Skip to the content

لەڕێگەى پڕۆژەیەکى کارەباوە سەیدسادق ڕووناکتر دەکرێتەوە

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- پرۆژەی هێڵی گواستنەوەی کارەبای ١٣٢ کەی ڤیی تانجەڕۆ ـ سەیدسادق، لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لە قۆناخی کۆتاییدایە و بڕیار وایە بەم زووانە بکەوێتە کار.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی گرنگیدان بە ژێرخانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژیی لەم سێکتەرە جێبەجێ کردووە و بەردەوامیش دەبێت لەسەر جێبەجێ کردنیان.
پرۆژەی هێڵی گواستنەوەی کارەبای ١٣٢ کەی ڤیی تانجەڕۆ ـ سەیدسادقیش، یەکێکە لەو پڕۆژە ستراتیژییانە کە لەلایەن وەزارەتی کاره‌باوە ئەنجام دەدرێت.
ئازاد محەممەد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هێڵی گواستنەوەی کارەبای ١٣٢ کەی ڤیی تانجەڕۆ ـ سەیدسادق، لەم بارەیەوە گوتى: "ڕاکێشانى ئەم هێڵى کارەبایە ٥٦ کیلۆمەترە کە بەسەر ١٦١ تاوەرى هایتێنشندا تێدەپەڕێت و بە گوژمەى ١٧ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت.''
هەروەک سەرپەرشتیارى پڕۆژەکە بە فەرمانگەى میدیا و زانیارى گوت، زۆربەى کەلوپەل و ئامێر و پێداویستییەکانى بەکارهاتوو لەم پڕۆژەیە، ئیسپانى و تورکی و ئێرانی و هیندین و کە سەرجەمیان لەلایەن کەسانى پسپۆڕەوە تێست و هەڵسەنگاندنى زانستییان بۆ کراوە ئینجا هێنراونەتە کوردستان و بەکارهێنراون، ئەمەش بەمەبەستى بەرزکردنەوەى کوالێتى و درێژبوونى تەمەنى ئەو کەرەستانەی کە بەکاردەهێنرێن تا بتوانرێت بۆ زۆرترین کات سوودیان لێ وەربگیرێت و پڕۆژەکە تووشى کەموکوڕی نەبێتەوە.
ئەم پڕۆژە ستراتیژییە کە کاریگەییەکى گەورەى لەسەر ناوچەکانى سەیدسادق و شارەزوور دەبێت و تواناى گواستنەوەى ٣٠٠ مێگاوات کارەباى هەیە بە هەردوو هێڵەکەیەوە، لە سێ قۆناغ پێکهاتووە کە بریتین لە:
قۆناغى یەکەم: قۆناغى فاوندەیشن (کۆنکرێت).
قۆناغى دووەم: قۆناغى تاوەربەستن.
قۆناغى سێیەم: قۆناغى ڕاکێشانى تەل.
پڕۆژەی هێڵی گواستنەوەی کارەبای ١٣٢ کەی ڤیی تانجەڕۆ ـ سەیدسادق، کە کارەباى نیشتمانى لە وێستگەی تانجەڕۆ بۆ وێستگەی نوێی سەیدسادق دەگوازێتەوە، سەرەتا چەندین کێشەى ڕووبەڕوو بووەوە، وەک کێشەى زەوی لەلایەن جوتیار و خاوەن زەوییەکانەوە کە ڕێگەیان نەدەدا تاوەرەکانى کارەبا بەنێو زەوییەکانیاندا تێبپەڕێت، بەڵام حکومەت خەمخۆرانە هاتە سەر خەت و بە شیکردنەوەى گرنگى و ستراتیژیەتیى پڕۆژەکە و سوودەکانى بۆ خودى هاووڵاتییان، ئەم کێشەیەش چارەسەر کرا و ئێستا زیاتر لە ٩٥%ى پڕۆژەکە تەواوبووە و بڕیار وایە بە زووترین کات بکرێتەوە و خەڵکى سەیدسادق بە پلەى یەکەم لێى سوودمەند دەبن و شارەکە ڕووناک دەکرێتەوە.
ئەم پڕۆژەیە کە هاوکاتە لەگەڵ پڕۆژەى دابەشکردنی کارەبای سێ وێستگەیی مۆبایل لە سلێمانی بە گوژمەکەی پێنج ملیار و ٨٢ ملیۆن دینار، کە هۆکار دەبێت بۆ کەمکردنەوەى بارزۆرى سەر فیدەرەکانی دابه‌شكردنى كاره‌با.
شایەنى باسە حکومەتى هەرێمى کوردستان، هەموو هەوڵێکى جددیی خستووەتەگەڕ بەمەبەستى زیادکردنى کارەباى نیشتمانى و ڕێکسختنى کارەبا لەڕێگەى سیستەمى پریپەید و پێوەرى زیرەک و بەدەر لەمانەش هەوڵدەدات سوود لە وزەى خۆر وەربگرێت بۆ بەرهەمھێنانى کارەبا و لەم ڕاستایەدا، بڕیار وایە پڕۆژەی بەرهەمهێنانى کارەبا بە وزەی خۆر لەسەر بيناکانى حکومەت و گەراجی ئۆتۆمبێلەکان لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک جێبەجێ بکرێت کە توانای بەرهەمهێنانی ١٣١ کیلۆوات کارەبایان هەیە.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى حکومەتى هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاند کە پلانێکى ستراتیژییان داناوە بۆ زیادکردنى بڕى ئەو وزە کارەبایەى ئێستا هەیە کە ٣ هەزار و ٨٠٠ مێگاواتە بۆ ٧ هەزار مێگاوات، بۆ ئەوەى تێکڕای پێدانی کاتژمێرەکانى کارەبا زیاتر بکەن. ئەم پڕۆژانە هۆکارن بۆ زیاتربوونى کارەباى نیشتمانى، بۆ نمونە زستانى ئەمساڵ پێدانى کارەباى نیشتمانى بە هاوبەشانى کارەبا بەراورد بە ساڵانى ڕابردوو باشتر بوو، چونکە ڕۆژانە سەرووى ١٦ کاتژمێر کارەبا بە هاوبەشان دراوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢