌ولێره‌، ١/١١ ڕۆژی ژینگه‌ی دهۆكه‌، به‌ دووری نازانین هه‌ر قه‌زایه‌ك ڕۆژێكی تایبه‌تی هه‌بێت و یه‌كه‌م قه‌زا چه‌مچه‌ماڵ بوو كه‌ ١٥/١٠ دیاری كراوه‌، پێمان خۆشه‌ له‌ ئاسته‌كانی خواره‌وه‌ش ئه‌و ڕۆژە‌ هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ژینگه‌ ببێته‌ باسی رۆژ.‌

 

بۆ بینینى ڕاپۆرتى ڤیدیۆیى کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:

دامەزراندنى دەرچووانى بەشى ژینگەى زانکۆکان و کەڵکوەرگرتن لە وزەی پاک و رێگریکردن لە گازی بەفیڕۆچوو - YouTube

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

١٦ی ئایاری ٢٠٢٢