Skip to the content

دەرمانی بەسەرچوو و پاشماوەکانیان بە شێوەیەکی زانستی لەنێودەبرێن

بۆ ئەوەى دەرمانی بەسەرچوو و پاشماوە و کەرەستەکانیان، کاریگەریی خراپ لەسەر تەندروستیی هاوڵاتییان جێ نەهێڵن و لەگەڵ ئاو و هەوا کارلێک نەکەن، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی زانستی و لە ڕێگەى سووتاندنەوە لەناویان دەبات.

د.دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەرى تەندروستیی هەولێر، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "دەرمانی ماوە بەسەرچوو و پاشماوەکانی، کاریگەرییان لەسەر تەندروستیی هاووڵاتییان هەیە و لەوانەیە لە کارلێکیان لەگەڵ ژینگەدا، زیان بە خەڵک بگەیەنن، بۆیە پرۆژەى سووتاندنی دەرمانی بەسەرچوو بە شێوەى زانستی، وا دەکات خەڵک زیانمەند نەبن و تەندروستیی گشتی پارێزراو بێت".
لەمەودوا، لەناوبردنی دەرمان، جیاواز لە لەناوبردنی پاشماوە و کەلوپەلی گشتی بە شێوەیەکی جیاکراوە و زانستیتر لەناو دەبرێن، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت هاووڵاتییان هاوکارى پڕۆسەکە بن.
لەوبارەیەوە، د. ئارەزوو حەسەن، بەرپرسی کۆنتڕۆڵی هەوکردن لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەولێر دەڵێت: "دوو ڕێگە بۆ هاووڵاتییان هەیە، تا دەرمانی ماوە بەسەرچوو لەناو ببرێن؛ یان دەرمانەکە بە دەستی خۆیان بدەنە کارمەندانی شارەوانی، یان گەر نەیانتوانی، دەکرێ بیبەنە بنکەى تەندروستی و ڕادەستیان بکەن، بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەپارێزى سەر بە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، دەرمانەکان کۆ دەکاتەوە و بە شێوەى زانستیی لەناویان دەبەن."
بە پێی ڕاپۆرتە جیهانییەکان، دەرمان و پاشماوەکانی نەک کاریگەریی جەستەیی، بەڵکوو کاریگەری خراپی ژینگەیشیان هەیە و لەناونەبردنیان بەشێوەیەکی زانستی، کاریگەریی خراپی لەسەر خاک و ئاو و هەوا دەبێت، بۆ ئەو مەبەستە کابینەى نۆیەم هەوڵ دەدات بە کەمترین زیان ئەو دەرمان و کەرەستانە کۆ بکاتەوە و لەناویان ببات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری