Skip to the content

فەرمانگەى میدیا و زانیاری و وەزارەتی تەندروستی پلانی هاوبەش بۆ هۆشیاریی تەندروستیی هاووڵاتییان بەڕێوە دەبەن

ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی ئابی ٢٠٢٣، د.جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، سەردانی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد. ئامانجی سەردانەکە کارکردنی هاوبەش و پێکەوەیی بوو بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان لەسەر بنەمای خۆپارێزیی تەندروستی و دانانی پلانی میدیایی بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی وەزارەت؛ لەم ڕووەوە پێشنیاز کرا لیژنەیەکی هاوبەش بۆ ئەم ئامانجە پێک بهێنرێت.
لەو دیدارەدا باس لە پەرەپێدانی کاری هاوبەش لە بواری هۆشیاریی هاووڵاتییان بە تایبەت لە بەکارهێنانی دەرمان کرا، کە ئێستا زۆر باش ڕێک خراوەتەوە و هەموو هاووڵاتییەک دەتوانێت جۆر و نرخی دەرمانەکە بزانێت.
د.جوتیار عادل، ڕاپۆرتێکی تایبەت بە بۆچوونی هاووڵاتیانی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لەسەر کەرتی تەندروستیی گشتی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بە وەزیری تەندروستی کرد و ڕایگەیاند:"فەرمانگەی میدیا و زانیاری بۆ هاوکاریکردنی وەزارەتی تەندروستی لەپێناو هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان ئامادەیە و پێشنیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی لەو بارەیەوە کرد."
لە لایەن خۆیەوە د.سامان بەرزنجی، ڕایگەیاند، پێشکەشکردنی ئەو ڕاپۆرتەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری سوودبەخش دەبێت و کاری ڕژدی لەسەر دەکەن و بە پێی توانای وەزارەت و حکومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر داخوازیی هاووڵاتیانی تەواوی ناوچەکانی کوردستان دەکەن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری