شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت و گاز کۆبوونەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، لە باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیران شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی باڵای وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین پێشهاتەکانی گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا سەبارەت بە یاسای بودجە و نەوت کرا، و تیشک خرایە سەر هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی بەرگری لە مافە دەستوریەکانی هەرێم بە ئاڕاستەی چارەسەری کێشەکان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا نیازی حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەری ریشەیی جەختی لێکرایەوەو ئاماژە بەوەدرا ئەوەی لەسەر حکومەتی هەرێم بووە ئەنجامیداوە تاکو گفتوگۆکان بگەنە ڕێکەوتن و چارەسەر ، و ئاماژە درا بە کۆبوونەوەی هاوبەشی حکومەتی هەرێم و شاندی باڵای وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، کە هەرێمی کوردستان ئەوەی پێویست بووە لە زانیاری و داتا و بەڵگەنامەکان خستویەتییە بەردەم وەزارەتی نەوتی عیراق.
پوختەی کۆنووسی کۆبونەوەی هاوبەشی هەردوولا کە تا ئێستا هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی دوا هەڵوێستی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵە سەبارەت بە پێشنیارەکانی هاتوو لە میانەی کۆبوونەوەکانی هەردوولا لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوودا لە هەولێر بیروڕایان لەبارەیەوە ئاڵوگۆرکران.
لە کۆبوونەوەکەدا خواستی هەرێم بۆ هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکان خرایەڕوو کە ئەم بابەتەش پێویستی بە دۆزینەوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی هەموو لایەکە سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت.
هەر لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا باس لەو ئالنگاریانە کرا کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوو هاتۆتە پێش کۆمپانیاکانی نەوت، کە بەهۆی بارودۆخی ئابووری بۆیان دروستبووە، بەسوپاسەوە تیشک خرایە سەر خۆڕاگری کۆمپانیاکان و لەبەرامبەر ئەو ئاستەنگانەی کە هەن ، و ئاماژەش بەوەدرا بە پێکەوەیی لەگەڵ حکومەتی هەرێم کارەکانیان سەرکەوتووتر دەبن، و بڕیار درا کە ئەم جۆرە کۆبوونەوە هاوبەشانە بەردەوام بن بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە پێناوی دەستپێکردنەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کە ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە بوژاندنەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق.