Skip to the content

حکومەت لە هەوڵى تەواوکردنى هەردوو ڕێگەى (کەلار ـ دەربەندیخان) و (وارماوە ـ کەلار)ە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- لەم چەند ساڵەی ڕابردوو، قەیرانی دارایی و قەیرانە سیاسییەکان کاریگەرییان هەبوو لەسەر جێبەجێکردنى پڕۆژەکانى هەرێمی كوردستان، بەڵام كابینەی نۆیەمى حکومەت لە سەرەتای دەستبەكاربوونییەوە گرنگییەكی تەواوی بە ڕێگاوبان داوە و لەم نێوەندەشدا چاككردنی ڕێگای (كەلار ـ دەربەندیخان) و ڕێگای (وارماوە ـ كەلار)یە کە ئێستاش گوژمەیەكی تایبەتی بۆ دابین کردووەتەوە.

پێشتر بەهۆی نەبوونی بوودجەی پێویست، پڕۆژەکە وەستا بوو، بەڵام لەم کابینەیەدا و لەسەر داوای هاووڵاتیانی سنوورەکە دەست كرایەوە بە ئیشكردن تێیدا. ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئەم ماوەیە کارى لەسەر دوو تەوەر كردووە کە بریتین لە:
یەكەم: ڕێگای (كەلار ـ دەربەندیخان)
دووەم: ڕێگای (وارماوە ـ كەلار)، ئەوەی لە زەڕایەنەوە ڕەت دەبێت.
ڕێگای یەکەمیان، لە داهاتی ناوەخۆی سلێمانی هەفتانە ٢٠٠ ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كراوە، بەڵام ئەونجوومەنى پارێزگاى سلێمانى داواى كردووە ئەو ڕێژەیە زیاد بكرێت بۆ ملیارێک دینار، ئێستا ڕێكارە یاساییەكانی هەمووی تەواو بووە ئەوەی ماوەتەوە تەنیا تەرخانكردنی بوودجەكەیە.
ڕێگاى دووەمیش کە كاتی خۆی درابووە كۆمپانیایەك، تا نها ٧ ملیار بۆ ئەم پڕۆژەیە سەرف كراوە. ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى دووبارە داواى پێکهێنانى لێژنەیەكى بەدواداچوونی كردووە بۆ دیاریکردنی كەمتەرخەمی و كێشەکانى نێوان حكومەت و كۆمپانیاى جێبەجێکار تا دویاتر چارەسەر بکرێن.
تەواوبوونى ئەم ڕێگایانە هەم بۆ حکومەتى هەرێم و هەم بۆ خەڵکى ناوچەکەش وەک پڕۆژەى ستراتیژى سەیر دەکرێن، چونكە مانگانە چەندین ڕووداوى هاتوچۆى تێدا ڕوودەدا و هاووڵاتیییەکى زۆر دەبنە قوربانی.
مینا سامی محەمەد ئەمین ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێك بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری، گوتى: "ڕێگای كەلار ـ دەربەندیخان، ٦٠ ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە، بەڵام كیشەكە لە داهاتی ناوەخۆیە. ئێمە بە پێی یاسا، چەند جۆر داهاتمان هەیە کە دەكرێت لەسەریان پڕۆژەكان تەواو بكرێن کە ئەوانیش بریتین لە داهاتی نەوت و پڕۆژەكان و ئەو بڕە پارەیەی عیراق سەرفی دەكات بۆ سلێمانی، ئەم پڕۆژەیەش بڕیاری لەسەر دراوە کە لە داهاتی نەوت بودجەى بۆ تەرخان بكرێت".
بە پێی وتەی ئەندازیاری پڕۆژەكە، "تا ئێستا ٥٥%ی ڕێگای كەلار ـ دەربەندیخان تەواو بووە، بۆ خێرا تەواوکردنیشى پێویستە بوودجەی تەواومان بەدەست بگات".

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

١٧ى تشرينى يه‌كه‌مى ٢٠٢٢