لە كارگەی قارچك لە كەلار ساڵانە هەزار و 500 تۆن قارچك بەرهەم دەهێنرێت
لە شاری كەلاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، كارگەیەكی بەرهەمهێنانی قارچك، ساڵانە 1500 تۆن قارچك بەرهەم دەهێنێت، كە جگە لە ناردنی بۆ بازاڕە ناوخۆییەكان، هەناردەی ناوەڕاست و خوارووی عێراقی دەكات.
هێرش محەممەد، خاوەنی كارگەكەیە و بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند:"كارگەكەمان توانیویەتی بەرهەمی ناوخۆیی دابین بكات و لە سلێمانی و كەلار بەرهەمەكەی بڵاو بكاتەوە، هەروەها قارچ ڕەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەكەین. پلانیشمان هەیە ساڵی ئاییندە لە مانگی ئاداردا ئەم بەرهەمە ڕەوانەی وڵاتانی كەنداو بكەین."
كارگەكە هەلیكاری ڕاستەوخۆی بۆ 50 هاووڵاتی ڕەخساندووە، ناڕاستەوخۆش 150 هاووڵاتی لە چالاكییەكانی كارگەكە سوودمەندن.
كاڵێ شێركۆ، لاوێكی دەرچووی زانكۆیە و لەو كارگەیەدا كار دەكات، گوتی:"من وەكوو دەرچوویەكی زانكۆ، هەلیكارم لەم كارگەیەدا دەست كەوتووە، بەهیوام كارگەی زیاتری بەروبوومەكان بكرێنەوە، تاكوو گەنجانی وەكوو من هەلیكاریان بۆ بڕەخسێت."
بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی لە كابینەی نۆیەمدا گەشەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش بووەتە هۆی زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆیی و هەناردەكردنی بەشێكی زۆری ئەو بەرهەمانە بۆ دەرەوەی وڵات. پێشبینییش دەكرێت ساڵانی ئاییندە، ئاستی خۆبژێویی ناوخۆیی و هەناردەكاریی بەروبوومەكان زیاتر دەركەوێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری