Skip to the content

مانگی داهاتوو پرۆسەی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکانی هەولێر خێراتر دەکرێت

پرۆسەی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکانی هەولێر بۆ شەڵتەری سەگە بێلانەکان بەردەوامە و بە هۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، لە مانگی ئاب پرۆسەکە خاو بووەتەوە. ئەو سەگانەی دەبرێنە ئەو شەڵتەرە، خواردن و خواردنەوەیان بۆ دابین دەکرێت.
هێمن محەممەد، بەڕێوەبەری شەڵتەری سەگە بێلانەکانی هەولێر، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: ''تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ سەگی بێلانە لەو شەڵتەرە کۆ کراونەتەوە و زۆرینەیان هی گەڕەکەکانی دەوروبەری هەولێرن".
ماوەی مانگێکە پرۆسەی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان خاو بووەتەوە و بەڕێوەبەری شەڵتەرەکەش گوتی: ''لەبەر گەرما پرۆسەکە خاو بووەتەوە، چونکە ئەو سەگانەی کە دەهێنرێنە شەڵتەرەکان، نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت، ئەمەش پرۆسەیەکی هەستیارە و لەبەر تەندروستیی سەگەکان دەبێت کەشەکە لەبار بێت.''
هێمن محەممەد، گوتیشی: ''لە مانگی ئەیلوولەوە پرۆسەکە خێراتر دەکەین و لەمەودوا هەوڵ دەدەین سەگەکانی ناو هەولێر کۆ بکەینەوە.''
شەڵتەرەکە لەسەر ڕووبەری ٥٠ هەزار مەتر دووجا دروست کراوە و جێگەی کۆکردنەوەی ٥ هەزار سەگی تێدا دەبێتەوە، تێچووەکەشی زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن دینارە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری