Skip to the content

بە چوار ملیار و ٦٥٠ ملیۆن دینار قۆناغی یەکەمی گۆڕینی بۆڕیی ئیفراز سێی هەولێر دەستیپێکرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD) – قۆناغی یەکەمی پرۆژەی گۆڕینی بۆڕیی ئیفراز سێی هەولێر کە ئاوی خواردنەوە بۆ ژمارەیەک گەڕەکی هەولێر دابیندەکات، ئەمڕۆ (دووشەممە، ١٧ـی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

بۆریی ئاوی ئیفراز سێ، دەکەوێتە باکووری هەولێر و نزیکەی ٤٠%ـی ئاوی شاری هەولێر دابین دەکات. لەماوەی رابردوودا بەهۆی کۆنییەوە چەند جارێک شکا و چاککرایەوە، بۆیە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بەمەبستی لەڕەگەوە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، ئەمساڵ بڕیاردرا بەتەواوی بگۆڕدرێت.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاند "ئەمڕۆ قۆناغی یەکەمی پرۆژەی گۆڕینی بۆڕی ئیفراز ٣ـی هەولێر دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. قۆناغی یەکەمی ئەو پرۆژەیە درێژییەکەی دوو هەزار و ٧٥٠ مەترە و تێچووی گۆڕینی چوار ملیار و ٦٥٠ ملیۆن دینارە".

درێژیی بۆڕیی ئیفراز سێی هەولێر، ١١ کیلۆمەترە. بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ هەروەها رایگەیاند "کۆی تێچووی گۆڕینی تەواوی ئەو بۆڕییە ٢١ ملیار دینارە. ماوەی دیاریکراو بۆ تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی پرۆژەکەش وەک کۆمپانیای جێبەجێکار پێی راسپێردراوە، ١١٠ بۆ ١٢٠ رۆژە".

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

١٧ى تشرينى يه‌كه‌مى ٢٠٢٢