Skip to the content

تاقیکردنەوەى ملیۆنێک و ٧٠٠ هەزار قوتابی لە سەرتاسەرى هەرێم دەستى پێ کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان،  عێراق  (GOV.KRD)- دوای ته‌واوبوونی پڕۆسه‌ی خوێندنی قوتاببیانی پۆله‌ ناكۆتان له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی ٨ ی ئایاری ٢٠٢٢، تاقیكردنه‌وه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێ كرد و بڕیاریش وایه‌ له‌م سێ مانگه‌دا تاقیكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م پۆله‌كانی قوتابیان ته‌واو ببێت كه‌ تیایدا ملیۆنێك و حه‌وتسه‌د هه‌زار قوتابی به‌شداریی تێدا ده‌كه‌ن.

ڕێکەوتى تاقیکردنەوەکان:
وادەی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان بۆ پۆلە ناکۆتا و پۆلە کۆتاکان لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان کە تیایدا ملیۆنێک و ٧٠٠ هەزار قوتابی و خوێندکار تێدایە بەشدار دەبن، بەم شێوەیەیە:
- تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەمی خولی یەکەم، بۆ پۆلە ناکۆتاکان (پۆلی ٤ ی بنەڕەتی تا ١١ ی ئامادەیی - جگە لە پۆلی ٩ی بنەڕەتی)، ئه‌مڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی ٨ ی ئایاری٢٠٢٢ ى زایینى، دەستی پێكرد.
- تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان (جگە لە پۆلی ٩ی بنەڕەتی)، لە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٧ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٢ ى زایینى دەست پێ دەکات.
- تاقیکردنەوەی نیشتمانی خولی یەکەمی پۆلی ٩ی بنەڕەتی (ئەکادیمی و خوێندنی ئیسلامی)، لە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٠ی ئایاری ٢٠٢٢ی زایینى دەست پێ دەکات و تیایدا (١١٦,٧٧٧) قوتابی بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکەن کە ئەم ژمارەیەش لە (٢,٥٥٣) ھۆڵی ئەزموونیدا تاقیکردنەوەکانیان ئەنجام دەدەن.
- تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی ٩ی بنەڕەتی، لە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١١ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٢ى زایینى دەست پێ دەکات.
- تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەمی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بە ھەموو بەشەکانییەوە، لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٨ ی ئایاری٢٠٢٢ ى زایینى دەست پێ دەکات.
- خولی یەکەمی ئەزموونە گشتییەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بە ھەموو بەشەکانییەوە، لە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٧ ی حوزه‌یرانی٢٠٢٢دەست پێ دەکات.
- خولی دووەمی ئەزموونە گشتییەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بە ھەموو بەشەکانییەوە، لە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٠ ی ئابی٢٠٢٢ ى زایینى دەست پێ دەکات.
- تاقیكردنەوەی کۆتایی ساڵى پەیمانگاكان لە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٠ی ئایاری ٢٠٢٢ی زایینى دەست پێ دەكات و تاقیكردنەوەی خوولى دووەمى كۆتایی ساڵیش لە ڕێکەوتى ٢ تا ١٣ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٢ی زایینى به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

هیچ قوتابییه‌ك مافی نافه‌وتێت
شەنگال لە ماوەى چەند ساڵى ڕابردوو شوێنێکى لەبار و ئارام نەبووە بۆ تاقیکردنەوەى قوتابیان و خوێندکارانى ئەو دەڤەرە و بە هاتنى ڕێکخراوى تیرۆریستى داعش و دواتر شەڕى لەنێوبردنى ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە و ئێستاش شەڕى پارتى کرێکارانى کوردستان و سوپاى عێراق و گرژییەکانى حەشدى شەعبی هۆکار بوونە بۆ نائارامیبوونى ناوچەکە و هەر ئەمەش واى کردووە هەم بنەماڵەیەکى زۆر ئاوارەى ناوچەکانى دیکە ببن.
سامان سیوەیلى وتەبێژى وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەم بارەوە و سەبارەت بە قوتابیانی سنووری قەزای شەنگال کە بەھۆی ڕەوشی ناسەقامگیری ناوچەکەیانەوە ئاوارە بوون و ڕوویان لە ناوچەکانی پارێزگای دھۆک کردووە، تایبەت بە فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری گوتی: وەزیری پەروەردە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دهۆک و پەروەردەی شەنگالی ڕاسپاردووە کە قوتابییە ئاوارەکانى شەنگال کە لە کەمپەکانى دهۆک و یا دەرەوەى کەمپەکان نیشتەجێن، دەتوانن لە قوتابخانەی ناو کەمپەکان و ئەوانەی دەرەوەی کەمپەکانیش لە نزیکترین قوتابخانە ناویان تۆمار بکرێت بۆ ئەوەى تاقیکردنەوەکانیان ئەنجام بدەن و پاشان نمرەکانیان لە ڕێگەی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دهۆکەوە بچێتەوە قوتابخانەکانی خۆیان.
سیوەیلى سەبارەت بەو قوتابیانەی کە بە هۆی دۆخی ئێستایان ئامادە نین بۆ تاقیکردنەوە، باسى لەوە کرد کە وەک وەزارەتى پەروەردە دەسەڵاتی تەواو دەدەین بە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک بۆ ئەوەى لە کاتێکی دیکە و گونجاو، تاقیکردنەوەیان بۆ ئەنجام بدەن بە جۆرێک هیچ قوتابییەک لەو قوتابیانە بە هۆی بەجێهێشتنی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیانەوە نابێت مافیان بفەوتێت.
وتەبێژى وەزارەتى پەروەردە باسى لەوەش کرد کە بۆ یەکەمجارە خوولى دووەم له‌ مانگى شەش ئه‌نجام ده‌درێت، چونکە هەموو ساڵێک لە مانگى ٩ـدا ئەنجام دراوە و ئەمەش گۆڕانکارییەکى ئەرێنییە کە لە پڕۆسەى پەروەردە دەکرێت .

ئاماده‌كاریی بۆ تاقیكردنه‌وه‌كان ته‌واو بوونه‌
بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئەزموونەكان لە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ، هەموو ئامادەكارییەكی پێش تاقیكردنەوەكانى کردووە له‌ ڕووی هۆڵەكانی تاقیكردنەوە و دابینكردنی ماسك، تەنانەت بۆ ئەزموونە گشتییەكانی بەشە زانستییەكانیش ئامادەكاری ته‌واو كراوه‌. هەروەها لیژنە باڵا و فەرعییەكانی ئەزموونە گشتییەكانی پارێزگا و قەزاكان كار لەسەر فەراهەمكردنی كەشێكی لەبار دەکەن بۆ قوتابیان تا بە باشترین شێوە تاقیكردنەوەکان بەڕێوە بچن و وەزیری پەروەردەش بەردەوام لەسەر هێڵە و پەرۆشی باش بەڕێوەچوونی كارەكانە و ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە چارەسەركردنی هەر جۆرە گرفتێك و دەستەبەركردنی پێداویستییەكان بۆ هۆڵی تاقیكردنەوەكان.

په‌ڕه‌ی سۆمۆ گۆڕانكاریی تێدا كراوه‌
پەڕەى سۆمۆ گرنگییەکى زۆر و تایبەتى هەیە و هەر ئەمەش واى کردووە کە بەردەوام کارى لەسەر بكرێت کە دڵنیایی قوتابیى زیاتر بکات و هەمیش ڕێگە لە ڕوودانى هەر شتێکى نەخوازراو بگیرێت بۆ ئەوەى هەر قوتابییە و بە پێى ماندووبوون و خوێندن و خۆئامادەکردنى خۆى بچێتە قۆناغێکى دیکەى ژیانى کە ئەویش چوونە نێو پەیمانگە و زانکۆکانە. ئەمساڵ جگە لە گۆڕانکارییەکانى ساڵانى پێشوو، شوێنى پەنجەمۆرى قوتابی و وێنەکەشى بۆ زیاتر کراوە تا ١٠٠% پەڕى هیچ قوتابییەک تێکەڵ نەکرێت و یا نەگۆڕدرێت و دەبێت قوتابی کە دەچێتە تاقیکردنەوەکە دڵنیا بێت و هەموو زانیارییەکان بەراورد بکات لەگەڵ ناسنامەى تاقیکردنەوەکانى و هاوتاى یەکترى بن.
تایبه‌ت به‌ جیاوازییەکانى نێوان هەردوو (پەڕەى پرسیارەکان) و (پەڕەى وەڵامەکان)ـى قوتابی لە تاقیکردنەوەى پۆلى ٩ى نیشتمانى و ١٢ى ئامادەیی ئه‌وا قوتابی لە کاتى تاقیکردنەوەکانی دوو پەڕەى دێتە پێش کە یەکەمیان پەڕەى پرسیارەکانە بە قەبارەى (A3) پەڕەى دووەمیش پەڕەى وەڵامەکانە کە پێى دەگوترێت پەڕەى سۆمۆ بە قەبارەى (A4). قوتابی دەتوانێت لەسەر پەڕەى پرسیارەکان، شیکارى پرسیارەکان بکات و دواتر وەڵامە ڕاستەکەى بە ژمارە بخاتە سەر پەڕەى سۆمۆ، چونکە پەڕەى سۆمۆ بنەمایە بۆ پڕۆسەى نمرەدانان نەوەک ئەو دیاریکردنەى کە قوتابی لەسەر پەڕەى پرسیارەکان دەیکات.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری
٨ی ئایاری ٢٠٢٢