٤هەزار و ٢١٩ دۆسیە لە زیانلێکەوتووانی لافاوەکانی هەولێر قەرەبوو کراونەتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- سروە رەسوڵ، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای هەولێر بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاند، پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکانی هەولێر بەردەوامە و تاوەکو ئێستاش ٤ هەزار و ٢١٩ دۆسیە قەرەبوو کراونەتەوە.
سروە رەسوڵ روونیشیکردەوە کە لافاوی یەکەم کە لە رێککەوتی ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ لە هەولێر روویدا، زیانلێکەوتووانی ئەو لافاوە ٨٥٧ خێزان کەلوپەلی ناوماڵ و ٢٢٢ ئۆتۆمبێل قەرەبوو کراونەتەوە و بڕی قەرەبووەکەش ٥٠٠ هەزار دینارەوە بۆ چوار ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار بووە.
سەبارەت بە لافاوەکانی دووەم و سێیەمیش، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لافاوی دووەم و سێیەم لە رۆژانی ١٧کانوونی یەکەم ٢٠٢١ و ١٣کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ روویاندا بەهۆیانەوە ٢ هەزار و ٨٥٦ ماڵ و ٢٨٤ دووکان زیانیان بەرکەوت.
سروە رەسوڵ، ئاشكراشی کرد کە هەر دووکانێک بە بڕی ملیۆنێک دینار قەرەبوو کراونەتەوە و ماڵەکانیش بە ١٠٠ هەزار تاوەکو ٢ ملیۆن دینار بە گوێرەی هەڵسەنگاندنی لیژنە قەرەبوو کراونەتەوە.
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای هەولێر گوتیشی لە پرۆسەی قەرەبووکردنەوە، تا ئێستا نزیکەی ٢٠٠ ماڵ و دووکان و زیاتر لە هەزار ئۆتۆمبێل ماون قەرەبوو بکرێنەوە و لە کاتی لافاوەکانی هەولێریش زیانلێکەوتووان کەلوپەلی ناوماڵیان پێدراوە.
یۆ بینینى ڕاپۆرتى ڤیدیۆیى کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:
پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکانی هەولێر بەردەوامە - YouTube
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٨ی ئایاری ٢٠٢٢