Skip to the content

بەڕێوەبەرى گشتیی سەرچاوەکانى ئاو: كابینه‌ی نۆیه‌م دونیابینییه‌كی جیاوازی بۆ پرسی ئاو هه‌یه‌ و ستراتیژیشى بۆ داڕشتووەتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- سەبارەت بە ڕێژەى بارانبارین و کاریگەرییەکانى لەسەر کۆکردنەوە و گلدانەوەى ئاو، بەڕێوەبەرى گشتیی سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان گوتى: "پشتبه‌ستن به‌ داتاكانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كه‌شناسی و ئه‌و داتایانه‌ی كه‌ له‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ هه‌یه‌، هه‌مووی كۆ كراونه‌ته‌وه‌ و شیكارمان بۆیان كردووه‌، به‌ گوێره‌ی هه‌موو ئه‌و داتایانه‌ ڕێژە‌یه‌كی گه‌وره‌ی بارانبارین له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ ده‌گاته‌ ڕێژەی ٥٠% ئه‌م ساڵ كه‌می كردووه‌. هه‌روه‌ها زۆنی دووه‌ممان هه‌یه‌ له‌ نێوان ڕێژە‌ی ٥٠% تا ڕێژەی ٢٠%، هاوكات زۆنی سێیه‌م كه‌ بچووكترین زۆنه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، بارانبارین تیایدا كه‌مترین ڕێژە‌ی لێ تۆمار كراوه‌. بۆیە دەبینین به‌راورد به‌ تێكڕای ساڵانی ڕابردوو ته‌نها له‌ چوار شوێنی هه‌رێمی كوردستان باشترین ڕێژە‌ی باران باریوه‌ کە ئەوانیش بریتین لە‌ هه‌ر دوو ناوچه‌ی مه‌یدان و به‌مۆ له‌ گه‌رمیان، كانی ماسی له‌ دهۆك، ڕواندز و پیرمام له‌ هه‌ولێر، ماوه‌ت له‌ سلێمانی، له‌م شوێنانه‌ ڕێژە‌ی باران به‌راورد به‌ ڕێژەی ئاسایی لە‌ ٢٠% کەمی کوردووە ئه‌گه‌رنا ڕێژە‌ی بارانبارین له‌ هەندێک شوێن لە ٢٠% به‌ره‌و خواریش تۆمار كراوه‌.

وه‌كو ده‌رئه‌نجامێك بۆ پڕۆژە‌ ئاودێرییه‌كان و گۆڕانی ئاو و هه‌وا، داتاكان مایه‌ی سه‌رسوڕمانن. ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار له‌ به‌رده‌م شیكردنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنیان تووشی ئاسته‌نگ ده‌بین، بۆ نموونه‌ له‌م ساڵدا له‌ شه‌ش مانگی بودجه‌ی ئاوی كه‌ له‌ مانگی ١٠ تا مانگی ٤ ـه‌، ئه‌و ڕێژە ئاوه‌ نوێبووه‌وه‌ی كه‌ هه‌مانه‌، نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ٦ ملیار مه‌تر سێجای ئاو! له‌ كاتێكدا له‌ ساڵانی ئاسایی ئه‌م ڕێژە‌یه‌ له‌ سه‌رووی ٢٠ ملیارەوە بووه‌. سه‌باره‌ت به‌ ڕووباره‌كانیش هه‌مان شته‌، بۆ نموونه‌ ڕووباری سیروان به‌ ڕاده‌یه‌كی زۆر مه‌ترسیدار كه‌می كردووه‌ كه‌ كه‌مكردنه‌كه‌ی ده‌گاته‌ نزیكه‌ی ٧٠٠ ملیۆن سێجا! خابوور كه‌متره‌ له‌ نیو ملیار، زێی گه‌وره‌ له‌ دوو ملیار و نیو زیاتره‌ له‌ كاتێكدا ئه‌م زێیه‌ شاده‌ماری ئاوی هه‌رێمی كوردستانه‌!  به‌ گشتی داتاكان ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌خه‌نه‌ ڕوو كه‌ ڕێژە‌ی ئاوی نوێبووه‌وه‌ زۆر كه‌م و مه‌ترسیداره‌، كه‌ ده‌كاته‌ یه‌ك له‌سه‌ر سێی حاڵه‌تی ئاسایی ئاوی نوێبووه‌وه‌ له‌ شه‌ش مانگی وه‌رزی بودجه‌ی ئاوی ئه‌مساڵ، واته‌ نزیكه‌ی ٧٠%ـی ئاوی نوێبووه‌وه‌مان له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ده‌ست داوه‌.

 

سەبارەت بە کەمبوونەوەى ئاوى ژێرزەوی و مەترسییەکانى، د. کاروان سەباح حەمەساڵح، بەڕێوەبەرى گشتیی سەرچاوەکانى ئاو لە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان، گوتى: "به‌هۆی كه‌مبارانییه‌وه‌ ئاوی ژێرزه‌ویش به‌رده‌وام له‌ كه‌مبوونه‌وه و داكه‌وتندا بووه‌،  له‌ به‌رانبه‌ریشدا ئاوێكی زۆری ژێرزه‌ویشمان به‌رده‌وام ده‌رهێناوه‌، چونكه‌ به‌ چه‌ندان هۆكاری جیاواز بیر له‌ هه‌رێمی كوردستان لێ ده‌درێت. بۆیه‌ له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ پلانمان هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دنیابینییه‌كی جیاوازی بۆ پرسی ئاو هه‌یه‌ و له‌ داڕشتنه‌وه‌ی ئه‌و ستراتیژییه‌داین. بابه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ له‌ پلانه‌كه‌دا بریتییه‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌كارهێنانی ئاوی ژێرزه‌وی، چونكه‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی ئاوی ژێرزه‌وی خودی ده‌رهێنانی ئاوی ژێرزه‌وییه‌،  به‌ پێی هه‌موو داتاكانیش ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ئاستی ئاوی ژێرزه‌وی له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌م بووته‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر، بۆ نموونه‌ یه‌كێك له‌و بیرانه‌ بیری ئاوی مه‌لائۆمه‌ره‌ كه‌ ١٠٠ مه‌تر كه‌می كردووه‌،  ئه‌مه‌ بۆ هه‌موو شوێنه‌كان دروسته‌، بۆ نموونه‌ له‌ پێده‌شتی هه‌ورامان و شاره‌زوور كه‌ ناوچه‌یه‌كی زۆر ئاوییه‌، به‌ڵام به‌ هه‌مان شێوه‌ ئاستی ئاوی ژێرزه‌وی له‌ كه‌مبوونه‌وه‌دایه‌ و ١٠ مه‌تر كه‌می كردووه‌، واته‌؛ له‌ هه‌موو هه‌رێمی كوردستان شوێنێك نییه‌ به‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو نه‌كه‌وتبێت! كه‌ ئه‌مه‌ش زه‌نگێكی مه‌ترسیداره‌، چونكه‌ ئه‌م ئاوه‌ به‌ ته‌نها مافی ئێمه‌ی به‌ سه‌ره‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكوو مافی نه‌وه‌كانی داهاتوویشیان به‌ سه‌ره‌وه‌یه‌.

 

تایبەت بە وەڵامى پرسیارى "کشتوکاڵى هەرێمى کوردستان مەترسى لەسەر نییە بە هۆى ئەو کەمئاوییەى کە باستان کرد؟"، دکتور کاروان گوتى: ئێمه‌ پێویستمان به‌ داڕشتنه‌وه‌ی سیاسه‌تێكی نوێی كشتوكاڵی هه‌یه‌،  هه‌ندێك ناوچه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی گۆڕانی ئاو و هه‌واوه‌ ناكرێت هه‌مان حیسابی ساڵانی حه‌فتاكان و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌می بۆ بكرێت، چونكه‌ ئێستا واقیعێكی نوێ له‌ ئاو و هه‌وا دروست بووه‌. له‌ ڕابردوودا ئه‌گه‌ر چه‌ند ساڵێك باران مسۆگه‌ر بووه‌ و ساڵێك نامسۆگه‌ر بووه‌، به‌ڵام ئێستا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه‌ ساڵێك باران مسۆگه‌رە و چه‌ند سالێك نامسۆگه‌ره‌!  ئێمه‌ له‌ ڕاپۆرتی خۆمان كه‌ پێشكه‌شی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و ئاومان كردووه‌، په‌نجه‌مان خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و ناوچانه‌ی ئاو تێیدا به‌ خه‌سار ده‌درێت، ئیتر ده‌بێت كۆتایی به‌ دانچاندنی گه‌نم له‌و ناوچانه بهێنرێت و لەبرى ئەوە جۆ یان هه‌ر به‌روبومێكی تر كه‌ پێویستی به‌ ٢٠٠ ـ ٢٥٩ ملم بارانی ساڵانه‌ هه‌بێت بچێنرێت، بۆیه‌ له‌مه‌شدا پێویستمان به‌ دابه‌شكاری چاندنی به‌روبومه‌ كشتوكاڵییه‌كان هه‌یه‌،‌ ئه‌مه‌ش كارێكی زۆر ئاسان نییه‌، ته‌نانه‌ت له‌ لای خه‌ڵكی، چونكه‌ ئاسان نییه‌ باوه‌ڕ به‌ جووتیارێك بهێنرێت ئه‌و به‌روبوومه‌ بچێنێت كه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت، هاوكات ئێمه‌ كێشه‌ی بازاڕمان هه‌یه‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ ڕووی جوگرافییه‌وه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كی داخراوین و له‌سه‌ر ده‌ریا نین و بازرگانیمان كارێكی ئاسان نییه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌رمان، ته‌نانه‌ت له‌ لایه‌ن حكومه‌تی عێراقیشه‌وه‌ به‌رده‌وام كێشه‌مان بۆ دروست ده‌كرێت، بۆیه‌ ئەمانە وای كردووه‌ كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌یش بابه‌تێكی ئاسان نه‌بێت، بۆیە پێویستمان به‌ ده‌ریچه‌یه‌كی ستراتیژی هه‌یه‌ بۆ ئه‌و دابه‌شكارییه‌ جوگرافییه‌ به‌ گوێره‌ی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له‌‌ ئاو و هه‌وا ڕوویان داوه‌. له‌ لایه‌كی تر پێویستمان به‌ هێنان و هاورده‌كردنی بنه‌تۆی نوێ هه‌یه‌، به‌ پێی زانیارییه‌كان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ تایبه‌ت كابینه‌ی نۆیه‌م ئێستا كار له‌سه‌ر چه‌ند جۆرێكی نوێی بنه‌تۆ ده‌كات كه‌ وا ده‌كات به‌رگه‌ی بارانێكی كه‌متر و پله‌یه‌كی وشكی زیاتر بگرێت و به‌رهه‌م بداتەوە.

 

سەبارەت بەوەى کە بەم بێ ئاوى و گۆڕانە کشتوکاڵییە، مەترسى ناکەوێتە سەر گوندەکان و کۆچ ڕوونادات بۆ نێو شارەکان لە کاتێکدا لە کوردستان گوند بڕبڕەى بەرهەمهێنانى کشتوکاڵییە؟، د. کاروان سەباح حەمەساڵح، بەڕێوەبەرى گشتیی سەرچاوەکانى ئاو لە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان باسى لەوە کرد کە "له‌و ئامار و ڕووپێوییانه‌ی كردوومانن و له‌و ڕاپۆرته‌یشی كه‌ پێشكه‌شی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵمان كردووه‌، به‌ داخه‌وه‌ داتاكان باش نین و پێویستی به‌ هۆشیاربوونه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ ئاستی داموده‌زگه‌ حكومییه‌كان و له‌ ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ و له‌ ئاستی ڕێكخراوه‌كان، ئێمه‌ له‌ ڕووپێوی خۆمان كه‌ له ‌ڕاپۆرته‌كه‌مان بۆ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ به‌رز كردووەتە‌وه‌، به‌ داخه‌وه‌ نیوەى گونده‌كانی هه‌رێمی كوردستان مەترسى کەمئاوییان لەسەرە.‌ بۆیە لەم چوارچێوەیە دەکەوینە‌ به‌رده‌م به‌رپرسیاریه‌تی و پێویست ده‌كات هۆشیار بین، بۆ نموونه‌ كاتێك بڕیاری دروستكردنی به‌نداو ده‌درێت ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ سیاسی ده‌كرێت، له‌ كاتێكدا ئێمه‌ ڕاستگۆین و هیچ مامه‌ڵه‌یه‌كی سیاسی له‌گه‌ڵ ئاو ناكه‌ین، كه‌ لێره‌ و له‌وێ هه‌ڵای بۆ دروست ده‌كرێت و ده‌خرێته‌ ناو چوارچێوه‌ و ڕاڤه‌ی سیاسی. ئێمه‌ پێویستمان به‌ گلدانه‌وه‌ی ئاو و دروستكردنی به‌نداو هەیە، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش پێویسته‌ پشتگیریی كۆمه‌ڵگه‌ و میدیا هه‌بێت، چونكه‌ دۆخه‌كه‌ باش نییە.

 

لە کابینەى نۆیەم بڕیارى دروستکردنى ٧ بەنداوى گەورە درا و تا ئێستاش کار لەسەر ئەم پڕۆژانە دەکرێت، دکتۆر کاروان سەبارەت بە گرنگى دروستکردنى بەنداو و پۆند و چارەسەرى مەترسییەکان، گوتى: كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر جه‌خت له‌سه‌ر پرسی ئاو ده‌كاتەوە و بایه‌خی جددی بۆی هه‌یه‌، ئێمه‌ ده‌بێت له‌ داتا و ستراتیژە‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ین، پاشان له‌سه‌ر بنه‌مای پلان چاره‌سه‌ر بۆ دۆخه‌كان دابنێین. هاووڵاتی مافی خۆیه‌تی ئاوی هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌م جۆره‌ كار و پڕۆژانه‌ كاتێكی زۆری ده‌وێت، به‌ تایبه‌ت كه‌ ڕەنگه‌ بۆ دۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان ده‌سخستنی پاره‌ ئاسان نه‌بێت، به‌ گوێره‌ی ڕووپێوییه‌كه‌ی ئێمه‌ نزیكه‌ی ٦٧٠ پۆند ده‌توانێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، كه‌ ئه‌مه‌ش پاره‌یه‌كی زه‌به‌لاح و زه‌وییه‌كی زۆری ده‌وێت، به‌ تایبه‌ت كه‌ پێویستی به‌ دیراسه‌یه‌كی وردتر هه‌یه‌. هه‌روه‌ها دوای دروستكردنیان ساڵانه‌ پێویستی به‌ چاكسازی ده‌بێت. ئێمه‌ چه‌ند پۆندمان له‌ هه‌ولێر، قه‌ره‌داغ و گه‌رمیان دروست كردووه‌ و خزمه‌تێكی زۆری خه‌ڵكیان كردووه‌، بۆ نموونه‌ له‌ سنووری گه‌رمیان به‌ هۆی پۆنده‌وه‌ خه‌ڵكێكی زۆر توانیویانه‌ سوود له‌ ئاوی خواردنه‌وه‌ و به‌خێوكردنی مه‌ڕوماڵات و كشتوكاڵ ببینن، به‌ داخه‌وه‌ هه‌ندێك پڕۆژە‌مان هه‌یه‌ ده‌ستدرێژیان كراوه‌ته‌ سه‌ر،  بۆ نموونه‌ به‌ گوێره‌ی ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی به‌ ده‌ست ئێمه‌ ده‌گات خه‌ڵكێك هه‌یه‌ ئاو به‌ نایاسایی ده‌فرۆشنه‌وه‌، واته‌ ئێمه‌ بۆ خزمه‌تی ئاژە‌ڵداری و كشتوكاڵ و ئاوی خواردنه‌وه‌ دروستمان کردوون‌، كه‌چی خه‌ڵكێك هه‌یه‌ به‌ جۆرێكی تر سوودی لێ ده‌بینێت.

 

د. کاروان سەباح حەمەساڵح، بەڕێوەبەرى گشتیی سەرچاوەکانى ئاو لە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان، باسى لە گۆڕانى ئاو و هەوا کرد لە هەرێمى کوردستان و گوتى: گۆڕانی ئاو و هه‌وا بابه‌تێكی جیهانییه‌ و كاریگه‌ری به‌سه‌ر هه‌موو جیهان هه‌بووه‌ و زه‌وی به‌ره‌و وشكتربوون چووه‌ و ده‌چێت، به‌ پێویستی ده‌زانم هه‌موومان به‌ هاووڵاتیانیشه‌وه‌ ئاماده‌یی ئه‌وه‌مان تێدا بێت بۆ دۆخێكی وشكتر له‌ ئێستا، كه‌ به‌دڵناییه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی وشكبوونێكی زیاتر ده‌بینه‌وه‌! به‌ پێی توێژینه‌وه‌كان تا ئاستی ٦٠% ئاوی سه‌رزه‌وی له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌م ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ باران كه‌م ده‌بێته‌وه‌ و به‌فربارین به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چێت، كێشه‌كه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ باران كه‌می كردووه‌، به‌ڵكو ڕیتمی بارانبارانیش گۆڕانی به‌ سه‌ردا هاتووه‌،  بۆ نموونه‌ ئه‌و بارانه‌ی پێشتر به‌ مانگێك ده‌باری، ئێستا به‌ دوو ڕۆژ ده‌بارێت،  ئه‌مه‌یش لافاو دروست ده‌كات و له‌ بری قازانج زیانی ده‌بێت. وه‌ك ئاماژە‌م بۆ كرد ده‌بێت بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێكی دروستبوونی لافاوی گه‌وره‌ و وشكبوونێكی تۆقێنه‌ر ئاماده‌ بین. چاره‌سه‌ر دوو شته‌: یه‌كه‌میان كه‌مكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانه‌، چونكه‌ به‌ ڕاستی ناتوانین زیانه‌كانی گۆڕانی ئاو و هه‌وا بكه‌ینه‌ سفر و ڕووبه‌ڕووی ببینه‌وه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ دیارده‌یه‌كی ته‌واو جیهانی و سروشتییه‌، به‌ڵام كار بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی كه‌م بكه‌ینه‌وه‌. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كابینه‌ی نۆیه‌م به‌ جددی كار له‌سه‌ر ئاوی ژێرزه‌وی و پاراوكردنه‌وه‌ی ئاوی ژێرزه‌وی ده‌كات كه‌ چل ساڵه‌ ئه‌و ئاوه‌ به‌ كار ده‌هێنرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئێمه‌ هه‌ندێك پرۆپۆزه‌لمان هه‌یه‌ و هه‌ندێك پسپۆڕی بیانیش له‌گه‌ڵمانن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین جارێكی تر ئاوی ژێرزه‌وی ببووژێنینه‌وه‌ و پاراوی بكه‌ینه‌وه‌. هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ری دووه‌م، بریتییه‌ له‌ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ئه‌م وشكییه‌، واته‌ كه‌متر ئاو خه‌رج بكرێت و توانستی ئاو زۆر بكرێت و پێویست ده‌كات سیاسه‌تێكی نوێی ئاوی دابڕێژرێت. ئه‌و سیاسه‌ته‌ ئاوییه‌ی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ئاوه‌ی به‌ كه‌رتی كشتوكاڵی ده‌ده‌ین كه‌می بكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام به‌روبومی كشتوكاڵی كه‌م نه‌بێته‌وه‌،  واته‌ ئێمه‌ به‌فیڕۆدانی ئاو له‌ كه‌رتی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی كه‌م بكه‌ینه‌وه‌،  ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ كار دێت ده‌بێته‌ ئاوی ئاوه‌ڕۆ و جارێكی تر خاوێن بكرێته‌وه‌ و سوودی لێ ببینرێته‌وه‌، به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئاژانسی جایكا  خه‌ریكی ئه‌و كاره‌ن كه‌ ئاوی ئاوه‌ڕۆی هه‌ولێر جارێكی تر پاك بكرێته‌وه‌ و به‌ كار بهێنرێته‌وه‌.

 

بۆ بینینى ڤیدیۆى ڕاپۆرتەکە کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:

چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێوەبەرى گشتیی سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان - YouTube