لە ٦ مانگى یەکەمى ئەمساڵ دەست بەسەر زیاتر لە ملیۆنێک تۆن کەرەستەى ماوە بەسەرچوو گیراوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- یەکێک لە هەنگاوە جدی و گرنگەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، چاودێریکردنى بازاڕ و ڕێگەنەدانە بە بەرزبوونەوەى نرخ و ساخکردنەوەی کەلوپەلى ماوە بەسەرچوو لە لایەن فرۆشیار و بازرگانانەوە بەسەر هاووڵاتیانى کوردستان.
بۆ ئەم مەبەستە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێرى و بازرگانى بە بەردەوامی لە ڕێگەى لیژنە تایبەتییەکانییەوە چاودێریی بازاڕ دەکات و بە کۆنترۆڵکردنی نرخ و دەست بەسەرداگرتنی کەلوپەلى ماوە بەسەرچوو، ماف و تەندروستیی هاووڵاتیانی پاراستووە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەرى گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە ماڵپەری حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند: لیژنەکانی چاودێری ڕۆژانە بە پێی پلانەکانیان سەردانی ناوچە ڕێگەپێدراوەکان دەکەن و لە ڕووى کواڵیتی و بەسەرچوون و کەرستەی بەرهەمهێنانى کاڵاکانەوە چاودێریی بازاڕ و مارکێت و دووکانەکان دەکەن، و ئەگەر مادە و کەرەستەیەکى ماوە بەسەرچوو بدۆزرێنەوە، ڕاستەوخۆ دەستى بەسەردا دەگرن و پسوولەى ماوەبەسەرچوون دەدرێتە خاوەنەکانیان و کەلوپەلەکەشیان دەبرێتە بەڕێوەبەرایەتیى چاودێریى بازرگانى تا دواتر لە ڕێگەى لیژنەى تایبەتەوە کە لە نوێنەرى قایمقامییەت و بەڕێوەبەرایەتیى چاودێرى و ئاسایش پێک دێت، لە شوێنى تایبەت و دیاریکراو بسووتێنرێت یا بکرێتە ژێر خۆڵەوە.
ئێستا لە هەرێمى کوردستان بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانى لە هەر سێ پارێزگاى هەولێر و سلێمانى و دهۆک و هەردوو ئیدارەى سەربەخۆی گەرمیان و سۆران هەیە.
بە پێى ڕێنماییەکان، سزاى بوونى مادە و کەرەستەى ماوەبەسەرچوو لە ٥٠ هەزار دینارەوە بۆ ٥ ملیۆن دینار دەست پێ دەکات. بەڕێوەبەرایەتییەکان دەسەڵاتى سزادانى تا ٣ ملیۆن دینار و داخستنى دووکان و مارکێتەکانیان بۆ ماوەى ٣ ڕۆژ هەیە. بەڵام سزاى لە ٣ ملیۆنەوە بۆ ٥ ملیۆن و داخستنى بۆ ماوەى ١٠ ڕۆژ لە دەسەڵاتى بەڕێوەبەرى گشتییە و لەوە زیاتر لە دەسەڵاتی وەزیر دایە، یا ڕووبەڕووى یاسا دەکرێتەوە.
پشکنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی لە ٦ مانگی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٢، لە هەر سێ پارێزگاى هەولێر و سلێمانى و دهۆک و ئیدارەى گەرمیان ٣٨هەزار و ١٠٩ جار سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کردووە و ١هەزار و ٦٥٠ حاڵەتى سەرپێچییان تۆمار کردووە و دەستیان بەسەر ١ ملیۆن و ٨٤ هەزار و ٧٦٤ تۆن کەرەستەى ماوەبەسەرچوودا گرتووە.
ئاماری سەردانی مەیدانی پشکێنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەم شێوەیەیە:
ـ پارێزگاری هەولێر:
لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ ٩ هەزار و ٧٢٣ جار سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە، ٥٠٧ حاڵەتی سەرپێچی تۆمار کراون و دەست بەسەر ١٦٦ هەزار و ٢٢٩ تۆن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە.
ـ پارێزگاری سلێمانی:
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ١١هەزار و ٥٢٠ جار سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە و٨٥٠ سەرپێچی تۆمار کراون و دەست بەسەر ٨٠٤هەزار و ٩٥ تۆن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە.
پارێزگاری دهۆك:
لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ ٩هەزار و ٦١٥ سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە و ١٥٢ سەرپێچی تۆمار کراون و دەست بەسەر ٨٨ هەزار و ٨ تۆن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە.
ـ ئیدارەی سەربەخۆى گەرمیان:
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ٧ هەزار و ٢٥١ سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە و ١٤١ سەرپێچی تۆمار کراون و دەست بەسەر ٢٦ هەزار و ٤٣٢ تۆن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢ ی ئەیلولی ٢٠٢٢