سێ بەنداوی ستراتیژی لە کوردستان دروست دەکرێن
بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، سێ بەنداوی ستراتیژی لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت "توانای گلدانەوەی ملیارێک مەتر سێجا ئاویان دەبێت."
لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی وشکەساڵی و گرنگیدان بە گلدانەوەی ئاو، هەروەها پارێزگاریکردن لە ئاسایشی ئاو و باشترکردنی دۆخی ئاوی هەرێمی کوردستان، بڕیار دراوە سێ بەنداو لە هەولێر، دهۆک و ئیدارەی ڕاپەرین بە ناوەکانی دەڵگە، مەنداوە و باکرمان دروست بکرێن.
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لەبارەی دروستکردنی ئەو بەنداوانەوە ڕایگەیاندووە: "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، نەخشەسازیی بەنداوەکانی ئامادە کردووە، بە دروستکردنیشی دەبێتە بنەمایەکی بەهێز بۆ سەقامگیریی ئاسایشی ئاو و زیادکردنی ئاو لەناو خاکی هەرێمی کوردستان."
ئەمەش لە کاتێکدایە، کە ساڵی ڕابردوو (٢٠٢٢) دوو بەنداو لە ئیدارەی گەرمیان و قەزای دەەبەندیخان تەواو کران و ئەمساڵ (٢٠٢٣) ئاویان تێدا کۆ کرایەوە؛ بە هەردووکیان دەتوانن ٢٢ ملیۆن مەتر سێجا ئاو گل بدەنەوە.
ئەو سێ بەنداوەی دروست دەکرێن، دەتوانن ملیارێک مەتر سێجا ئاو گل بدەنەوە، لە داهاتووشدا دەبنە وێستگەیەکی گرنگ و بەسوود بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی ئاو و کارەبا و پەرەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵ و ئاودێری لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٦ـی نیسانی ٢٠٢٣