Skip to the content

زیارەتکاران بۆ چوونە عێراق دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە سەلامەتتر دەزانن

زیارەتکاران دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ هاتنە ناو عێراق و بەشداریکردن لە چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن بەکار دەهێنن، ئەمەش لەبەر ئەوەی ڕێگاکە بە "سەلامەتتر و نزیکتر" دەزانن.

پرۆسەی هاتنی زیارەتکاران لە ١٨ـی ئابی ئەمساڵەوە دەستی پێ کردووە و تا شەشی ئەیلوول بەردەوام دەبێت و تا ئێستاش "نزیکەی ٣٠ هەزار زیارەتکار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان" و بەردەوامیشە.

ئیلهام پەناهلو، زیارەتکارە و هەرێمی کوردستان بە دراوسێیەکی باشی خۆیان ناو دەبات. ئەو بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوت:"سوپاسی ئەو میواندارییە دەکەین، لوتفیان کردووە، هەموو شت زۆر باشە، ئەو ستافەی لێرەیە ٢٤ کاتژمێر کاردەکەن و هەر شتێک کە دەمانەوێت بە رەفتارێکی جوانەوە و روویەکی خۆشەوە بۆمان دەکەن، بە راستی هەموو شتەکان باشن لە سەر سنوورەوە تاوەکو ئێرە هەموو شت باش بوو.''

ئەو زیارەتکارە دەشڵێت:''هەموو شت ڵێرە ئامادەیە، لە شوێنی مانەوە هەموو شت ئامادەکراوە و ئەو کەسانەی کە لێرە دانراوە کەسانی زۆر باش و بە ئەخلاقن و رەفتاریان جوانە و هەر شتێک پێویست بێت بۆمان ئامادە دەکەن. بەڕاستی خانەخوێییەکی زۆر باشن و هاوکارییەکی زۆر باشی زیارەتکارانی ئیمام حوسێن دەکەن، لێرە هیلاکییان دەردەچێت، خزمەتێکی زۆر باشی زیارەتکاران دەکەن و زۆر سوپاسیان دەکەین و خۆشحاڵین کە دراوسێیەکی لەو شێوەیەمان هەیە کە خزمەتێکی لەو شێوەیە بە زیارەتکارانی ئیمام حوسێن دەکەن. زۆر سوپاسیان دەکەین و زۆر باش هاوکاریمان دەکەن.''.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی ماوەی دوو ساڵە ئەرکی دابینکردنی پێداویستییەکانی زیارەتکارانییان لەئەستۆ گرتووە، هەزار و ٥٠٠ پاس بۆ ئەو زیارەتکارانە دابین کراوە و ڕۆژانە لە ڕێگەی دەیان پاسەوە دەبرێنە بەغدا.

لە هەمان کاتدا چەند تیمێک بۆ هاوکاریکردنی زیارەتکاران راسپێردراون و پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکەن. بەشێک لە زیارەتکاران دێنە هەولێر و لە پێشانگای نێودەوڵەتی دەمێننەوە؛ سەنگەر مستەفا، لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ''ئەمساڵ ساڵی دووەمە کە زیارەتکاران لێرەوە سەردانی شارە پیرۆزەکانی عێراق دەکەن بۆ بەشداری لە چلەی ئیمام حوسێن و تا ئێستا زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس لە رێگەی دەروازەی سنووری حاجی ئومەرانەوە هاتوون.''

سەرنگەر مستەفا راشیگەیاند:'' هەموو ئامادەکارییەک کراوە و ئەو گرفتە بچوکانەی کە ساڵی رابردوو هەبوون ئەمساڵ هەوڵمانداوە لە ژێر رۆشنایی فەرمانی جەنابی سەرۆکوەزیران و ئەو لیژنە باڵایەی کە لەلایەن وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری هەولێرەوە پێکهێنراوە چارەسەریان بکەین.''

بەهۆی ئەو ئاسانکاریی و هاوکارییانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زیارەتکارانی دەکات، چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ ژمارەیان بگاتە زیاتر لە ١٠٠ هەزار و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیاتر ببێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری