پرۆژەى بەبازاڕکردنی گەنم لە سلێمانی ڕۆژانە هەزار تۆن ئارد بەرهەم دەهێنێت
پاڵپشتیکردنی جووتیاران و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان، کاری بەردەوامی کابینەی نۆیەمە و لەم پێناوەشدا چەندین سایلۆی لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە؛ پرۆژەی نیشتمانیی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە سلێمانی، یەكێكە لەو پرۆژانە و لە قۆناغی یەكەمیدا، دەتوانێت ٦٠ هەزار تۆن گەنم وەربگرێت و ڕۆژانە هەزار تۆن ئارد بەرهەم دەهێنێت.
زاهیر زانا، بەڕێوەبەری پرۆژەکە، لەوبارەوە بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی گوت: "پرۆژەی نیشتمانیی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە سلێمانی، لە ٣٠ کۆگا و پێنج کارگەی بەرهەمی خۆراکی پێک هاتووە؛ گوژمەی پرۆژەکە ١٢٨ ملیۆن دۆلارە و لە چەند قۆناغێک پێک دێت، توانای کۆگاکردنی ١٥٠ هەزار تۆن گەنمی هەیە، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە لە ١٢ کۆگا و کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئارد پێک دێت، لەم قۆناغەدا دەتوانێت ٦٠ هەزار تۆن گەنم وەربگرێت."
سایلۆكە لە ڕێكەوتی ١٣ـی ئابی ٢٠٢٣، دەستی بە وەرگرتنی بەرهەمی جووتیاران کردووە و ڕۆژانە سەروو ٤٠ بارهەڵگر گەنم لە جووتیاران وەر دەگرێت، کارگەکەش ڕۆژانە هەزار تۆن ئارد بەرهەم دەهێنێت؛ ئەمە جگە لەوەی کە پڕۆژەکە هەلی کاری بۆ سەدان دەستی کاری ناوخۆیی ڕەخساندووە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری