Skip to the content

تا ئێستا 28 لیوای پێشمەرگە یەک خراونەتەوە

حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان، بۆ کوردستانێکی بەهێزتر، بڕیاری یەكخستنەوە و ڕێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی لە چوارچێوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دا؛ لە دواهەنگاویشدا و بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سێ لیوای دیکەی نوێ دروست کران و خراونەتە سەر میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە.

لیواکانی ٢٦، ٢٨ و ٣٠، ژمارەیان ٥ هەزار و ٤٠٠ ئەفسەر و پێشمەرگەیە و لە هێزەکانی یەکەی ٧٠ دروست کراون، ئێستا لە ژێر سەرپەرشتیی فیرقەی دووی سەرۆکایەتیی ئەرکان کۆ کراونەتەوە.

لەبارەی دۆخی هێزەكانی دەرەوەی وەزارەت و هێنان و ڕێكخستنەوەیان لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی هێزەكانی پێشمەرگە، لیوا حیکمەت عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تاکەکان و خۆبەخشەکان، لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "هەر لە سەرەتای دەستپێكی كابینەی نۆیەم و بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە هاوكاریی تیمی هاوپەیمانان، چاكسازییەكان بۆ هێزەكانی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی تیمێكی نوێوە دەستی پێ كردووە و تا ئێستاش بەردەوامە، هەر لە ماوەی ئەم كابینەیەشدا، لیواكانی (١٥، ١٧، ١٨، ١٩، ٢١، ٢٢، ٢٣، ٢٤، ٢٦، ٣٠)، هەروەها هەردوو لیوای ٢٥ و ٢٧، لەناو پرۆسەكەدان و ئەوانیش٩٠%ـی كارەكانیان تەواو بووە و بەم نزیكانە دەخرێنە سەر میلاكی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە".

پرۆسەی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی ئەو چاكسازییانەیە کە بەڕێوە دەچن، لەبارەی ڕێكارەكانی ئەو پرۆسەیە، لیوا حیکمەت عومەر، ئاماژەی بەوەش كرد، "بە پێی ڕێنماییە سەربازییەكان و بە پێی یاسای ژمارە ٣٨ـی چاكسازی، ئێمە لە ڕێگەی لیژنەكانەوە، چاوپێكەوتن لەگەڵ تەواوی ئەو هێزانە دەكەین كە دەگوازرێنەوە سەر میلاكی وەزارەت، هەروەها ئەوانەی مامەڵەی خانەنشینییان بۆ دەكرێت جیا دەكرێنەوە، هاوكات ئەوانەش پۆلێن دەكرێن كە بریندار یان پەككەوتوون و دەنێردرێن بۆ لیژنەی پزیشكی و بە هەمان شێوە لە یەكەكانی خۆیان مامەڵەی پەككەوتەیی یان بریندارییان بۆ دەكرێت، ئەوانەی شیاوی خزمەتكردنی سەربازیشن، ڕێك دەخرێن و دەگوازرێنەوە سەر میلاكی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، هەر بۆیە تەواوكردنی پرۆسەكە كاتی پێویستە."

هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەم، هێزەکانی پشتیوانیی یەک و دوو خراونەتەوە سەر میلاکی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە. تا ئێستا ٢٨ لیوا لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی حکومەت پێک هێنراون، پرۆسەكە لە ژێر سەرپەرشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و بە پێی ئەو پلانەی بۆی دانراوە، تا دوو بۆ سێ ساڵی تر لە تەواوی هێزەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری