Skip to the content

گەورەترین پارکی شوێنەوار لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە دهۆک دروست دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- پارکی شوێنەواری دهۆک، بەشێکی بۆ گەشتیارانی بیانی و لێکۆلەرانی گەشتیاری کرایەوە و بە یەکەمین پارکی گەشتیاریش لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت.

د.بێکەس جەلالەدین، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری دهۆک لە لێدوانێکدا بۆ پێگەی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:''پارکی شوێنەواری دهۆک لە سەر ڕووبەری ١٣٠ کیلۆمەتری دووجا دروست کراوە و لە پێنج شوێنەواری خەنەس، جەروانە، فایدە، بەندەوایا و هەلامەتا پێکهاتووە.

د.بێکەس گووتیشیی، ئەمساڵ بەشێکی پارکی شوێنەوار لە بەشی شوێنەواری (فایدە) کراوەتەوە و تا ساڵی ٢٠٢٦ بە تەواوەتی دەکرێتەوە.

ساڵی ٢٠١٩، جوگەیەکی ئاو بە درێژایی ١٠ کیلۆمەتر لە بەشی شوێنەواری (فایدە) دۆزراوەتەوە و تا ئێستا ١٣ نەخشە لە پارکی شوێنەوار کاری هەڵکەندنی بۆ کراوە و وەک پەیکەر لە تەنیشتی جوگەکە دانراون.

بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری دهۆک بە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشەکانی رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی شوێنەوارەکە گرتووەتە بەر و، سەیاج و دەرگا و سەقفی ئاسنی لە شوێنی پێویست بۆی دانراون.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢