Skip to the content

زۆرینەی منداڵانى خانەى بێسەرپەرشتان دایک و باوکیان هەیە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕێگەى خانه‌ی بێسه‌رپه‌رشتانەوە هەوڵى داوە ئەو منداڵ و مێرمنداڵانە بگرێتە خۆ کە لە ڕێگەى کێشەى کۆمەڵایەتی و یاسایی دایک و باوک و باوانەکانیانەوە تووشى بێ سەرپەنایی بوونە و بە ناچار و بە شێوەى کاتى لەو خانانە گیرساونەتەوە.

ئاریان ئەحمەد مستەفا، وتەبێژى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى بە ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند، ئێستا لە هەرێمى کوردستان ٦ خانەى بێسەرپەرشتان هەیە، کە هەر یەکێک لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانى و دهۆک بە گشتى نزیکەى  ٣٠٠ کوڕ و کچى لە خۆ گرتووە و بە ڕۆژ و شەو خزمەت دەکرێن و ئەم ژمارەیەش بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە.

به‌ گوێره‌ی یاسا له‌ پارێزگای هه‌ولێر له‌ منداڵى بێ سەرپەرەشتى ته‌مه‌نی سفر بۆ ٤ ساڵی  وەرناگرن، هەرچەندە لە سلێمانى و دهۆک ئەمە کراوەتەوە، لە ٥ بۆ ١٨ ساڵى و بە فەرمانى دادوەر وەردەگیردرێن.

 

 

سۆز و خۆشەویستى قسەى یەکەمى نێو خانەکانە

لەبارەى خزمەتگوزارییەکانى نێو خانەکان، ژینۆ ئازاد ئەحمەد، شەرپەرشتیاری خانەی بێسەپەرشتان  لە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی هەولێر رایگەیاند، ئەم خانەیە لە هەردوو بەشى کچان و كوڕان پێکهاتووە کە له‌ به‌شی كچان ٢١ کەسی‌ نێوان ٣ بۆ ١٦ ساڵى تێدایە و ئەم منداڵانە لە ڕووى خواردن و خوێندن و یارى و مانەوە و تەندروستییەوە بەردەوام چاودێرى و خزمەت دەکرێن.

ژینۆ ئازاد، لەبارەى خزمەتکردنى ئەم منداڵ و مێرمنداڵانەوە سوور بوو لەسەر ئەوەى کە وەک منداڵ و کەسوکارى خۆى سەیریان دەکەن و "کات" لاى ئەوان پێناسەنەکراوە و هەر دەمێک کە پێویست بێت لە خزمەتیاندایە و لەگەڵیاندایە. لەسەر ئاستی چاودێریی ته‌ندروستی و كوالێتی خواردنه‌كان باسى لەوە کرد کە ئەوان‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تین و لێژنه‌ی تایبه‌تیان‌ به‌ خۆراك و تەندروستى هەیە و به‌رده‌وام چاودێری دەکرێن.

لە خانەکاندا هه‌فتانه‌ خشته‌ی خواردنه‌كان هەیە کە له‌ لایه‌ن پارێزگا و بە شێوەى‌ ته‌نده‌ر دراوەتە کۆمپانیایەک و هه‌فتانه‌ هه‌موو جۆره‌كانی خواردنی وەک گۆشت و مریشك و بریانی و خواردنی ده‌ره‌وه‌ و میوەیان بە خاوێنى و باشى بۆ ئامادە دەکرێت.

تیمى ڕاگەیاندنى فەرمانگەى میدیا و زیانیارى و بە ڕێگەپێدانى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەلایەتى، کە چووینە نێو خانەکانەوە یەکەم شت سەردانى چێشتخانەکانمان کرد و قسەمان لەگەڵ چێشتلێنەرەکان کرد. یەکێک لە چێشتلێنەرەکان کە دوو شیفتە واتە بەیانى و نیوەڕۆ لەوێ کار دەکەن، باسى لەوە کرد کە ئەوان سوورن لەسەر خاوێنى و بەتامى خواردنەکان، چونکە "ئەمانەى کە لێرەن هەموویان منداڵ و مێرمنداڵن و هەستیارن لەسەر خواردنەکان، بۆیە هەوڵمانداوە بۆن و تامی خواردنەکان لە هى نێو ماڵەکانیان بچێت تا هەست بە جۆرێک لە بێزارى و خەمۆکى نەکەن و خواردنەکانیان بخۆن، بۆیەشە ئەگەر منداڵێک یا مێرمنداڵێک سێ جاریش داواى خواردن بکاتەوە ئێمە هەر بۆی دابین دەكەین و ئەگەریش یەکێکیان حەزى بە خواردنەکە نەبێت ئەوا دەیبەینە ناندینگەکە و چى حەز لێبێت بە خێرایی بۆى دروست دەکەین".

له‌ دیدی خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌ر منداڵێك کە لە خانەکان بێ دایك و باوكە، ئەمە ئەگەر بۆ پێش چەندین ساڵ ڕاست بووبێت ئەوا بۆ ئێستا پێچەوانەیە، چونکە زۆربه‌ی منداڵەکان به‌هۆی كێشه‌ی خێزانییه‌وه‌ لێره‌ن، زۆربه‌یان دایك و باوكی خۆیان هه‌یه‌‌، به‌ڵام دایك و باوكه‌كان زۆر جار له‌ چاكسازییه‌كانن، تۆمه‌تبارن به‌ مادده‌یه‌كی یاسایی، له‌وێ به‌ گوێره‌ی تاوانه‌کانیان هەردووک یا یەکێکیان سزا دراون‌ و ئەویتریان ئامادە نیه‌ منداڵه‌كان به‌خێو بكات، بۆیه‌ منداڵه‌كانیان بە پێى یاسا دەبرێنە بەڕێوەبەرایەتییەکانى چاودێرى کۆمەڵایەتى. ژینۆ ئازاد لەم بارەوە باسى لەوەى کرد کە "بەداخەوە بە هۆى ئەوەى یەکێک لە دایک و باوکەکان هاوسەرگیریان کردووەتەوە، ئامادە نین منداڵەکەیان بگرنە خۆیان، بۆیە لە ڕووى سۆز و عەتفەوە كێشه‌یەکى گەورە بۆ منداڵەکان دروست دەبێت. پێشتر ئەم حاڵەتانە دەگمەن بوون، چونکە ئەگەر دایک و باوکەکەش نەبوایە ئەوا مام و کەسوکارەکەى دەیانگرتە خۆى، کەچى ئێستا نەک ئەوان بەڵکو خزمە یەکەمەکانیشى نایگرنە خۆیان و هه‌ر كه‌سەو خه‌ریكی ژیانی خۆیه‌تی، بۆیه‌ ئه‌ركه‌كه‌ی كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ر حكوومه‌ت، به‌ڵام حكوومه‌تیش به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌وری دایك و باوك و كەسكاری بینیوه، بۆ كێشه‌ی خێزانى منداڵەکان توێژەرى کۆمەڵایەتى هەیە کە لەگەڵ ئیدارەى خانەکان سه‌ردانی خێزانەکانیانمان كردووه‌ تا بزانین هۆكاری كێشه‌كه‌ی چییه‌ و لەم ڕێگەیەش جاری وا‌ تووشی زۆر مه‌ترسی بووینەتەوە. جاری وا هه‌بووه‌ دایك و باوكه‌كه‌ی دیار نه‌بوونه‌، چووینه‌ ماڵى مامه‌كانی یان خاڵه‌كانی، بۆ ئه‌وه‌ی کێشەکانیان چارەسەر بکەین و ئه‌و منداڵانە‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو خێزانه‌كه‌یان، ڕاسته‌ ئێمه‌ لێره‌ ڕۆڵی دایك و باوك و كه‌سوكار و خێزانی منداڵه‌كان ده‌گێڕین، توێژەر بۆ منداڵه‌كان‌ ده‌گرین، به‌ڵام له‌وانه‌یە ئه‌و هەستەیان نەبێت کە وه‌ك بۆ کەسوکاریان هەیانە. ڕاسته‌ زۆر منداڵ له‌ باتی ئه‌و سۆز و عه‌تفه‌ی بۆ دایكی هه‌یه‌، بۆ ئێمه‌ی هەیە، به‌ڵام هه‌ر ناتوانین وه‌ك دایك و باوكیان بین، بۆیه‌ به‌وپه‌ڕی توانامان هه‌وڵمان داوه بیانگەڕێنینەوە بۆ ناو خێزانه‌كانیان، چونكه‌ هه‌ر چۆنێك بێ لێره‌ کاتین دوایی هه‌ر ده‌بێ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناو خێزانه‌كه‌یان.

 

تەندرووستى منداڵەکان گرنگە:

هەر منداڵێک کە بە هۆى کێشەى کۆمەڵایەتى و یاساییەوە دەهێنرێتە خانەکان، سەرەتا پشکنینى بۆ دەکرێت بۆ ئەوەى بزانرێت هیچ جۆرە نەخۆشییەکى کورتمەودا و درێژخایەنى هەیە یان نا بۆ ئەوەى تێکەڵ بە منداڵەکانى دیکە بکرێت و یا شوێنێکى تایبەتى پێ بدرێت، بۆیە حکومەت لە ڕێگەى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتییەوە ئەم پشکنینانەى ناچارى کردووە بۆ هەموو منداڵێک و ئەگەریش لە کاتى مانەوەى ئەو کوڕ و کچانەى نێو خانەکە نەخۆش بکەون، ئەوا چارەسەرى خێرایان بۆ دەکرێت. ژینۆ ئازاد له‌ ڕووی ته‌ندروستی منداڵه‌كانەوە باسى لەوە کرد کە ئەوان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك نه‌خۆشخانه‌ به‌ تایبه‌تی له‌گه‌ڵ نه‌خۆشخانه‌ی نه‌دوه‌ی خێرخوازی هه‌ماهه‌نگییان هه‌یه‌ و ڕۆژانه‌ هه‌ر حاڵه‌تێك هه‌بێ نووسراوێک بۆ منداڵە نەخۆشەکە دەکەن و بە ئۆتۆمبێلى فەرمى خانەکە دەگەیێنرێتە نەخۆشخانەکە و لەوێ‌ پشكنینى بۆ دەکرێت و یا گەر پێویستى بێت‌ پزیشکى پسپۆڕ دەهێنرێتە خانەکە، بەڵام ئە‌گه‌ر حاڵه‌ته‌كه‌ هەر چاره‌سه‌ری نه‌بوو، منداڵه‌كە‌ ده‌نێرنە نه‌خۆشخانه‌ی نازدار بامه‌ڕنی و نه‌خۆشخانه‌ی ڕاپه‌ڕین و نەخۆشخانە حکومی و ئەهلییەکانى دیکە.

 

خانەکان بەردەوام پاک و گەنبڕ دەکرێن:

لەبەر ئەوەى کە خانەکان منداڵ و مێرمنداڵیان تێدایە و بەردەوام تیایدا دەمێننەوە و یا گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت، بۆیە پێویستە خاوێن ڕابگیردرێن تا تووشى کێشە نەبن، چونکە ئەو منداڵانە ئەمانەتن لە لای حکوومەتى هەرێمى کوردستان. بۆیە سەرپەرشتیاران و دایەنەکان و دادەکان (بە گوتەى خودى منداڵەکان)، خانەکان بە ماڵى یەکەمى خۆیان دەزانن سوورن لەسەر خاوێنى شوێنى خواردن و یارى و مانەوەى منداڵەکان. خەلیل میکائیل یاسین بەڕێوەبەرى کۆمەڵایەتى چاودێرى دهۆک، لەم بارەوە گوتى: ئێمە بەردەوام خزمەتگوزارەکانمان کار دەکەن بۆ ئەوەى لە نێو شەڵتەر و خانەکان کار بکەن و ئەگەر پێویست بە دەرمانى گەنبڕ بێت ئێمە کارى لەسەر دەکەین و هاوینانیش دەرمان ڕشێنى شوێنەکان دەکەین بۆ دووربوون لە مار و مەگەز و مێشوولە و وەکى دیکەیش ڕۆژانە خزمەتگوزارییەکانى خاوێنى جێبەجێ دەکەین. بۆ کەلوپەلەکانى نێو ژوورەکانیشیان ئەگەر پیسبن هەفتانە یان مانگانە دەشووردرێن، لەسەر خۆشووشتن جەدەل نییە و هەموو کات ئازادن لەوەى کە حەزیان لە خۆشووشتن بێت بچنە حەمامەکانیان، بەڵام ئەگەر منداڵ بێت و نەتوانێت خۆى بشوات ئەوا دایەنەکان دەیانشۆن و خاوێنیان دەکەنەوە".

 

خاوێنى خانەکان کارى پێشینەیە:

پاكوخاوێنی ناو خانه‌كان، بێگومان خانه‌ وه‌كو ماڵ وایه‌، ده‌بێ جێگه‌ی ماڵ بگرێته‌وه‌ ، ئه‌و منداڵه‌ كه‌ دێته‌ ئێره‌ ده‌بێت ژینگه‌یه‌كی پاكی بۆ دروست بكه‌ین له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك نه‌خۆشی گوازراوه‌ هه‌یه‌ بۆ نموونه‌ جاری وا هه‌یه‌ منداڵێك دێته‌ لامان‌ ڕه‌نگه‌ نه‌خۆشی پێستی هه‌بێ، یان نه‌خۆشی گوازراوه‌ی هه‌بێ، ئێمه‌ زۆر جار ئه‌و منداڵه‌مان جیا كردووه‌ته‌وه‌ یان به‌ پێی ڕاپۆرتی پزیشكی ناردوومانه‌ته‌وه‌ بزانین كێشه‌یه‌كی هه‌یه‌ كێشه‌كه‌مان داناوه‌ و جیامان كردووه‌ته‌وه‌، بۆ نموونه‌ لێره‌ دایانمان هه‌یه‌ ئه‌و چاره‌سه‌ریه‌ی بۆ به‌كار هێناوه‌ تاوه‌كوو به‌ ته‌واوه‌تی چاك بووه‌ته‌وه‌، ئێمه‌ لێره‌ هه‌موو مه‌واده‌كان كه‌ خه‌ڵك له‌ ماڵی خۆی به‌كاری ده‌هێنێ، لێره‌ زیاتریش هه‌یه‌، ته‌عقیم كردن هه‌یه‌ شۆردنی منداڵ هه‌یه موڕه‌بی هه‌یه‌‌، لێره‌ كۆمه‌ڵێك بەشی جیاواز هه‌یه‌ لێره‌ ئیش ده‌كات، ئه‌و توێژه‌ر و دایان و چاودێری شه‌و به‌ به‌رده‌وامی خانه‌كانیان وه‌كوو ماڵ وایه‌، بۆ خۆیشمان ڕۆژانه‌ چاودێری ده‌كه‌ین و سه‌یری شته‌كانیان ده‌كه‌ین، ئیتر شوێنه‌كانیان پاكن و هیچ كێشه‌كیان نییه‌.

 

منداڵەکان دەنێردرێنە بەر خوێندن:

لە نێو ئەم خانانە زۆر منداڵ هه‌یه‌ كه‌ ته‌مه‌نی گه‌یشتووه‌ته‌ ٩ ساڵ ١٠ ساڵ و خوێنەوارى نییە و لە نێو خێزانەکەى نەخراوەتە بەر خوێندن و یا لەبەر كێشه‌ی خێزانی منداڵه‌كه‌یان بیر چووه‌ته‌وه‌، ئێستا لە خانەکان ئەو منداڵانە دەخرێنەوە‌ به‌ر خوێندن و هەندێک منداڵیش هەیە کە تەنانەت ناسنامه‌ی نییه‌ و ئەمەش کێشەسازە بۆ خستنەبەر خوێندن، چونکە دایك و باوكه‌كه‌ هه‌ر گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیریان بە شێوەى یاسایی نەکردووە و لاى مامۆستایەکى ئایینى هاوسەرگیریان بۆ کراوە و نەچوونەتە دادگا، بۆیە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانى چاودێریى کۆمەڵایەتى و لە ڕێگەى وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رە گشتییه‌کان و‌ ستافێكی یاساییەوە‌ ناسنامەیان بۆ ده‌ردەهێنرێت و بۆ ئه‌وه‌ی لانی كه‌م بچێته‌ به‌ر خوێندن. ژینۆ ئازاد باسى لەوە کرد کە "خه‌ڵك وا وێنا ده‌كەن کە ئێمه‌ لێره‌ هه‌ر نان و ئاو و جلوبه‌رگ بۆ منداڵەکان دابین ده‌كه‌ین، بە پێچەوانەوە ئه‌وه‌ی زۆر بۆ گرنگە و بە بە‌ڕێوه‌به‌رى خانەکان و به‌ڕێوبه‌ری گشتی و وه‌زاره‌تەوە پێوەى خه‌ریكین، ئەوەیە کە یه‌كه‌م شت منداڵه‌كه‌ بخه‌ینه‌وه‌ به‌ر خوێندن، چونكه‌ ئه‌و منداڵه‌ كه‌ ناسنامه‌ی نه‌بوو و خویندنی نه‌بوو و له‌و زه‌مه‌نه‌دا خوێنده‌واری نه‌بوو با هه‌ر نان و ئاوی هه‌بێ و با هه‌ر گه‌وره‌ بێ، ئه‌مه‌ هیچ سوودێکی نییه،‌ بۆیه‌ ئێمه‌ بیر له‌ دواڕۆژی ده‌كه‌ینه‌وه‌، زۆر جاریش هه‌وڵی ئه‌وه‌مان داوه‌ له‌ رێگه‌ی په‌یوه‌ندی خۆمان و به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتییەوە ئیش بۆ منداڵه‌كان بدۆزینە‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ته‌مه‌نیان ده‌گاته‌ ١٧ و ١٨ ساڵ نەکەونەوە سه‌ر جادە و‌ به‌ گوێره‌ی ئه‌و بواره‌ی به‌خۆی حه‌زی پێیه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كسه‌ر بتوانێ له‌سه‌ر پێی خۆی ڕابوه‌ستێ، یه‌عنی ئێمه‌ هه‌موو ئه‌و پێداویستییانه‌ی منداڵێكی ئاسایی پێویستی پێیه‌تی بۆمان كردوون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا منداڵ پێویستی به‌ سۆزی دایك و باوكی و ناو خێزانه‌كه‌ی خۆی هه‌یه‌.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٢