Skip to the content

بە تەواوبوونی پرۆژەی بە بازاڕ کردنی گەنمی جوتیاران، لە سلێمانی ٥ هەزار هەلی کار دەڕەخسێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی ستراتیژیی لە پارێزگای سلێمانی، کار بۆ چارەسەر کردنی کێشەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیارانی ئەو سنوورە دەکات، بە شێوەیەک کە بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیە، جوتیاران خەمی بەبازاڕکردنی گەنمیان نامێنێت.

پرۆژەی نیشتمانیی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە سلێمانی، پێکهاتووە لە ٣٠ سایلۆ، کە ساڵانە توانای وەرگرتنی ١٥٠ هەزار تۆن گەنمیان هەیە، لەگەڵ پێنج کارگەی بەرهەمهێنانی ئارد، ساوەر، بڕوێش، پاستە و عەلەفی ئاژەڵ.

جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە بەمەبەستی هەمەجۆرکردنی داهات و گرنگیدانە بە کەرتی کشتوکاڵی. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی ئەو پرۆژەیە لە سلێمانی رایگەیاند:''دەمانەوێت داهاتی کوردستان هەمەجۆر بکەین، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پێویستمان بە هاوردەکردنی هیچ بەرهەمێکی خۆراکی نەبێت و بتوانین هاوردەی دەرەوەشیان بکەین. ئەم کابینەیەش لە هەموو شتێک زیاتر بیر لەوە دەکاتەوە، کە ژێرخانێکی ئابووری بەهێز بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکات. ''

زاهیر زانا، بەڕێوەبەری پرۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاند:''پرۆژەکە لە چەند قۆناخێک پێکدێت، لەماوەی پێنج ساڵدا تەواو دەکرێت و ١٢٨ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت. ڕێژەی ٧٨٪ـی قۆناخی یەکەمی پرۆژەکە تەواوبووە، کە ١٢ سایلۆ بە توانای وەرگرتنی ٦٠ هەزار تۆن گەنم و کارگەی بەرهەمهێنانی ئارد لەخۆ دەگرێت.

ئێستا کارکردن لە پرۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە سلێمانی بەردەوامە، کە هەلی کاری بۆ ٣٠٠ کەس رەخساندووە.

بەرێوەبەری پرۆژەکە ئاشکرا کرد:''لەکاتی تەواوبوونی پرۆژەکە، زیاتر لە ٥٠٠٠ هەلی کاری بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ هاووڵاتییان دەرەخسێندرێت و لێی سوودمەند دەبن.''

پرۆژەکە پاڵپشتییەکی گرنگە بۆ جوتیاران لە پێناو ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان.

پشتیوان حەمەعەلی، لێپرسراوی بەشی بەرهەمهێنان و پەسەندکردنی بنەتۆو لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاند:''پرۆژەکە توانایەکی زۆری هەیە بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران، بە تەواو بوونی ئەو پرۆژەیە، جوتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی، کێشەی ساخکردنەوەی بەرهەمی گەنمی ساڵانەیان نامێنێت.''

پرۆژەی نیشتمانیی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە سلێمانی، یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتی کشتوکاڵی، کە لە ٢٣ـی ئایاری ٢٠٢١ بەردی بناخەی داندرا و بە تەواوبوونیشی؛ ئاسایشی خۆراک لە تەواوی سنووری پارێزگای سلێمانی دابین دەکات.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢