Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی ھەرێم، ڕەزامەندی دا لەسەر تەرخانکردنی زیاتر لە ٣٥٦ ملیار دینار بۆ چەند پڕۆژەیەکی ئاو لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان، لەبەر ڕۆشنایی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ھاووڵاتیان و کەمکردنەوەی مەترسیەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پاراستنی ئاوی ژێر زەوی و پاراستنی بیرەکانی ئاوی خواردنەوە و کەمکردنەوەی سیستەمی دابەشکردنی ئاوی خواردنەوە بە تانکەرین، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕەزامەندی دا لەسەر تەرخان و خەرجکردنی گوژمەی (٣٥٦،٦٧٤،١٤٤،٠٠٠) دینار ، بە شێوەی نەختینە و قۆناغ ، لەسەر بودجەی وەبەرھێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار، بە مەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بۆ ساڵی ٢٠٢٢ ، ئەو پڕۆژانە بریتیین لە :

یەکەم: چاکسازی لە ھێلەکانی گواستنەوەی ئاوی خواردنەوە لە (ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، ھەڵەبجە، سۆران، دەوروبەری سلێمانی، دەوروبەری گەرمیان، کۆیە، ڕاپەرین، ئاوی دەوروبەری دھۆک، زاخۆ و ئاکرێ).

دووەم: چاکسازی لە عەمبارەکانی پڕۆژەکانی ئاو( ئاو و ئاوەڕۆی ھەولێر، ئاوی سۆران، ئاوی سلێمانی، ئاوی دەوروبەری سلێمانی، ئاوی ھەڵەبجە، ئاوی دەوروبەری گەرمیان، ئاوی کۆیە، ئاوی ڕاپەرین، ئاوی دھۆک، ئاوی دەوروبەری دھۆک، ئاوی زاخۆ و ئاوی ئاکرێ).

سێیەم: دیزاین و دانانی سیستەمی پێشکەوتووی سکادا و دروستکردنی پڕۆژەی ستراتیجی وێستگەی پاڵاوتن بۆ ( ئاوی ھەولێر، ئاوی سۆران، ئاوی دەوروبەری ھەولێر، ئاوی سلێمانی، ئاوی دەوروبەری سلێمانی، ئاوی دەوروبەری گەرمیان، ئاوی کۆیە، ئاوی ڕاپەرین، ئاوی دھۆک، ئاوی دەوروبەری دھۆک، ئاوی کەلار و ئاوی زاخۆ).

چوارەم: دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ چاککردنەوەی پڕۆژەکان بۆ( ئاو و ئاوەڕۆی ھەولێر، ئاوی دەوروبەری ھەولێر، ئاوی سۆران، ئاوی دەوروبەری سلێمانی ، ئاوی کۆیە، ئاوی ڕاپەرین، ئاوی دەوروبەری دھۆک، ئاوی کەلار و ئاوی ئاکرێ).


فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٩ی ئایاری ٢٠٢٢