Skip to the content

بەهۆی جێگیرکردنی سیستەمی پریپەیدەوە لە هەرێمی کوردستان 320 مۆلیدە کوژاونەتەوە

لەپێناو دابینکردنی کارەبایەکی بەردەوام و نەهێشتنی ژاوەژاوی مۆلیدە و پاککردنەوەی ژینگە، سیستەمی پریپەیدی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، قۆناغ بە قۆناغ کەوتووەتە کار. لە هەرێمی کوردستان کارەبای ٥٥ هەزار بەشداربوو کراونەتە پریپەید، کە ٤٠ هەزاریان هاوبەشی بەرزەنرخن (های کۆست)، ٥ هەزاریان هاوبەشی نزمەنرخن (لۆوکۆست)، ١٠ هەزاریشیان هاوبەشی بازرگانیین. ئەم سیستەمە تەنیا لە ١٩ سیتیی شاری هەولێر، بارقورسیی کارەبای لە ٣٤ مێگاواتەوە بۆ ٢٧ مێگاوات دابەزاندووە؛ لە ٢٥ هەزار بەشداربوو، ٧ هەزار سەرپێچی کارەبا بنبڕ کراون. بە هۆی کارەبای ٢٤ کاتژمێریی پریپەیدەوە، لە تەواوی هەرێمی کوردستان ٣٢٠ مۆلیدە لە کارکردن وەستێنراون، ئەمەش کاریگەریی لەسەر پاککردنەوەی ژینگە هەبووە.

عەلی ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەى باڵای پێوەرى زیرەک، لەبارەى نرخی پریپەیدەوە بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "لە هەولێر شیکردنەوەمان بۆ ١٩ پرۆژەى کارەبا کردووە، تێیدا ٢٥ هەزار هاوبەش وەکوو نموونە وەرگیراون؛ مانگی ٦ى ٢٠٢٢، کە کارەبای نیشتمانی و مۆلیدە لەو پڕۆژانە هەبووە، بە مانگی ٦ى ٢٠٢٣ بەراورد کرا، کە سیستەمەکەیان کراوەتە پریپەید، دەرکەوت ٣٠% بۆ٤٠%ی نرخ لەسەر هاووڵاتییان هەرزانتر دەکەوێت، چونکە یەک سەرچاوەى کارەبایە. بۆیە ئەمە لەڕووی بڕی کارەبا و نرخیشەوە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانە."

لەبارەى نرخی کارەبا لە ناوچە و گەڕەکە مامناوەند و داهاتزمەکان، ڕایگەیاند: "بەرزەنرخ تایبەتە بە چەند پرۆژەیەک، لە وەبەرهێنانەوە بۆمان دەستنیشان کراوە و کارەبایان بە نرخێکی تایبەتی خۆیان بەردەوام دەبێت، بەڵام لە گەڕەکە ئاساییەکان هەر بە نرخی کۆن دەبێت. لە پرۆسەى پریپەیدمێنت بە پێی بارودۆخی ئابووریی ناوچەکان، نرخەکانیان جیاواز دەبن. بۆیە نرخەکان لە گەڕەکە ئاساییەکان هەمان نرخی پێشووى کارەبا دەبێت، تەنیا شێوەى پارەدانەکە دەگۆڕێت، لە نزیک ماڵەوە کارتی کارەبا دەکڕێت و بەكار دەهێنرێت."

بەشێک لە هاووڵاتییان نیگەرانییان لە بارەى نرخی نوێی کارەباى پریپەیدەوە هەبووە و بەشێکیشیان سیستەمەکە بە گونجاو هەڵدەسەنگێنن و پێیان وایە سوودبەخشە، چونکە جگە لە بەردەوامیی کارەبا، پێویست بە مۆلیدەکان نامێنێت و ئەوەش ژینگە پاک دەکاتەوە.

هاووڵاتی دارا عەبدوڵڵا، هاوبەشێکی ئەم سیستەمە نوێیەیە، لەبارەى سوودەکانی ئەم جۆرە سیستەمە گوتی: "سیستەمی پریپەیدمێنت، گەر نرخێکی گونجاوی هەبێت، زۆر لایەنی ئەرێینی هەیە؛ ٢٤ کاتژمێر کارەبا دابیندەکات، پچڕانی نییە، مۆلیدەکان دەکوژێنەوە و ژینگە لە پیسی و ژاوەژاو پاک دەبێتەوە. بەڵام ئەگەر نرخەکەی هەرزان بکەن و گونجاو بێت، زۆر کارەبایەکی باشە.''

کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەى سیستەمی پریپەیدەوە، دەیەوێت وردە وردە کێشەى کارەبا کۆتایی پێ بهێنێت و کارەباى بەردەوام و ڕێکخراو لە ژینگەیەکی پاکدا بۆ هەموو ناوچە و دەڤەرە جیاوازەکانی کوردستان دابین بکات، لەم ڕووەوەش قۆناغەکانی پرۆسەکە بەردەوامییان دەبێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری