Skip to the content

وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە: هەوڵەکانمان بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەگە بەردەوام دەبێت

هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ یەکخستنەوەی هێزەی پێشمەرگە بەردەوامە، لە چوارچێوەی چاكسازییەكانیشدا، بە مەبەستى بەنیشتمانیکردنی هێزی پێشمەرگە، لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیى گشتیی تاکەکان و خۆبەخشەکان لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێکهاتووە بۆ چاوپێکەوتن و پشکنینى پزیشکى و دروستکردنى دۆسیەى کەسى و پۆلێنکردن و جیاکردنەویان بۆ جێبەجێکردنی ئەو کارە، کە یەکێکە لە کارە لەپێشینەیەکانی حکومەت.
بەپێی بڕیارى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى بەرگریى وەزارەتى کاروباری پێشمەرگە، كومەڵێك ڕێنمایی و مەرجی تایبەت بەم بابەتە دانراون کە پێویستە ڕەچاو بكرێن، یەکێک لەو مەرجانەش تەمەنە و بە پێى یاسا سەربازییەکان دەبێت تەمەنى گونجاو بێت. هەروەها ئەو پلەدارانەش کە بەپێى یاساى ٣٨ـى ساڵى ٢٠٠٧، جیا بکرێنەوە.
جیاکردنەوەى ئەوانەى کە شیاون بۆ خزمەتى سەربازى واتە هەریەك لە لیواكانی (١٧ و ١٨ و ١٩ و٢١ و ٢٢)ـی یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ سەرجەم ڕێکارە سەربازییەکانیان تەواوبووە و بۆ سەر میلاکى وەزارەت گواستراونەتەوە.
هەروەها لیوای (٢٠) ـیش ئەو لیوایەیە کە چاوەڕێی میزانە دەکرێت لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ دەستبەکاربوون کە ئەو لیوایەش جیا بکرێتەوە وەکو لیوایەکی هاوبەش.
ئەمە جگە لەوەی کە هەر یەك لە لیواكانی (٢٣ و ٢٤ و ٢٦ و ٢٨)ـی پیادەی هێزی پێشمەرگە، سەرجەم ڕێکارە سەربازییەکانیان تەواو بووە بۆ گواستنەوەیان بۆ سەر میلاکى وەزارەت و بە بڕیارێکی تایبەت بەرز كراوەتەوە و لیوای ٢٧یش ٧٠%ی کارەکانی تەواو بووە.
هەر لەو میانەدا كابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ١٠ قوتابى ئارەزوومەند لە کۆلیژى فرۆکەوانى بەغدا بۆ خولى ٨٠ـى هێزەکانى ئاسمانى عێراق، دەستنیشان کراون.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٣ـی نیسانی ٢٠٢٣