Skip to the content

سیستەمى زانکۆلاین سیستەمێکى سادە و ئاسانە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، (GOV.KRD)- بەرنامەی زانكۆلاین بەرنامەیەكی زۆر سادە و ساكارە، هەر قوتابییه‌ك توانای بەکارهێنانی مۆبایلی هەبێت زۆر بە ئاسانی دەتوانێت لەگەڵ هەنگاوەكانی ئەم بەرنامەیەدا بڕوات و فۆڕمی قبوڵکردن پڕ بکاتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەیە تا پەنا نەبرێتە بەر سەنتەرەكانی پڕكردنەوەی ئەو فۆڕمە و قوتابی تووشی هەڵە پڕكردنەوە نەبێت. خاتوو ئارام ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناوەندی وەرگرتن لە دیمانەیەکدا لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، باسی وردەكاریی وەرگرتنی قوتابیانی کرد لە ڕێگەی ئەو سیستەمەوە.

ئارام ئیبراهیم ئاماژەی بەوەدا کە ئەو پێشکەش ردنەکە لە شەش قۆناغ پێك دێت، بەڵام تەنیا دوو قۆناغ لە قوتابی داوا كراوە. قۆناغی یەكەم مەرجی پێشكەشكردنە، قوتابی تەنیا ڕێنماییەكانی خوێندنی باڵا دەخوێنێتەوە و هیچ دەستكارییەكی تێدا ناكات. لە كۆتاییدا ئایكۆنێك هەیە تەنیا بە كلیكکردنی دەچێتە قۆناغی دووەم. قۆناغی دووەم زیادكردنی زانیارییە، واتە زانیارییە تایبەتییەكانی قوتابییە (ناو، ڕەگەز و تەمەن)، ئەگەر قوتابی زانیارییەكانی تەواو نەبوو، ئەوە دەتوانێت پەیوەندی بە هەر یەك لە وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا یان وەزارەتی پەروەردە بكات بۆ دڵنیابوونەوە و چاككردنی زانیارییەكانی، لەم قۆناغەشدا بە هەمان شێوە لە خوارەوەی لاپەڕەكە بۆ لاپەرەی سێیەم ئەویش نمرەی قوتابییە، مەبەستمان ئەو نمرانەیە كە لە وەزارەتی پەروەردەوە بۆ ئێمە دێت وەک نمرەی پۆلی دوانزە.

بەشەكانی هاتنی نمرەی قوتابی

سەبارەت بە کۆی ئەو نمرانەی قوتابی کە لە وەزارەتی پەروەردەوە دەچێتە ناو سیستەمی زانکۆلاین، ئارام ئیبراهیم رایگەیاند، بەشێكی نمرەی پۆلی دوانزەی قوتابییە بە هەردوو سیستەم (سیستەمی نمرەی هەر ٧ ماددەكەى یان سیستەمی كریدت كە پۆلی یازدە و دوازدەشی لەگەڵ دایە)، دواتر هەر لە هەمان لاپەڕە هەموو حیساباتمان بۆ قوتابی كردووە، بۆ نموونە نمرەی قوتابی بە كوردی و عەرەبییەوە چەندە، یان بێ كوردی و عەرەبی چەندە، یان بە كریدتی پەروەردەوە چەندە.  لێرەدا بە دوو جۆر نمرەكان بۆ ئێمە دێت كۆڵۆمیك بۆ زانكۆ پزیشكییەكان بێ نمرەی كوردی و عەرەبییە، چونكە بۆ ئەوان داواكراو نییە، بەڵام بۆ كۆڵۆمی دووەم بۆ هەموو زانكۆكانی تر بە كریدت بۆیان هەژمار كراوە و لە كۆتاییشدا بە خەتێكی بۆڵدی سووری گەورە نووسراوە كۆتا نمرەی هەڵبژێردراوت ئەوەندەیە، كه‌ بریتییە لە بەرزترین نمرە، بۆیە قوتابی هیچ كارێك لەم لاپەڕەیە ناكات. لێرەدا قوتابی تەنیا سەیر دەكات لە كاتی بوونی هەر كێشەیەك پێویستە ڕاستەوخۆ ئاگادارمان بكاتەوە.

مەرجە قوتابی لە ٥٠ هەڵبژاردن كەمتری نەبێت

بەڕێوەبەری ناوەندی وەرگرتن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەشی بەوەدا کە گرنگترین قۆناغ بۆ قوتابی قۆناغی هەڵبژاردنە، کە پێویستە قوتابی بەر لەوەی ئەو فۆڕمە پڕ بكاتەوە، دڵنیا بێتەوە لە هەڵبژاردنەكانی، چونكە ئەو سیستەمە تایبەتمەندییەكی هەیە ئەویش ئەوەیە دەتوانێت بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ ئەو فۆڕمەی کە پڕی كردووه‌تەوە بیهێڵێتەوە تا تەواو دڵنیا بێتەوە. لێرەدا پێویستە قوتابی لە ٥٠ هەڵبژاردن كەمتری نەبێت، بۆیە ئەو سەنتەرانەی پڕكردنەوە کاریان تەنیا بازرگانییە و ئەگەری هەیە  ١٥ هەڵبژاردن دابنێن بۆ قوتابی، لەم حاڵەتەشدا قوتابی ناوی ناگەڕێتەوە و دەست دەكات بە گلەیی نەگەڕانەوەی ناوه‌كه‌ی، بێگومان ناوی نەچووه‌تە ناو سیستەم بۆیە ناوی نەگەڕاوەتەوە، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ ساڵانە ڕووبەڕووی ئەو كێشانە دەبینەوە. بۆیە لەم قۆناغەدا زۆر بەئاسانی سیستەمەكە بە قوتابی نیشان دەدات پارێزگاكەی هەڵبژێڕێت، دواتر ئەو بەشەی ئارەزووی دەكات ئێمە لە كۆی ١٤ زانكۆ ٥٧٠ بەشمان هەیە.

ئارام ئیبراهیم راشیگەیاند، لە ناو سیستەمەكە بۆ هەر وانەیەك كردیتێكی تایبەت دیاری كراوە، بۆیە قوتابی كاتێك حەز بە بەشێك دەكات و دەیەوێت داوای بكات، پێویستە بزانێت نمرەی ماددەكەی پەیوەندی بەو بەشەوە هەیە لەگەڵ كریدتی تایبەتی بەشەكە دەگونجێت یان نا، بۆنموونە قوتابییەك بەشی ماتماتیكی دەوێت و نمرەی لەو ماددەیە بە پێی پێویست نییه‌، بۆیە ناتوانێت ئەو بەشە هەڵبژێرێت و ئەگەر هەڵیشی بژێرێت، بێگومان نمرەكەی دادەبەزێت و لەو بەشە ناوی ناگەڕێتەوە.

كۆی گشتی قوتابیانی زانكۆلاین

بۆ ئەم ساڵ بە پێی داتای وەزارەتى پەروەردە، ٣٨ هەزار و ٧٣٦ قوتابی هاتوونەتە نێو سیستەمى بۆ زانكۆلاین کە ٢٦  هەزار و ٩ قوتابیان لە بەشی زانستی و ١٢ هەزار و ٧١٤ قوتابیان لە بەشی وێژەین. كەواتە جگە لەوانەی ساڵانی ڕابردووش ماونەتەوە سەرەڕای ئەوانەش هەردوو بەشی پیشەیی و ئیسلامی دێنە سەر ژمارەی قوتابیانی کە هەزار و ٧٠ قوتابی بەشی پیشەیی و ٨٠ قوتابی بەشی ئیسلامین، كەواتە كۆی دەرچووان ٣٩ هەزار و ٨٧٣ قوتابییە لە هەرێمى کوردستان، بەڵام قوتابیانی پیشەیی و ئیسلامی ناخرێنە نێو سیسته‌مى وانکۆلاین، به‌ڵكوو هەر لە ڕێگەی فۆڕمێك دەبێت کە وەزارەتی پەروەردە پێشكەشی قوتابخانەكانی دەكات.

ڕێنماییەكانی سیستەمی زانكۆلاین:

ڕێنماییەكان بەم شێوەیە دەبێت: هەر قوتابیەك ساڵی پار وەرنەگیرابێ لە هیچ یەك لە زانكۆ حكومییەكان و ناوی نەگەڕابێتەوە، ئەوا مافی خۆیەتی داواكاری پێشكەش بكاتەوە، بۆ نموونە قوتابییەکە لە زانكۆیەكی ئەهلی ناوی گەڕاوەتەوە، بەڵام لە سیستەمەکە ناوی نەگەڕاوەتەوە، ئەوا بۆی هەیە  فۆڕمەكە پڕ بكاتەوە بۆ گەڕانەوەی ناوه‌كه‌ی.

ژمارەی ئەو قوتابیانەی  باشكردنی تێكڕای نمرەكانیان هەیە، هەر لەگەڵ ئەو ٣٨ هەزار قوتابیەن، ئەوانەشی كە داواكاریان پێشكەش نەكردووە، نزیكەی ٢٠ هەزار قوتابین و زیاتر ئەوانەن تێكڕای نمرەكانیان لە ٥٠% ئەوانە خۆشیان ناتوانن بێنە ژوورەوە.

چۆنیەتی وەرگرتنی قوتابی بە پارالێل:

ئارام خان دەربارەی پارالێلیش گوتی: بەداخەوە لە زۆرێك لە سۆشیاڵ میدیاكان بە شێوەیەكی تر باسی لێ دەكرێ، بەڵام ئەوە دوورە لە ڕاستیدا. بۆ نموونە لە زانكۆی پزیشكی ٣٠% كورسی پارالێل هەیە، واتە دوای ئەوەی ١٠٠ قوتابی وەردەگرین، ئینجا ٣٠ قوتابی بۆ پارالێل وەردەگیرێ، بۆ زانكۆكانی تریش ٤٠% و بۆ پەیمانگاكانیش ٥٠%،

بۆیە هەر قوتابییەك ئارەزووی پارالێلی نییە، پێویستە هەموو هەڵبژاردنەكانی زانكۆلاین  پڕ بكاتەوە، چونکە وەزارەتى خوێندنى باڵا کەس بەزۆر ناباتە پارالێل، زۆرجاریش قوتابیان خۆیان داوا دەكەن پارالێل هەبێ، چونكە خوازیاری ئەوەن بە نمرەكانیان لە شوێنی باشتر وەربگیرێن، هەر چەندە ویستمان پارالێل نەهێڵین، بەڵام بەهۆی داواكاری قوتابیان بەردەوام بووین لەسەری، ساڵی پار ١٨% پارالێل وەرگیراون، بە پێی پێشكەشكردنی قوتابیان وەردەگیرێن، بۆیە قوتابی ئازادە لەوەی پێشكەش بكات یاخود نا.

پارالێل كێبڕكێی زانكۆلاین ناكات، تەنیا كێبركێی خۆی دەكات، بۆ نموونە ئەگەر لە هەڵبژاردەی یەكەم قبووڵ نەكرا، ئەوا ڕاستەوخۆ دەچێت بۆ هەڵبژاردەی دووەم و بە واتای ئەو ١٠٠ كورسیەی لە زانكۆلاین دەردەچێ هیچ پەیوەندییەكی بە پارالێل نییە، ئەوان لە ناو خۆیاندا كێبه‌ركێ دەكەن. كەواتە داواكاری قوتابییەكه‌ پارالێل دیاری دەكات، قوتابی خۆی كەمترین كۆنمرە دیار دەكات، كە ئاستی پارالێل بەرز بێت لە ساڵی پار لەبەر ئەوە بوو قبووڵمان دووبارە كردەوه‌ و لەوێدا ڕێژەی زانكۆلاینمان زیاد كرد نەوەك پارالێل. ئەمساڵ ئەم دەرچووانەی لە پەروەردەوە بۆمان هاتوون، ڕێژەیان كەمە، بۆیە پێشبینی ئەوە دەكەین زۆرترین ڕێژە لە زانكۆلاین وەربگیرێ.

ڕێژەی وەرگرتنی قوتابیان بۆ پارساڵ:

بۆ ساڵی ڕابردوو بۆ ٢٠٢١ ـ ٢٠٢٢ چەند كەناڵێكمان بۆ وەرگرتن هەبوو، یەكەم، زانكۆلاین نزیكەی ٣٠ هەزار و ٢٥٢ قوتابیمان بە ڕاستەوخۆ وەرگرت، مەبەستمان لە ڕاستەوخۆ (هونەرە جوانەكان، وەرزش و ئیسلامییە) ئەوانەی چاوپێكەوتنیان هەبوو ٨٧٥ قوتابیمان وەرگرت، پارالێلیش ٩ هەزارو ٢٥٥ وەرگرت و بۆ ئێوارانیش ٦ هەزار و ٩٦٠ قوتابی، كه‌واته‌  ٤٥ هەزار ٣٤٢ قوتابیمان وەرگرت بە گشتی. ئەمە تەنیا بە سیستەمی زانكۆلاین بوو، بەڵام چەند كەناڵێكی تریشمان هەیە بۆ وەرگرتن بۆ نموونە، وەرگرتنی قوتابخانە نێودەوڵەتییەكان، وەرگرتنی قوتابیانی كەركووك و شنگال و قوتابیانی ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم، كه‌ كۆی گشتی بەمانەیشەوە نزیكەی ٥٧ هەزار قوتابییه‌. بۆ ئەم ساڵیش لەسەر فەرمانی وەزیرى خوێندنى باڵا، نابێ لە ساڵی ڕابردوو كەمتر بێ، بۆیە پێشبینی ئەوە دەكەم زۆربەی قوتابیانی ئەم ساڵ وەربگیرێن.

بۆیە هەمیشە داوا لە قوتابیان دەكەین هیچ پێویست بەوە ناكات هانا بۆ سەنتەرەكان ببەن بۆ پڕكردنەوەی زانكۆلاین، كارەكە ئاسانە لە خۆیانی زەحمەت نەكەن و هەر كێشەیه‌كیان هەبوو پەیوەندی بە ئێمەوە بكەن و ئێمەش بێگومان بۆیان چارە دەكەین.

 

فەرمانگەى میدیاو زانیارى

٢٠٢٢/٩/٢٠