دووەمین پێشانگهی نێودەوڵەتیی گەشتیاری لە دھۆک بەڕێوە چوو
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە کەرتی گەشتیاری، ڕۆژانی ٢٧ تا ٢٩ى ئەیلوولی ٢٠٢٢ دووەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی لە دھۆک بەڕێوە چوو.
بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری دهۆك و سەرۆكی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان، دووەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی گەشتیاری بەڕێوە چوو و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو.
لەمبارەیەوە رێوار محەمەد رەشید، وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری پارێزگای دهۆک بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند کە "١٥٠ کۆمپانیای ناوخۆیی و ٦٥ کۆمپانیای بیانی لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی گەشتیاریی دهۆک بەشدار بوون و لە ماوەی بەڕێوەچوونی پێشانگەکە ٣٠ گرێبەستی ھەماھەنگیی گەشتیاری لە نێوان کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بیانییەکان ئەنجام دران".
هەر لەم بارەوە ڕێوار محەمەد گوتى پێشانگەکە یارمەتیدەرە بۆ ڕاکێشانی گەشتیاری زیاتر بۆ ھەرێمی کوردستان و ھەر لە ڕێگەی پێشانگەکەش كۆمەڵێك بنكەی گەشتیاری و هاوینەوهەواری پارێزگای دهۆک ناسێنران.
پارێزگاى دھۆک، لە ڕووی گەشتیارییەوە گەورەترین پارێزگای هەرێمى کوردستانە و ٩٠٠ ناوەندى پشوودانی گەشتیاری وەک ھۆتێل، مۆتێل، کۆفی و ڕێستۆرانت و ٢٥٠ ھاوینەھەوارى گەشتیارى لەخۆ گرتووە کە بەردەوام کراوەن لەبەردەم گەشتیارانى نێو هەرێمى کوردستان و عێراق و دونیا.