لە ساڵی ٢٠٢٣ زیاتر لە هەزار دۆسیەی گەندەڵی لێکۆڵینەوەیان لێ کراوە و ٢٣٠ دۆسیە ڕەوانەی دادگا کراون
دەستەی دەستپاكیی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەنێت "لە ساڵی ٢٠٢٣، هەزار و ١٠ دۆسیەی گەندەڵی لێکۆڵینەوەیان لێ کراوە و ٢٣٠ کەیس ڕەوانەی دادگا کراون؛ هاوكات پرۆسەی لێكۆڵینەوە لە بەشێكی كەیسەكاندا بەردەوامە."
د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێم، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "لە ساڵی ٢٠٢٣، هەزار و ١٠ دۆسیەی گەندەڵی لێکۆڵینەوەیان لێ کراوە و ٢٣٠ کەیس ڕەوانەی دادگا کراون، لە ماوەی پێنج ساڵیشدا، ٨٩٧ دۆسیەی گەندەڵی ڕەوانەی دادگا تایبەتەکان کراون."
سەرۆكی دەستە گوتیشی: "لە دوای دەرکردنی یاسای چاکسازی؛ ١٧٨ کەس بە تۆمەتی گەندەڵی سزا دراون كە هاووڵاتی تا پلەی وەزیری تێدا بووە. لە ساڵی 2019 -2023 پێشكەوتنێكی زۆر باش لە دژایەتیكردنی گەندەڵی لەلایەن دەستەی دەستپاكییەوە هەبووە؛ لەو ماوەیەدا چوار ڕاپۆرتی وردمان داوەتە لیژنەی باڵای چاكسازی و بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیانە بەردەوامە."
گوتیشی:"لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون پێویستییان بە هاوكاریی داواكاری گشتی و فەرمانگەی یاسایی و وەزارەتەكان هەبووە، بۆیە ئەو لایەنانەش كەموكورتییان نەنواندووە و بەدەم جێبەجێكردنی پرۆسەی دژایەتیكردنی گەندەڵییەوە هاتوون."
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە یەكەم بنەمای كارنامەی خۆیدا، ئاماژەی بە چاكسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، وەكوو یەكێك لە پرەنسیپەكانی حوكمڕانیی باش كردووە، بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵی بەردەوامی ڕیشەكێشكردنی گەندەڵی داوە و پرۆسەكەش بەردەوامە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری