بۆردی ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەری پشتیوانێکى گەورەیە بۆ داهێنەرانى کورد
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتى ١٤ى تشرینى دووەمى ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانى سەرۆكی هەرێمى کوردستان، "بۆردی ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەری ـ KII" لە هەولێری پایتەخت دامەزرێنرا.
مەسرور بارزانى سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان کە خۆشى سەرۆکى بۆردەکەیە، لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندن و دەستبەكاربوونی ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەری بەڕێوەچوو، سەرەڕاى ئاماژەدان بە هێرشە مووشەکییەکەى سەر شاری كۆیە و زڕگوێز ساڵیادی ٢٣٨ ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانی، باسى لەوە کرد کە "ئەم دامەزراوەیە، وەرچەرخانێكی گرنگە بە ئاراستەی گەشەپێدان و گەشەپێدانی كۆمەڵگەكەمان، ئەویش دەستبەكاربوونی ناوەندێكە بۆ پەرەپێدانی توانا و بەهرەی گەنجان و پێشخستنی ئابووریمان، شوێنێك كە ژیان بە بیرۆكەكان دەبەخشێت، داهێنان تێیدا پەرە دەسێنێت و زانست و زانین تێیدا دەگەشێتەوە و داهێنانیش پاداشت دەكرێت".
سەرۆکى حکومەتى هەرێم باسى پرسێکى گرنگى کرد لەسەر کوردانى داهێنەرى تاراوگە و گوتى: "زۆر جار شوێنی كار و ناوەندەكانمان پێشوازییەكی گەرم لە بیروبۆچوونی ڕەخنەگرانە و ئاڵوگۆڕی بیروڕا ناكرێت و هان نادرێت، كە دەبێت ئەمە بگۆڕدرێ، داهێنان لەسەر بنەمای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە دەكرێت نەك بە فەرمان و بڕیار، داهێنەرترین شوێنەكانی جیهان ئەو شوێنانە نین كە لە لایەن خۆسەپێنەكانەوە حوكمڕانی دەكرێن، بەڵكوو لەسەر بنەمای كاری تیمی و بەیەكەوە هەڵكردن و كاركردن لە لایەن بەهرەدارە كارامەكانەوە دەكرێت، چونكە لەگەڵ زیادبوونی هەر ئەندامێكی تیمەكە، بەهای كار و بەرهەمەكە زیاد دەكات".
هەروەها نێچیرڤان بارزانی لە مەراسیمى دەستپێکى بۆردی ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەری، باسى لەوە کرد کە هەرێمى کوردستان بە دەیان لاوى داهێنەر و بیرۆکە نوێى هەیە، بۆیە "ئەم دامەزراوەیە زۆر پێویستە بۆ هەرێمەکەمان و پشتیگیرى و هاوکارى حکومەت و کەرتى تایبەت و ناوەندە زانستی و زانکۆییەکان زۆر گرنگە تا گەنجانى کوردستان و هەر کەسێکى خاوەن بیرۆکەى نوێ سوودى لێ وەربگرن و بوونى سەرۆکى حکومەت وەک سەرۆکى بۆردەکە و بوونى کۆمپانیا گەورەکانى کورد وەک پاڵپشتیکەرى ئەم ئینستیتیوتە، هۆکارە بۆ سەرکەوتنى ئەم بیرۆکەیە و گەشەپێدان و وەبەرهێنانى بیرۆکەى جوان بۆ کردنە بەرهەم و دەزانم جەنابی سەرۆکوەزیران چەندە بە ئەهمیەتەوە کارى لەسەر کردووە".
د. سەرباز شێخ نەجیب ئەندامی بۆردی بەڕێوەبەری ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی کوردستان، لە رێوڕەسمی راگەیاندنی ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی وتارێکی پێشکەش کرد و گوتى: "ڕاستە راگەیاندنی ئینستیتیوتەکەمان کەوتە ئەمڕۆ، بەڵام هەنگاوە بەراییەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە کردەیی کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەمڕۆوە دەرگاکانمان واڵا دەبن بۆ وەرگرتنی بیرۆکە و پڕۆژەکان لە رێگەی ماڵپەڕی (KII)، لای ئێمە هەموو بیرۆکەیەک بە ئەهەند وەردەگیرێن و کاریان لەسەر دەکرێت و پلانی سەرەکیشمان بریتی دەبێت لە گرێدان و توندوتۆڵکردنی حکومەت و دامەزراوە ئەکادیمییەکان و کەرتی تایبەت و یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی کردنەوەی ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی کوردستانیش دروستکردنی کەناڵێکی پەیوەندیی راستەوخۆییە بۆ دامەزراندنی داهێنەر و ئەکادیمییەکان بۆ خزمەتی نیشتمان و وڵاتی دایک، هاوکات ئاسانکاریی و زەمینەسازی دەبێت بۆ پڕۆژە و پێشنیارەکانیان".
هەر بۆ ئەم مەبەستەش و بۆ وەرگرتنى داهێنان و هزرە داهێنەرانەکانى تاکەکانى کورد و پەیوەندى کردن بە "بۆردی ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەری ـ KII"، ماڵپەڕێکى تایبەت لەم بوارە دامەزرێنراوە بۆ ئینستیتیوتەکە بە ناوونیشانى (https://www.kiinst.org) کە بە هەر سێ زمانەکانى کوردى و عەرەبی و ئینگلیزى بەرد دەستە.