Skip to the content

ئەنجومەنى وەزیران دوو بڕیار دەردەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- لە كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی ژماره‌ ٩٥ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران لە کە ڕێكه‌وتی ٢٦ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢٢، ئه‌نجام درا ژماره‌یه‌ك بڕیار له‌ كۆبوونه‌وەکه‌ دران کە پەیوەندییان بە دید و ستراتیژیی ئەنجومەنى گشتیى ڕاژە و ناوچە پیشەسازییەکانەوە هەبوو.

 

 بڕیاری ژماره‌ ١٧٨

 لە کۆبوونەوەکەدا دید و ستراتیژیی ئه‌نجومه‌نی گشتیی ڕاژە‌، كه‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ڕاژەوە خرایه‌ ڕوو پەسەند کرا. هه‌روه‌ها هه‌ر یه‌كه‌ له‌ وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی گشتیی ڕاژە‌، به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان بۆ گه‌ڵاڵه‌كردنی ڕە‌شنووسی یاسایی بۆ هێنانه‌كایه‌ی پله‌ی وه‌زیفی چۆڵ له‌سه‌ر میلاكی هه‌میشه‌یی و گرێبه‌ست بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٢ له‌ هه‌رێمی كوردستان و پابه‌ندكردنی وه‌زاره‌تی دارایی بۆ ته‌رخانكردنی دارایی پێویست بۆ ئه‌م پله‌ وه‌زیفیانه‌ و دواتر ڕە‌وانه‌كردنی بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ژماره‌ و جۆری ئه‌و پله‌ وه‌زیفیانه‌ش به‌ پێی پێویستی وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌ و فه‌رمانگه‌كان ده‌بێت، ڕێژەیه‌كی ئه‌و پله‌ وه‌زیفیانه‌ش بۆ پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌بێت  و هه‌ڵبژاردنی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای توانا و لێهاتووییان ده‌بێت نه‌ك ته‌نیا ماوه‌ی ڕاژە‌، دواتر ئه‌نجومه‌نی گشتی ڕاژە‌ تاوتوێی پێشنیاری پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی میلاكی وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌ نه‌به‌ستراوه‌كان به‌ وه‌زاره‌ت ده‌كات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێشینە ده‌درێت به‌ هه‌ڵگرانی بڕوانامه‌ باڵاكان و كارمه‌ندانی گرێبه‌ست و بابه‌تی به‌ گرێبه‌ستكردنی شێوازی وانه‌بێژی مامۆستایانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، نابێت ئه‌م بڕیاره‌ بارگرانی له‌سه‌ر حكومه‌ت دروست بكات.

 

بڕیاری ژماره‌ ١٧٩

هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەمواری بڕگەی ژمارە (٥)ی بڕیاری ژمارە (١٢٦) کرا و بەپێی ئەو هەموارە  بڕی كرێی ساڵانه‌ی ناوچه‌ پیشه‌سازییه‌كان بۆ ئه‌و زه‌ویانه‌ی ته‌رخانكراون بۆ پیشه‌كان له‌ ناوچەی پیشه‌سازی، به‌و بڕە‌ پاره‌یه‌ی دیاری كراوه‌ ته‌نیا بۆ حاڵه‌تی به‌كرێدان بۆ جاری یه‌كه‌م ده‌بێت، به‌كرێدانی زه‌وی له‌ ناوچه‌ پیشه‌سازییه‌كان ته‌نیا بۆ مه‌به‌ستی پیشه‌یی ئه‌و ناوچانه‌ ده‌بێت و ڕێگه‌ نادرێت كه‌سانی دیكه‌ كه‌ خاوه‌نی پیشه‌ و چالاكیی پیشه‌سازی نین به‌شداری له‌ به‌كرێدانی ئه‌و زه‌ویانه‌ بكه‌ن، نابێت جێبه‌جێكردنی ئه‌م بڕیاره‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م بره‌ودان به‌ پیشه‌ و پڕۆژە‌ پیشه‌سازییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان دروست بكات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی، ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانكاری جێبه‌جێكردنی ئه‌م بڕیاره‌ ده‌رده‌كات.