جوتیار عادل: هەر کاتێک پێویست بکات شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکاتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- لە لێدوانێکیدا بۆ پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د.جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ شاندی بەغدا کەشێکی ئەرێنی هەبوو و درکمان بەوە کرد کە ئەوان دەیانەوێت رێکبکەون و لە کۆتاییدا دەبێت بگەینە چارەسەرێکی مامناوەند بەپێی وەرەقەی منهاجی وزاری و هەر کاتێکیش پێویست بکات شاندی حکومەت دەچێتەوە بەغدا.
د.جوتیار عادل، رایگەیاند:''ئێمە لە رۆژی یەکشەممەوە سەردانی بەغدامان کردووە، بەپێی ئەو بڕیارەی کە ئەنجومەنی وەزیران دەریکرد بۆ پێکهێنانی ئەم شاندە و لەسەر راسپاردەی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هەرچی زووە شاندی حکومەت بچێتە بەغدا، بۆ بەشداریکردن لە نووسینی بودجەی حکومەتی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٣. ئەوە بوو ئێمە سەردانی بەغدامان کرد و ماوەی چوار رۆژ ماینەوە و ئەمڕۆ گەڕاینەوە بۆ هەرێمی کوردستان.''
د.جوتیار عادل گوتیشی:''لە کۆبوونەوەکانمان باس لە چەند بابەتێک کرا، یەکێک لەوانە بابەتی موازەنە و وردەکارییەکانی موازنەیە کە ستافی وەزارەتی دارایی و سامانە سروشتییەکانیشمان لەگەڵدا بوو کە ئەمانە بەشداربوون لەوەی کە ژمارەکان ئامادە بکەن یان ئەو تێبینییانەی کە وەزارەتی دارایی هەیەتی یان ئەو خاڵانەی کە زۆر روون نین پێویستی بە روونکردنەوە هەبوو یان پێویست بوو رێکبخرێتەوە و ئەوکارانە کران و لەو دوو سێ رۆژە و ئامادە کران. ئەو لیستانەی کە میلاکاتە یان ئەو لیستانەی کە تەواوی خەرجی حکومەتی هەرێمی کوردستانە رادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی کرا.''
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند:''ئێمە لەسەرەتای ئەو سەردانەمان بۆ بەغدا باس لەوە کرا کە چ بنەمایەک هەیە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین رێكبكەوین، بێگومان مەسەلەی دەستوور و وەرقەی منهاجی وزاری، ئەمەش بوویە بنەمایەک بۆ قسەکردن لەسەر ئەو مەلەفاتانەی وەکو موازەنە و نەوت و دەروازە سنوورییەکان و چاودێری دارایی. کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگ بوو لەگەڵ شاندنی باڵای حکومەتی عێڕاقی کە ئەنجاممان دا و لەوێ باس لە ئەو چوار مەلەفە کرا و ئەو رێكارانەی کە پێویستە بۆ ئەوەی بزانرێت کە چی لەسەر ئەستۆی حکومەتی هەرێم و چ ئەستۆی حکومەتی عێراقە.''
ئەو ئەندامەی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا ئاماژەشی بەوەدا کە:''کۆبوونەوەکان بەردەوامن و بەردەوامیش دەبن، شاندی حکومەتی هەرێم هەرکاتێک پێویست بێت ئامادەیە سەردانی بەغدا بکات و لەوانەیە بەم نزیکانەش سەردانی بەغدا بکاتەوە بۆ ئەوەی ئێمە دیسانەوە قسە و باس لە سەر مەسەلەی بودجە بکەین و چاوەڕێ دەکەین لەماوەی مانگێک زیاتر یان کەمتر بودجەکە ئامادە بێت، چونکە تەنیا پەیوەست نەبوو بەوەی کە تەنیا حکومەتی هەرێم مابێت بیدات، لەبەر ئەوە ئامادەکاری هەمووی تەواو نەبوو بوو، هیوادارین ئەم گفتوگۆ و سەردانانانە ئەنجامی هەبێت و لە کۆتاییدا پشکی راستەقینەی هەرێمی کوردستان بەپێی ئیستیحقاقاتی دەستووری جێگیر بکرێت و ئەو مەلەفە و مەلەفەکانی تریش چارەسەر بکرێن. بەراستی کەشێکی ئەرێنی هەبوو و لەو کۆبوونەوانە درکمان بەوە کرد کە ئەوان دەیانەوێت رێکبکەون، بەڵام چۆن و لەسەر چی و بەچ شێوازێک ئەوە دەبێتە بابەتی گفتوگۆ و کە لە کۆتاییدا دەبێت بگەینە چارەسەرێکی مامناوەند بەپێی وەرەقەی منهاجی وزاری.''
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢