Skip to the content

پرۆژەیەکی ستراتیژیی کارەبا لە سلێمانی جێبەجێدەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- پەرپێدانی ژێرخانی کارەبا و جێبەجێکردنی پرۆژەی ستراتیژیی، یەکێکە لە بەڵێنەکانی کابینەی نۆیەم لەپێناو دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ هاووڵاتییان.

پرۆژەی هێڵی گواستنەوەی کارەبای ١٣٢ کەی ڤیی تانجەڕۆ - سەیدسادق، پرۆژەیەکی ستراتیژیی کەرتی کارەبایە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانییەوە سەرپەرشتی دەکرێت کە پێكهاتووە لە ١٦١ تاوەری کارەبا، لە وێستگەی کارەبای تانجەڕۆ بۆ وێستگەی نوێی کارەبای سەیدسادق بەدرێژایی ٥٦ کیلۆمەتر.

ئازاد محەممەد، سەرپەرشتیاری پرۆژەکە، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند:''پرۆژەکە کاریگەریی زۆری لەسەر کەرتی کارەبا لە ناوچەکانی شارەزوور و سەیدسادق دەبێت، بەهەردوو لاینەکانییەوە توانای گواستنەوەی ٣٠٠ مێگاوات کارەبای هەیە.''

پرۆژەی هێڵی گواستنەوەی کارەبای ١٣٢ کەی ڤیی تانجەڕۆ – سەیدسادق، بە سێ قۆناخ جێبەجێ دەکرێت و ٩٥٪ـی کارەکانی تەواوبووە، توانای گواستنەوەی ٣٠٠ مێگاوات کارەبای هەیە و گوژمەکەی ١٧ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دینارە.

سەرپەرشتیاریی پرۆژەکە ئەوەشی گوت:''ئەو کەلوپەلانەی لەم پرۆژەیە بەکارهاتوون، لەلایەن ئەندازیارانی وەزارەتی کارەباوە لە تاقیگەکانی تایبەت بە تاقیکردنەوەی کەلوپەلەکانی کارەبا، تاقیکراونەتەوە و دوای دەرچوونیان ئینجا لە پرۆژەکە بەکارهێندراون.''

پرۆژەکە لە کۆتایی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دەکەوێتە کار و بەتەواوبوونیشی، سوودێکی زۆری بۆ ناوچەکانی شارەزوور و سەیدسادق دەبێت و لەڕووی کارەباوە دەبووژێنەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٨ی تشرینی یەکەم ٢٠٢٢