Skip to the content

لە چەند رۆژی داهاتوودا ناوى دەرچووانى پۆلى ١٢ ڕادەگەیێندرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی سەرقاڵی ئامادەکاریەکانە بۆ پێشوازی کردن لە قوتابیانی نوێ ولە هەمان کاتیشدا هەنگاوەکان بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی هەرێم بەردەوامن.
د.عه‌بدولفه‌تاح عه‌بدولڕە‌زاق، بریكاری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری روونکردنەوەی زیاتری دا.

له‌ چەند رۆژى ئایندە ناوی ده‌رچووان ڕاده‌گه‌یێندرێت
له‌باره‌ی ڕاگه‌یاندنی ناوی ده‌رچووانی پۆلی ١٢ی ئاماده‌یی له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی هەرێمی کوردستان، بریكاری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی رایگەیاند:''بۆ ئه‌مساڵی خوێندن ته‌واوی ئاماده‌كارییه‌كانمان بۆ پێشوازیكردن له‌ ده‌رچووانی پۆلی ١٢ی ئاماده‌یی كردووه‌. دوای پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمه‌كان له‌ ڕێگه‌ی سیسته‌می زانكۆلاین، وه‌زاره‌ت دە‌ست به‌ چاره‌سه‌ركردنی داتا و پڕۆگرامه‌كان ده‌كات بۆ دابه‌شكردنی قوتابیان و خوێندكاران به‌ گوێره‌ی نمره‌كانیان به‌سه‌ر زانكۆ و په‌یمانگه‌كان. ڕاگه‌یاندنی ناوی قوتابیانیش له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان چەند ڕۆژێک ده‌خایه‌نێت. وه‌كو پلانی وه‌زاره‌ت، كورسی خوێندنمان بۆ هه‌موو ده‌رچووان دابین كردووه‌، به‌ڵام هه‌ندێك حاڵه‌ت هه‌یه‌ بۆ نموونه‌ قوتابی هه‌یه‌ ڕە‌نگه‌ ناوی له‌و شوێنه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئاره‌زووی خۆیه‌تی، بۆیه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ خوێندنی تایبه‌ت بخوێنێت، بۆیه‌ له‌ ئێستادا ناتوانین ڕێژە‌یه‌كی ته‌واو ئاشكرا بكه‌ین و چاوه‌ڕێی ته‌واوبوونی پڕۆسه‌كه‌ ده‌كه‌ین.''
په‌یوه‌ست به‌ پاڵپشتی دارایی بۆ قوتابیان و خوێندكاران له‌ ساڵی ٢٠٢١ ـ ٢٠٢٢ له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا د.عه‌بدولفه‌تاح عه‌بدولڕە‌زاق رایگەیاند، داوا له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كراوە كه‌ پاڵپشتیی دارایی قوتابیان و خوێندكاران بكه‌ن، ئەویش بڕی ٧ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دینار دابین كراوە بۆ نۆژە‌نكردنه‌وه‌ی به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان و دەرماڵەى قوتابیان و خوێندكاران، بۆیه‌ بۆ ئه‌مساڵی خوێندنیش هه‌وڵی تەواو دراوە بۆ هه‌مان بابه‌ت.

سەبارەت بە کردنەوەی زانکۆ و کۆلێژی نوێ، د.عه‌بدولفه‌تاح عه‌بدولڕە‌زاق، ئاماژەی بەوەشدا کە لە ماوەی رابردوودا كۆلێژی ڤێته‌رنه‌رییان كردووەته‌وه‌ و كۆلێژی شوێنه‌واریش ده‌توانێت قوتابی وه‌رگرێت، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی زانكۆ دوو پرۆپۆزه‌ڵیان ئاماده‌ كردووه‌ و داویانەتە ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بۆ ئەوەى هه‌ردوو زانكۆی پۆله‌ته‌كنیكی گه‌رمیان و زانكۆی ئاكرێ بۆ زانسته‌ كردارییه‌كان لە ساڵی ئایندە بتوانن قوتابی وه‌ربگرن. له‌سه‌ر ئاستی زانكۆ ناحكومییه‌كانیش لقی زانكۆی له‌نده‌ن پڕۆپۆزه‌ڵه‌كه‌ی له‌ناو ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت گه‌نگه‌شه‌ ده‌كرێت و بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت.
سەبارەت بە داشكاندن له‌ كرێی خوێندنی ئێواران و پارالێل له‌ خوێندنی تایبه‌ت بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی رایگەیاند:''به‌ پێی ڕایكینگی زانكۆكان ١٠% بۆ ٢٠% داشكان كراوه‌، سه‌باره‌ت به‌ خوێندنی زانكۆ حكومییه‌كان به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ڕازی بوو له‌سه‌ر داشكاندنی خوێندنی پارالێل و ئێواران به‌ ڕێژە‌ی٤٥% و هه‌وڵ ده‌دەین په‌سه‌ند بكرێته‌وه‌، ئه‌م داشكاندنه‌ش بۆ منداڵی شه‌هید ڕێنمایی جیاواز هه‌یه‌ به ‌مه‌به‌‌ستی یارمه‌تیدانیان، خوێندنی پارالێل بۆ هه‌موو ئاسته‌كان لێخۆشبوونیان بۆ ده‌كرێت، به‌ڵام ڕە‌نگه‌ له‌ به‌شێك بۆ به‌شێكی دیكه‌ ڕێژە‌كه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بێت. ''

خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆرا ڕاده‌گه‌یێندرێت
سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێكردنی خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆرا، بریكاری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی گوتی:''پلانه‌كه‌ له‌ به‌شه‌ زانستییه‌كانه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات و ئێستا له‌ دیراسه‌تكردنه‌، ئێستا خه‌ریكین خشته‌یه‌ك دیاری بكه‌ین و دواتر له‌ ماڵپه‌ڕی وه‌زاره‌ت بڵاوی ده‌كه‌ینه‌وه‌. بۆ به‌ده‌ستهێنانی كورسی ماسته‌ر و دكتۆرا پێویسته‌ قوتابی له‌ تاقیكردنه‌وه‌ی زانستی ده‌ربچێت، واتا ١٥ له‌ ٣٠ وه‌ربگرێت و ئینجا ده‌چێته‌ ناو كێبەركێ و به‌ گوێره‌ی پێوه‌ره‌كان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. ده‌ ناوی یه‌كه‌م كورسییه‌كان وه‌رده‌گرن، زانینی زمانی ئینگلیزی گرنگه‌ بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی پێشكه‌شی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی توانای پێشبڕكێی هه‌بێت و بوونی بڕوانامه‌ی زمان بۆ وه‌رگرتن ئه‌وله‌ویه‌تی پێ ده‌درێت.''

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیای
٤ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢٢