Skip to the content

لە دەشتى کۆیە پۆندێک دروست دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- بە ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و کاروان سەباح هەورامى، بەڕێوەبەرى گشتى سەرچاوەکانی ئاو، گرێبەستی کارکردن و دروستکردنی پۆندى (قەلەڕەش) ڕادەستی کۆمپانیایەک کرا کە لە ناحیەى ئاشتى سەر بە قەزای کۆیە دروست دەکرێت.
ئەم پۆندەى ناحیەى ئاشتى کە ٦٠٥ ملیۆن ٧٥٠ هەزار دیناری تێ دەچێت، توانای گلدانەوەی زیاتر لە ١٦٠ هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە و بەرزییەکەى دە مەتر و نیوە و جگە لە سوودمەندبوونى سەنتەری ناحیەکە، سێ گوندی دیکەش بە ناوەکانى (کانى هەندیر، قەسر خەرابە و خەرابە)ش لێى سوودمەند دەبن و ئاویان دەست دەکەوێت و ٥٥ دۆنم زەوی بەراو دەکات.
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سێ ساڵى ڕابردوودا بایەخێکی گەورەیان بە سێکتەری ئاو داوە و هەوڵ دراوە لە ڕێگەى دروستکردنى بەنداو و پۆندەوە، ڕێگرى بکرێت لە کەمئاوى و ئاوى ژێرزەوی زیاتر بکرێت و بشبێتە هۆى بووژانەوەى هەردوو کەرتى کشتوکاڵ و ئاودێرى و گەشتوگوزار، لەم ڕاستایەشدا تا ئێستا بڕیارى دروستکردنى ٩ بەنداوى گەورە و دەیان پۆند دراوە لە ناوچە جیاجیاکانى کوردستان.