Skip to the content

لە سێ ساڵی کابینەی نۆیه‌م ٥٧ قوتابخانە و دایەنگەی نوێ دروستکراون

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- دروستکردن و نۆژەنکردنەوە ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی کردەییە بۆ پێشخستنی توانای قوتابیان و دابینکردنی هەلی یەکسانی خوێندن و بەرزکردنەوەی کوالێتی خوێندن، لە ماوەی سێ ساڵی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ٥٧ قوتابخانە و دایەنگەی نوێ لە هەرێمی کوردستان دروستکراون و ٦٣٥ قوتابخانەی دیکەیش نۆژەن کراونەتەوە.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەستبەکاربوونی بڕیاریدا سێکتەری پەروەردە کە بناغەی گەشەسەندن و پێشکەوتنی گەلانە، بگەیەنێتە قۆناغێکی نوێ. لە سێ ساڵی رابردوودا جگە لەوەی سەرجەم دۆسیەی قوتابیان و قوتابخانەکان بە ئەلیکترۆنی کراوە، دەست بە پڕۆسەیەکی فراوانی نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی قوتابخانەی نوێش کراوە.

لە سێ ساڵی رابردووی کابینەی نۆیه‌مدا ٥٧ قوتابخانە و دایەنگە دروستکراون، کە ٢٠ هەزار و ١٣٦ قوتابی بەهۆیانەوە سوودمەند بوون، هەروەها ٦٣٥ قوتابخانەی دیکەش نۆژەنکراونەتەوە كه‌ نزیکەی ٣٤٠ هەزار قوتابی سوودیان لێ بینیوه‌ .

له‌ ئێستادا پڕۆسەی نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی قوتابخانە حکومییەکان بەردەوامە و، بەپێی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ ٢٩ قوتابخانەی دیکە دروست بکرێن و نۆژەن بکرێنەوە کە زیاتر لە ١٥ هەزار قوتابی بەهۆیانەوە سوودمەند دەبن.

لەلایەکی دیکەوە پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەی ٢٠٠ قوتابخانە دەستیپێکردووە و ٢٠ قوتابخانەی نوێش دروست دەکرێن، کە بە تیکڕا نزیکەی ١١٩ هەزار قوتابی سوودمەند دەبن.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی ئه‌و پلانه‌ی وەزارەتی پەروەردە دایناوه‌ ده‌یه‌وێت لەماوەی چوار ساڵی تەمەنیدا ٩٠ قوتابخانە دروست بکات و ٨٥٩ قوتابخانه‌ش نۆژەن بکاتەوە، تائێستاش توانیویەتی ٧٥%ی ئەو پلانە جێبەجێ بکات، بەهۆیانەوە نزیکەی ٥٠٠ هەزار قوتابی سوودمەند دەبن.