زیاتر لە هەزار نەخۆش لە سەنتەری تالاسیمیای هەولێر پشکنین و چارەسەری بێ بەرامبەر وەردەگرن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژى ٩ى ئایارى ٢٠٢٢ سەنتەری نوێی چارەسەری نەخۆشانی تالاسیمیا له شاری هه‌ولێر کرایەوە، سەبارەت بە گرنگیی كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری تالاسیمیا و ئەو خزمەتگوزارییانەى لەم سەنتەرەدا پێشكه‌ش دەکرێن، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دیمانەیەکی لەگەڵ دکتۆرە ئارین کاکەیی، بەرێوە بەری سەنتەری تالاسیمیا ئەنجامداوە.
سەبارەت بە ئەو خزمەتگوزارییانەی کە لەو سەنتەرەدا پێشکەش بە نەخۆشەکان دەکرێن دكتۆره ئارین كاكه‌یی راگەیاند:''له‌م سه‌نته‌ره‌دا نه‌خۆشه‌كان دوو كاری گرنگیان بۆ ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌وانیش وه‌رگرتنى خوێنە له‌گه‌ڵ مادده‌ی دژه ئاسن و پێدانی ڤیتامین به نه‌خۆشه‌كان، کە ئه‌م خزمه‌تگوزارییانه به بێ به‌رامبه‌ر ده‌درێته نه‌خۆشه‌كان و ڕۆژانەش به دوو شه‌فت و له كاتژمێر ٨ی به‌یانی تاكو ٥ی ئێواره كار ده‌كه‌ین.''
لەبارەى کۆى ژماره‌ی نه‌خۆشه‌كان و رێژەى سەردانیکردنیان بۆ ئەم سەنتەرەکە، دكتۆره ئارین كاكه‌یی ئاماژەی بەوەدا کە ژماره‌ی نه‌خۆشه‌كان له هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری هەزار و ١٩٦ نه‌خۆشه، کە ته‌نیا له هه‌ولێر ٧٥٠ نه‌خۆش هه‌یه، کە له ڕێگه‌ی بانكی خوێنه‌وه خوێنی پێویستیان بۆ دابین دەکرێت و مانگانه پێویستییان به هەزار و ٢٠٠ پاینت خوێن هه‌یه، چونكه مانگانه ٧٥٠ نه‌خۆش سه‌ردانیان ده‌كه‌ن و له ڕۆژێكیشدا ٥٠ نه‌خۆش سه‌ردانیان ده‌كه‌ن، به شێوه‌یه‌ك ٣٠ نه‌خۆش له به‌یانیان و ٢٠ نه‌خۆشیش له ئێواراندا، بۆ هه‌ر نه‌خۆشێكیش یه‌ك پاینت خوێن ده‌ده‌ن، به‌ڵام ڕه‌چاوی كێش و پله‌ی خوێن و ته‌مه‌نی نه‌خۆشه‌كانیش ده‌كرێت له كاتی پێدانی خوێن. پێشتریش کە سه‌نته‌ری تالاسیمیا نه‌بووه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه‌وه شوێنێكیان بۆ دابین كرابوو و خزمه‌تگوزاری پێویستیشیان پێشكه‌ش ده‌كرا، به‌ڵام ئێستا له ڕێگه‌ی ئه‌م سه‌نته‌ره‌وه خزمه‌ت پێشكه‌شی نه‌خۆشه‌كان ده‌كه‌ین.
به‌رێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری تالاسیمیای هه‌ولێر راشیگەیاند:''كاتێك نه‌خۆش سه‌ردانی ئێمه ده‌كات پشكنینی خوێن و ئاسن و هه‌ندێك ڤایرۆسی بۆ ده‌كه‌ین، چونكه له‌وانه‌یه له ڕێگه‌ی خوێن وه‌رگرتن تووشی ڤایرۆسێك ببن، ئێمه داوامان كردووه پشكنینی دیكه‌ش بۆ نه‌خۆشه‌كان له سه‌نته‌ره‌كه‌ی ئێمه ئه‌نجام بدرێت، وه‌كو پشكنینی ده‌ستنیشانكردنی نه‌خۆشی تالاسیمیا، به‌ڵام ئامێری پێویستمان له‌به‌رده‌ست نییه بۆ ئه‌م جۆره پشكنینه و ئه‌وه‌ی هه‌بووه پێشتر له‌كار كه‌وتووه و داوامان كردووه بۆمان چاكبكرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كاری پشكنینی پێ ئه‌نجام بده‌ین. ته‌نیا كێشەیەکیش كه هه‌مانبێت ده‌رزی (دیسفیڕاڵ)ـە كه ده‌رزی دژه ئاسنه و له هه‌موو عێراقدا نییه.''
سەبارەت بە پلان و ئامانجیان بۆ داهاتوو، دكتۆره ئارین كاكه‌یی گوتى، ده‌یانه‌وێت ئه‌و سه‌نته‌رەکە به‌شێوه‌یه‌كی سهردەمییانه و مۆدێرن پێشبخه‌ین و به شێوه‌یه‌كی سیستماتیك نه‌خۆشه‌كان به بێ ئه‌وه‌ی ماندوو بن سه‌ردانیان بكه‌ن، هه‌روه‌ها ده‌یانه‌وێت هه‌رچی كه‌موكوڕی ئه‌و سه‌نته‌ره هەیە چاره‌سه‌ری بكه‌ن و ته‌واوی چاره‌سه‌ره‌كان و ده‌رزی پێویست بۆ نه‌خۆشه‌كان دابین بكه‌ن.
بۆ بینینى ڤیدیۆى ڕاپۆرتەکە کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:
گرنگیی كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری نوێی تالاسیمیا و ئەو خزمەتگوزارییانەى لەم سەنتەرەدا پێشكه‌ش دەکرێن - YouTube
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٤ی ئایاری ٢٠٢٢