پێشبینیی کەشێکی باراناویی بەهێز و ناسەقامگیر لە هەرێمی کوردستان دەکرێت
ئێوارەى ڕۆژى سێشەممە، ١١ى نیسانی ٢٠٢٣، لە ئەنجامى درێژبوونەوەى کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆى دەریاى ناوەڕاست، شەپۆلى بارانبارین ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات و بەو هۆیەوەش هەرێمى کوردستان بە کەشێکى ناسەقامگیردا تێدەپەڕێت.
لە ئێوارەدا بارانبارین دەست پێ دەکات، لە شەودا بۆ بارانى مامناوەند دەگۆڕێت و لە ڕۆژى چوارشەممە بۆ تاوەبارانى بەردەوام و بەهێز و بەرزبوونەوەى ئاستى ئاو لە سەرجەم ناوچە جیاجیاکانى هەرێم دەگۆڕێت. ئێوارەى ڕۆژى چوارشەممە، بارانبارین هەر بەردەوام دەبێت و کاریگەریی ئەو شەپۆلە بۆ ڕۆژى پێنجشەممە (١٣ى نیسانی ٢٠٢٣) درێژ دەبێتەوە؛ بارانى مامناوەند و لێزمە باران دەبێت. کاریگەریى ئەم شەپۆلە تا ڕۆژى هەینى (١٤ی نیسانی ٢٠٢٣) بەردەوامى دەبێت و بە لاوازى تەنیا لە ناوچە شاخاوییەکان دەمێنێتەوە.
لەبارى زیادبوونى خێراییی باوە، هەندێ کات لە کاتى بارانبارین خێراییی با زیاد دەکات بۆ سەرووى 40 کم لە کاتژمێرێکدا، ئەگەرى هەورە تریشقەشی لەگەڵدایە.
لەو ماوەیەدا، پلەکانى گەرما بە نزیکەى 8-10پلەى سیلیزى کەم دەبنەوە؛ ڕۆژى پێنجشەممە نزمبوونەوەى پلەکانى گەرما زیاتر دەبێت؛ لە ئەنجامدا ئەگەرى تەزرەبارینیش دەبێت.
ئاستى بارانى پێشبینیکراو لە سەرجەمى ناوچەکان لە ماوەى ئەم شەپۆلەدا، لە سەرووى 60 ملم دەبێت؛ لە بەشى ڕۆژهەڵاتى ناوچە شاخاوییەکانى هەرێمیش زیاتر دەبێت.
١١ى نیسانی ٢٠٢٣
فەرمانگەى میدیا و زانیارى