لەسەر راسپاردەی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی گشتی راژە سەبارەت بە فەرمانبەرانى گرێبەست لە گشت دامەزراوەکانی حکومەت کۆبووە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی چوارشەممە ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، لە بالەخانەى ئەنجومەنى وەزیران، ئەنجومەنى گشتى راژە لە گەڵ بەرێوەبەرى گشتى دیوان و نوێنەرانی سەرۆکایەتى هەرێم و ئەنجومەنى دادوەرى و وزارەت و فەرمانگە و دەستەکانى نەبەستراو بە وەزارەت لە حکومەتى هەرێمى کوردستان سەبارەت بە فەرمانبەرانی گرێبەست کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سیراج بارزانی، سەرۆکى ئەنجومەنى گشتى راژە، شێوازى نوێکردنەوەى داتا و زانیارى فەرمانبەرانى گرێبەست لە سەر بودجەى ئاسایى و پێشینە و پەرەپێدان و و داهات کە پێشتر لە لایەن دامەزراوەکان دابین کرابو بۆ ئامادە بووان روون کردەوە و شێوازى دابینکردنى داتا و زانیارى دیکەی نوێی لە خشتەى تایبەت بە ئەنجومەنى گشتى راژە بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.
هەروەها بریار درا مەرجەکانى پرکردنەوەى میلاکى هەمیشەیى بۆ فەرمانبەرانى گرێبەست بە وردى دیارى بکرێت وەکو ژمارەى ساڵەکانى خزمەت و تەمەن و جۆرى پسپۆرى و بروانامە و تەواوی هەنگاوەکان بە پێى یاسا و ڕێنماییە پەیوەندیدارەکان و بڕیارى ژمارە (١٧٠) ى ئەنجومەنى وەزیران بێت لە بەر رۆشنایى پسپۆرى و تایبەتمەندى و پێداویستى وەزارەت و دامەزراوەکان بە جۆرێک کە بگونجێت لە گەل رێکخستنەوەى میلاکاتى حکومەت.
فەرمانگاى میدیاو زانیارى