ئەو کرێکارانەی دەستەبەر دەکرێن مافەکانیان پارێزراو دەبێت
![](/media/21781/img_20230827_143721_460.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133376098270000000)
لە چوارچێوەی ماف و بەرژەوەندیی کرێکاران، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران بەشێوەیەکی باشتر، چالاک دەکات.
لەم کابینیەدا توانراوە ١٠ هەزار و ٧٥٧ پڕۆژە، لەگەڵ ١٣٨ هەزار و ٩٢ کرێکاری خۆماڵی و بیانی، دەستەبەر بکرێن و پڕۆسەکەش بەردەوام دەبیت.
مەریوان بەگۆک، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوت: "پڕۆسەی دەستەبەرکردنی کرێکاران، لەپێناو خانەنشینبوون و قەرەبووکردنەوە و پاداشتی کۆتایی خزمەتیانە، کرێکاران دەتوانن سوود لەم دەستەبەرە وەربگرن و لەرێگەی چەکی بانکییەوە تەواوی شایستەکانیان وەربگرن، ئەمە جگە لەوەی مافی کرێکار بەسەر خاوەنکارەوە ناهێڵێت".
کابینەی نۆیەم ٣ هەزار و ٢٦٣ کەسی لەسەر سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی خانەنشین کردووە. هەروەها ٥٦ ملیار و ٢٢٦ ملیۆن دیناریش کە پاداشتی ٧ ساڵی رابردوو بووە، لەم چوار ساڵە گەڕێندراوەتەوە بۆ کرێکاران.
ئەو کرێکارانەی کە دەستبەر کراون، سەرجەم مافەکانیان پارێزراو دەبێت و بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی داوای لە کرێکاران کرد، هەرچی زووە پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بکەن و لەپێناو ئاییندەیەکی باشتر، خۆیان دەستەبەر بکەن.
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کردار سەلماندوویەتی پاڵپشتی چینی کرێکارانە و هەموو هەوڵێکیش دەدات بۆ خزمەتکردنییان.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری