بۆ دادپەروەری و یەكسانیی مەرجەكان بۆ وەرگرتنی 9 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون ڕاگەیانرا
حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی خێزانی كەمدەرامەت، فۆرمی ئۆنلاینی بۆ زیاتر لە 9 هەزار یەكەی نیشتەجێبوونی بەشێوەی قیستی درێژخایەن و بێ پێشەكی ڕاگەیاند، بۆ دادپەروەریی و یەكسانی لە مافی وەرگرتنی یەكەكانیش، چەند لیژنەیەكی بۆ وردبینی لە ئەنجامی فۆرمەكان ئامادەكردووە، لەم چوارچێوەیەدا وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، چەند مەرجێكی بۆ ئەو خێزانانە داناوە، كە فۆرمەكە پڕدەكەنەوە، ئەم مەرجانەش بۆ خزمەتی ئەو خێزانانەیە پێویستە سوودمەندبن لە وەرگرتنی یەكەكانی نیشتەجێبوون.
بەگشتی لە مەرجەكاندا ئەوە بە پێویست دەزانرێت ئەو كەسەی فۆرمەكە پڕدەكاتەوە هاووڵاتی و دانیشتووی هەرێمی كوردستان بێت، خۆی یان هاوسەری سوودمەند نەبووبن لە وەرگرتنی هیچ یەكەیەكی نیشتەجێ، كە ئەمە خانوو و شوقەش دەگرێتەوە، هەروەها وەك لە مەرجەكاندا هاتووە، دەبێت پەیمان بدات خۆی یان هاوسەری سوودمەند نەبووە لە هیچ پرۆژەیەكی تری نیشتەجێ و وەرگرتن و خاوەندارێتی هیچ یەكەیەكی نیشتەجێ، هەروەها سوودمەند نەبووبێت لە پێشینەی خانووبەرە لە هەرێمی كوردستان و دەبێت ئەو هاووڵاتییانەی فۆرمەكە پڕدەكەنەوە، تەنیا لە یەك پارێزگاوە بێت.
بۆ ئەو خێزانانەی یەكەكانی نیشتەجێبوون دەیان گرێتەوە، لەم لینكەی خوارەوە مەرجەكانی بەكارهێنانی سیستمی یەكەكانی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە كەم دەرامەتەكان بۆ سوودمەند بوون لە یەكەی نیشتەجێبوون، لەلایەن وەزارەتی ئاوادانكردنەوە و نیشتەجێكردن بە وردی خراوەتە ڕوو.
بۆ خوێندنهوهى مەرجەكانی بەكارهێنانی سیستمی یەكەكانی نیشتەجێبوون. سۆرانی – بادینی، كرته لهسهر (مهرجهكان) بكه: مهرجهكان
فەرمانگەی میدیا و زانیاری